ئایا هەڵوێستی حکومەتی فەرانسا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نزیکە بە هەڵوێستی ترامپ

Macron - Trump

فرامرز داور

فەرانسا نیگەرانیی دەربڕیوە سەبارەت بە دەستپێکردنی پیتاندنی ئۆرانیۆمی ٢٠%ی لەلایەن ئێرانەوە و وتوویەتی کە ئێران زۆری نەماوە دەستی بگاتە بۆمبی ئەتۆم.

“ژان لۆدریان”، وەزیری دەرەوەی فەرانسا وتوویەتی بەهۆی ئەو بایکۆتانەی لە سەردەمی ترامپدا خرایە سەر ئێران، ئێستاکە کەوتووینەتە دۆخێکی مەترسیدارترەوە لە جاران: “ترامپ دەیویست فشار بخاتە سەر ئێران و ڕێگری بکات لە دەست گەیشتنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە ئێران ئەوەندەی نەماوە دەستی بگاتە بۆمبی ئەتۆم.”

*** 

ئەو قسانەی لۆدریان دەکرێت وەک هاندەرێک ڕەچاودەکرێت بۆ دەوڵەتی “جۆ بایدێن”، سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر ڕێککەوتنە ناوەکییەکەی پێشوو لەگەڵ ئێران، بۆ ئەوەی چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوەکی بگەڕێتەوە سەر چالاکییەکانی ئێران.

کۆماری ئیسلامی ماوەیەکە پیتاندنی ئیۆرانیۆمی ٢٠%ی وەک هۆشدارییەک  بۆسەر دەوڵەتی بایدن دەستپێکردووە و هەڕەشەشی کردووە کە ئەگەر تا مانگێکی دیکە بایکۆتە ئابورییەکانی سەر ئێران لانەبرێت، لە پرۆتۆکۆلی ئادیشنالی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی دەچێتە دەرەوە.

بەپێی ئەو پرۆتۆکۆلە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی چاودێریی بنکە گومانلێکراوەکان یان چالاکییە نهێنییەکانی ئێران دەکات و لە ئێستادا تاکە گەرەنتییە بۆ ئەوەی ئێران دەستی نەگاتە بۆمبی ئەتۆمی. بەڵام ئەگەر لەو پرۆتۆکۆلە بچێتە دەرەوە ئەو چاودێرییە نامێنێت.

ئەوەی ئێستا ئێران وەک هەڕەشە ئەنجامی دەدات، بەپێی ڕێککەوتنە ئەتۆمییە پێشووەکەی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا، لە سێ ساڵی دیکەوە بەبێ هیچ سنوورێک دەتوانێت ئەنجامی بدات.

واتە ئەگەر ئەوەی ئێستا فەرانسا دەترسێنێت، کۆماری ئیسلامی سێ ساڵی دیکە بڕیارە بەپێی ڕێککەوتنیش ئەمانە دەتوانێت ئەنجام بدات. بۆیە دۆناڵد ترامپ کاتیبوونی ئەو سنوورانەی بە خراپترین ڕێککەوتنی مێژووی ئەمریکا دەزانی و پێی وابوو پێویستە ئەو ڕێککەوتنانە ببنە تاهەتایی و بەرنامەی موشەکی ئێرانیش سنوورداربکرێت.

کۆماری ئیسلامی دەیەوێت کە دەوڵەتی جۆ بایدن بایکۆتەکانی سەردەمی ترامپ هەڵبوەشێنێتەوە و بشگەڕێتەوە سەر ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی پێشوو، هەڕەشەشی کردووە کە ئەگەر ئەمریکا ئەوانە ئەنجام نەدات لە پرۆتۆکۆلی ئادیشنال دەچێتە دەرەوە، ئەوەش پێدەچێت کاردانەوەی قورسی نێودەوڵەتیی لێبکەوێتەوە.

هاوکات ئەگەر دەوڵەتی بایدن بایکۆتەکان لاببات لەسەر ئێران، ئەگەری هەیە کە بەرنامەی موشەکی کۆماری ئیسلامی واتە هێڵی سووری ئێران بخاتە سەر مێزی دانوستان. ئەوەش پشتگیریی تەواوی سێ وڵاتیی ئەوروپی لەگەڵدایە.

دۆخی داهاتوو هەڵپەسێردراوە، ئەوەش بە نزیکبوونەوە لەو کاتەی کۆماری ئیسلامی دیاریی کردووە ڕۆژ لەدووای ڕۆژ هەستیارتر دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *