بارودۆخی دڵتەزێنی پەراوێزنشینانی نایسەر لە سنە

هاوڕێ یوسفی
بەپێی ئەو ئامارانەی لە زنجیرەی ڕاپۆرتەکانی “دۆسییەی تایبەت بە لێکۆڵینەوەی دیاردەی پەراوێزنشینی لە پارێزگاکانی ئێران”دا بڵاو کراونەتەوە، لە سەتا ٥٠ی حەشیمەتی شاری سنە لە پراوێزنشینان پێکهاتووە و ئەم شارە به گەورەترین حەشیمەتی پەراوێزنشینی ئێران ناودێر کراوە.
لەناو ناوچە پەراوێزنشینەکانی سنەدا، ناوچەی “نایسەر”، بە ١٠٠ هەزار حەشیمەت و هەژاریی لە سەتا ٨٠ دانیشتوانەکەیەوە وەک گەورەترین ناوچەی دابڕاوی شاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەناوبانگە.
***
سەرچاوە خۆجێیەکانی نایسەر بە “ئێرانوایەر” دەڵێن زۆربەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە دوای تێپەڕینی پتر لە ٣٠ ساڵ بەسەر بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکانی بەرپرسانی پێوەندیدار، جگە لە نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییە خۆشگوزەرانییە شاری و دەوڵەتییەکانی وەک ئاو، کارەبا، گاز و ئاوەڕۆی شاری و خزمەتگوازیی تەندووستی و پزیشکی، لە بێدەنگی و کەمتەرخەمیی هێزە ئینتزامییەکانی سنە سەبارەت بە زیادبوونی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی زیان و لادانە کۆمەڵایەتییەکان، هاوکاری و دەستتێکەڵکردنی ژمارەکیان لەگەڵ فرۆشیارانی مادە سڕکەرەکان، مەشرووب و خواردنەوە کحوولییەکان، دز و قاچاخچییەکان و… لە نایسەر وەزاڵە هاتوون و تەنگیان پێهەڵچنراوە.
ناوچەی دابڕاوی شاریی نایسەر کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری سنە ناوەندی پارێزگای کوردستان هەڵکەوتووە، بە ڕووبەری ٣٠٣.٥ دۆنمەوە، لە سەرەتاکانی دەیەی ١٣٨٠ی هەتاوییەوە بۆتە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆڕسکی گوندەکان، ناوچەکانی دەوروبەر و هەروەها زیادەی حەشیمەتی شاری سنە.
نایسەر لە ڕووی حەشیمەتەوە لە شارەکانی کامیاران، بیجاڕ و دێولانی سەر بە پارێزگای کوردستان گەورەترە.
ئەم ناوچە پەراوێزنشینە تا پیش ئەوەی ببێتە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی کەمداهات و هەژار، دەوری ١٥ تا ٢٠ ماڵی تێدا دەژیان و سەرقاڵی کشتوکاڵ و باخداری بوون. بەڵام بە هۆی ڕێگریکردنی شارەوانیی سنە لە بیناکردنی خانوبەرەی نوێ لە دەوروبەر و هەڵکشانی سەرسووڕهێنەری کڕێ خانوو لەم شارەدا، زۆربەی هاوڵاتیانی سنە و ئاواییەکانی دەوروبەری ناچار بوون ڕووبکەنە کڕینی زەوییە هەرزانباییەکانی گوندی نایسەر تا بۆخۆیان و بنەماڵەکانیان بەبێ هەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکان، خانە و لانەیەک بدۆزنەوە.
یەکێک لە دانیشتوانی نایسەر کە دەرچووی کۆمەڵناسییە، دەربارەی پێکهاتەی حەشیمەت و زیادبوونی ڕادەی لادانە کۆمەڵایەتییەکان لە نایسەر بە “ئێرانوایەر”ی وت: “سەرباری خەڵکی ناوچەکە، بەشێک لە حەشیمەتی نایسەر خەڵکی ناوچەکە نین و زیاتر لە شارەکان و گوندەکانی ورمێ، کرماشان، ئیلام، لۆڕستان و تەنانەت خووزستان و ئەهوازەوە هاتوونەتە نایسەر و لە ئێستایشدا لەم ناوچەیەدا کار دەکەن و دەژین.”
ئەو دەڵێت: “بەشێکی بچووکی ئەم بنەماڵانە لە پاڵ ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە بە هۆی ئەو تاوانانەی کە زیاتر لە شار و گوندەکانی خۆیاندا کردوویانە، ڕایان کردووە و لە نایسەردا جێگیر بوون. بەڵام ئەمە هەموویان ناگڕیتەوە؛ چونکە زۆربەیان لەبەر هەژاری، بێکاری و هەبوونی سەرپەنایەک هاتوونەتە نایسەر و تەنانەت لە بەرقەرارکردنی ئەمنییەتیی کۆمەڵایەتیی نایسەریشدا دەوری بنەڕەتیان هەیە و پێوەندییەکی نزیک و گەرمیشیان لەگەڵ خەڵکدا هەیە.”
ئەم کۆمەڵناسە، زیادبوونی ڕێژەی زیان و لادانە کۆمەڵایەتییەکان لە نایسەر بە دەرەنجامی سێ هۆکاری سەرەکیی هەژاری، بێکاری و پەرەسەندنی ناڕێکی شاری لە ناوەندی پاریزگای کوردستان دەزانێت و پێیوایە بارودۆخی هەنووکەیی نایسەر سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠ ساڵ کەمتەرخەمی، بێبەشکاری و قبووڵنەکردنی وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر: “زۆرم نەوتووە ئەگەر بڵێم نایسەر گەورەترین وێنەی ناکارامەیی بەرپرسان و ئاستی زانیاریی زانستیی بەڕێوەبرایەتیی شارییە لە ئێراندا.”
ئەم سەرچاوە ئاگادارە، بە ئاماژەدان بە حەشیمەتی ١٠٠ هەزار کەسیی نایسەر، ڕیشەی زیادبوونی تاوانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی وەک دزی،، فرۆشتنی مادە سڕکەرەکان و مەشرووب و خواردنەوە کحوولییەکان، لەشفرۆشی و هتد نەک هەر بۆ هەژاری، بێکاری و نەبوونی بەڕێوابەراتیی درووستی شار ناگەڕێنێتەوە؛ بەڵکوو بڕوای وایە کە هێزە ئینتزامییەکانی سنەیش لە زیادکردن و بەرزبوونەوەی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان و نەبوونی ئەمنییەت لە نایسەردا دەوری بەرچاویان هەیە.
بە گوتەی ئەو، هێزە ئینتزامییەکانی پارێزگای کوردستان بۆ دابینکردنی ئەمنییەتیی کۆمەڵایەتیی نایسەر تەنیا کەڵانتەرییەکی تێدایە کە ٢٥ تا ٣٠ کەس تێیدا خزمەت دەکەن و زۆربەی فەرماندەکان و مەئموورەکانی ئەم کەڵانتەرییەیش دەستیان هەیە لە زیادکردن و زۆربوونی لادانە کۆمەڵایەتییەکان و بە شێوەیەکی کرداریش بەشێکن لە “هاوسەنگیی گەندەڵی” لە نایسەردا.
ئەو زیادی کرد: “یەکێک لە مەئموورەکانی کەڵانتەریی نایسەر بە پلەی سەروانییەوە، بە ڕۆژی ڕووناک و بەبێ هیچ ترسێک لە خەڵکەکە، مەشرووب و خواردنەوە کحوولییەکان دەفرۆشێت و ساقیی مادە سڕکەرەکانە. لە لایەکیترەوە، چونکە لە نایسەردا دیاردەی تووشبوون بە مادە سڕکەرەکان، فرۆشتنی مادەسڕکەرەکان و لەشفرۆشی زۆرە؛ بۆ نموونە کەسێکی بە ناوی […] کە دەستی سەرەکیی هەیە لە لەشفرۆشی و بڵاوکردنەوەی مادە سڕکەرەکان لە نایسەردا، لەگەڵ مەئموورەکان و فەرماندەکانی کەڵانتەریی نایسەردا پێوەندیی بەردەوام و نزیکی هەیە. ئەو و باقیی ئەندامانی بنەماڵەکەی بەبێ هیچ ترسێک مادە سڕکەرەکان دەفرۆشن و بۆ ئەو مشتەرییانەی شوێنیان نییە ئەم مادەی تێدا بکێشن شوێن دابین دەکات؛ تەنانەت بۆ دەسکەوتنی داهاتی زیاتر، چەند ماڵی لەشفرۆشی بەڕێوە دەبات.”
ئەم سەرچاوە سەبارەت بە کارکردی هێزە ئینتزامییەکان لە نایسەردا وتی: “نزیک دوو ساڵ لەوەبەر لەگەڵ یەکێک لە دراوسێکان بۆ شەونشینی چووینە ماڵی یەکێک لە هاوڕێکانمان. شەونشینییەکەمان دوو کاتژمێری نەخایاند. کاتێک گەڕاینەوە مۆتۆڕسیکلێتەکەیان لە حەسارەکە هێنابوە دەرەوە و دزیبوویان. مەئموورەکانی کەڵانتەریی نایسەر لە باتی بەدواداچوون و هەوڵ دان بۆ دەسگیرکردنی دزەکان زۆر بێشەرمانە پێیان وتبوو باشتر وایە بە نەبوونی مۆتۆڕسیکلێت عادەت بکات.”
یەکێکیتر لە هاوڵاتیانی نایسەری کە سەرقاڵی کڕین و فرۆشتنی ماڵ و مڵکە، دەربارەی ژێرخان، بیناکردن و میتراژی زۆربەی ماڵە نایاساییەکانی نایسەر بە “ئێرانوایەر”ی وت: “زۆرینەی خانووەکانی نایسەر میتراژەکەیان دەوری ٥٠ تا ٨٠ مەترە و بەبێ ڕەچاوکردنی ستاندارەکانی بیناکردنی خانووبەرە ساز کراون و زۆربەیشیان شناژی چیمەنتۆییان نییە.”
بە گوتەی ئەو، بیناکردنی نایاسایی ئەم خانوانە لە نایسەر لە حاڵێک دایە کە سەرباری تێپەڕبوونی پتر لە ٣٠ ساڵ گەشەکردنی “ناڕێک”ی ئەم ناوچەیە، تاکوو ئێستا نەبۆتە بەشێک لە بەرنامەی پەرەسەندنی شاریی سنە: “لە دوو ساڵی ڕابردوودا تەنانەت خەڵک بۆ دابینکردنی خانوبەرە و سەرپەنایەک ڕوویان کردۆتە بەرزاییەکان و کێوەکانی نایسەر و لەوێ خانوویان بینا کردووە. پێدەچێت ناوەندە دەوڵەتییەکان لە سنە چیتر توانای ئیدارەدان و کۆنتڕۆڵکردنی بیناکردنی خانوبەرە و توانای ڕێکخستنەوەی حەشیمەتی ڕوو لە گەشەی خەڵکی نایسەریان نییە.”
ئەو کە بۆخۆی یەکێکە لەوانەی کارەبا و ئاوی شاریی خانووەکەی لە نایسەر بە شێوەیەکی نایاسایی دابین کردووە، بە ئاماژەکردن بە هەژاریی پەڕگیر و بێکاریی زۆری هێزی کار لە نایسەر دەڵێت: “نایسەر بە حەشیمەتێکی ١٠٠ هەزار کەسییەوە تەنیا لە سەتا ١٠ی کارەبا، گاز و ئاو و ئاوەڕۆی شارییان هەیە لە حاڵێکدا باقیی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە خاوەنی خزمەتگوزاریی دەوڵەتی نین. هەر ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی ئەو هاوڵاتییانەی کە ئاو یان کارەبای شارییان نییە بە ڕاکێشانی کابلی نایاسایی لە هێڵی سەرەکیی کارەبا و لێدانی بۆریی نایاسایی لە هێلی سەرەکیی ئاوی شاری، بۆ نێو ماڵەکانیان کارەبا و ئاوی خواردنەوەکەیان ڕاکێشاوە.”
ئەو لە درێژەدا سەرباری “لەعنەت و نفرینکردن”ی بەرپرسانی پاریزگاکە، باس لە ڕێگرییەکانی شارەوانی، ئیدارەی کارەبا، ئاو و ئاوەڕۆ و گازیی شاریی سنە دەکات: “ناوەندە دەوڵەتییەکانی سنە وڵامی داواکارییەکانی خەڵکی نایسەر بۆ دابینکردنی ئاو و کارەبا نادەنەوە و خەڵکەکەیان وەزاڵە هێناوە. بۆ نموونە، براکەی خۆم پتر لە ١٥ ساڵ کارەبا، گاز و ئاوی شاریی نەبوو؛ بەڵام دوای بەدواداچوونێکی تاقەتپڕووکێن و ڕازیکردنی کۆمیسیۆنی مادە ١٠٠ی شارەوانی، بە دانی جەریمەیەکی قورس لە کۆتاییدا توانی ببێتە خاوەن ئیمتیازی کارەبا و ئاوی شاری.”
بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانی نایسەر، چونکە بێبەشکراون لە ئاوی شاری، بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لەسەر بانی خانووەکانیان تەنکەری ئاویان دابەستووە و لە ئافرۆشە گەڕۆکەکان تەنکەرێکی چوار هەزار لیتریی ئاوی خواردنەوە بە ٨٠ هەزار تەمەن دەکڕن.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەورەها دەربارەی خزمەتگوزاریی دەوڵەتی لەوانە قیرتاوکردنی ڕێگاوبانەکانی نایسەر وتی: “تەنیا شەقامی سەرەکیی نایسەر قیرتاو کراوە و باقیی شەقامەکان و کۆڵانەکانی قیرتاو نەکراون. بە هۆی پێکهاتەی تێکچنراو و بەکارهێنانی زۆرینەی زەوییەکان بۆ بیناکردنی خانوو، کۆڵانەکانی نایسەر ئەوەندە تەنگەلان و باریکن کە پڕایدیش ناتوانێت بەم کۆڵانانەدا بڕوات. لە لایەکیترەوە، کاتێکیش کە وەزی بارانبارین دەست پێدەکات، قوڕ و لیتەکە لە کۆڵان و ڕێگاکانی نایسەردا بە ڕادەیەکە هەندێکجار لە کاتی ڕۆیشتندا پێڵاو لە پێی ڕێبواران دادەکەنن.”
یەکێک لە کارمەندەکانی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ناوەندی پارێزگای کوردستان، بارودۆخی کەناڵەکانی ئاوەڕۆی نایسەری بە “کارەساتبار و ترسناک” وێنا کرد. ئەو دەڵێت: “جگە لە هەندێک گەڕەکی کۆن کە لە سەر ڕێگای سەرەکیی ناسەر بەرەو سنە هەڵکەوتوون، خاوەن ئاو و ئاوەڕۆی شارین؛ بەڵام زۆرینەی خانووەکانی نایسەر چونکە ئاوەڕۆی شارییان نییە، چا هەڵدەکەنن.”
ئەو هەر لەم بارەوە زیادی کرد: “چونکە لە نایسەردا ئامرازی خاڵی و بەتاڵکردنەوەی چای ئاوەڕۆ نییە، خەڵکەکە ناچارن چا پێشووەکە بە ئاهەک پڕ بکەنەوە و سەر لە نوێ و لە شوێنێکیتر چای ئاوەڕۆ هەڵبکەنن.”
ئەم کارمەندەی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی سنە پێیوایە کە بەردەوامبوونی هەڵکەندنی چا و پڕکردنەوەی ئاوەڕۆ لە درێژماوەدا جگە لەوەی هەڕەشەیە بۆسەر ئێکۆسیستمی ناوچەکە، بێگومان پیسبوون و ئالوودەبوونی سەرچاوە ئاوییەکان و سفرە ژێرزەمنییەکانیشی لێدەکەوێتەوە.
“ئێرانوایەر” لە درێژەی وتووێژەکانی خۆیدا لەگەڵ هاوڵاتیانی نایسەری، سەبارەت بە بارودۆخی تەندرووستی و دەرمانیی خەڵکی ئەم ناوچەیش بەدواداچوونی کردووە.
یەکێک لە کرێکارانی نانەوایی نایسەر جگە لە خواردنی “ئەسەف” بۆ دۆخی تەندرووستی و بێهداشتیی ئەم ناوچە پەراوێزنشینە بەم جۆرە باسی خزمەتگوزارییە پزیشکی و تەندرووستییەکان لە نایسەردا دەکات: “نایسەر خەستەخانەی نییە و تەنیا کلینێکی پزیشکی، دەرمانگایەکی ٢٤ کاتژمێری و دوو ناوەندی تەندرووستییەوە توانای خزمەتگوزارییان زۆر بەرتەسک و لاوازە. ئەم دوو ناوەندە تەندرووستییەیش تەنیا تایبەتن بە دەرمانکردنی منداڵان و بەساڵاچووان و تا نیوەڕۆیش کراوەن. توانا دەرمانی و پزیشکییەکانی ئەم دوو ناوەندە تەندرووستییە بە تەنیا پێشکەشکردنی چەن حەبی ئاسایی و گرتنی زەختی خوێنە. کلینیکە پزیشکییەکەیش زیاتر بۆ دەرمان و چارەسەرکردنی هەلامەت، پەتا و نەخۆشینە ئاساییەکانە. هەموو ئەم ناوەندە پزیشکی، دەرمانی و تەندرووستیانە لەسەر یەک ئامبۆڵانسێکیان نییە؛ بە جۆرێک کە ئەگەر کەسێک یان نەخۆشێک حاڵی تێکبچێت یان دەبێت پێوەندیی بە ١١٥ی سنەوە بگرێت و لەوێوە بگاتە نایسەر یان لەناو دەچێت.”
ئەو هەروەها بارودۆخی قوتابیان لە بوارەکانی پەروەردە و قوتابخانەکانی نایسەری بەم جۆرە بۆ “ئێرانوایەر” وێنا کرد: “نایسەر بەم حەشیمەتە ڕوو لە گەشەی خۆیەوە، تەنیا بۆ قوتابیانی سەرەتایی و مامناوەند قوتابخانەی هەیە. لەناو پۆلەکانی قوتابخانەیشدا بە هۆی زۆریی ژمارەی قوتابییەکانەوە بە جارێک ٣٥ تا ٤٠ قوتابی لە ناو پۆلەکاندا ئامادە دەبن.”
ئەم کرێکارەی نانەوایی سەرباری ئەوەی هیوایەکی ئەوتۆی بە چارەسەرکردنی بنەڕەتیی نایسەر لە لایەن بەرپرسانی پێوەندیدارەوە نییە، نواندنەوە و گێڕانەوەی ژیانی ترسناک و دڵتەزێنی خەڵکی نایسەر لە میدیاکانی دەرەوەی وڵات بە “کاریگەر” دەزانێت: “بارودۆخی ئابووری، دۆخی ژین و ژیانی زۆرینەی دانیشتوانی نایسەر دڵتەزێن و ڕاچڵەکێنەرە. خەڵکی نایسەر بێبەشکراو و فەرامۆش کراون؛ دەنگی خەڵکی ستەملێکراوی نایسەر بن.”