بونیادی بەرەکەت و بانگەشەی هەلی‌کار بۆ کۆڵبەران؛ کێ‌ وامەکان دەخوات؟

بونیادی بەرەکەت و کۆڵبەران

هاوڕێ یوسفی

ناوی “بونیادی بەرەکەت” لە چەند مانگی ڕابردوودا وەک بەرپرسی درووست‌کردنی ڤاکسینی ئێرانیی کۆرۆنا دەنگ‌دانەوەی زۆری هەبووە؛ بەڵام ئەم بونیادە ساڵی ١٣٨٦ و دوای فەرمانی “عەلی خامەنەیی” بە ستادی ئیجرایی فەرمانی ئێمام بە مەبەستی لادانی بێ‌بەش‌کاری لە ناوچە بێ‌بەش‌کراوەکان دەستی بەکار کرد.

مانگی ڕابردوو “ئەمیرحسێن مەدەنی”، بەڕێوەبەری بونیاد بەرەکەت لە پرێس کۆنفڕانسێک‌دا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو بونیادە لە ساڵی ١٣٩٧ تاکوو ئێستا لە درێژەی وەدی‌هێنانی ئامانجی لادانی بێ‌بەش‌کاری و تواناسازیی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ناوچە بێ‌بەش‌کراوەکان‌دا سێ هەزار و ٨١٤ بەرنامەی هەلی کاری بۆ کۆڵبەرانی پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا وەرێ‌خستووە کە دەرەنجامەکەی ڕەخساندنی هەلی کاری بچووک بووە بۆ ١١ هەزار و ٤٤٢ کۆڵبەر.

بۆ دەرخستنی ڕاستی و درووستیی ئەم بانگەشەیە پەیوەندیمان کردووە بە کۆڵبەرانی پارێزگا سنوورییەکان و خەڵکی لادێکانی ئەم ناوچانەوە و سەبارەت بە بانگەشەی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کۆڵبەران پرسیارمان لێ‌کردوون.

بونیادی بەرەکەت هاوشانی “بونیاد موستەزعەفان”، “بونیاد شەهید” و “بونیاد تەعاونی سپا”یە. ئەم ڕێکخراوە ئابوورییە دوای فەرمانی “ئایەتوڵا خامنەیی” بە ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمان بۆ لادان و سرێنەوەی بێ‌بەش‌کاری لە ناوچە بێ‌بەش‌کراوەکان لە سەرماوەزی ١٣٨٦دا دامەزرا و چالاکییەکانی دەست پێ‌کرد.

ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمامیش لە ساڵی ١٣٦٨ بە فەرمانی “ئایەتوڵا خومەینی” پێک‌هات و بەشی هەرە گەورەی کارەکەی دۆزینەوە و ناسینی مڵک‌وماڵی ئەندامانی سەر بە ڕژێمی شا و داگیرکردنیان بوو لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە.

بەڵام چالاکییەکانی بونیاد بەرەکەت لەدرێژەی ڕەخساندنی هەلی کار و سازدانی کاروپیشەی بچووک بۆ کۆڵبەران و دانیشتوانی ناوچە بێ‌بەش‌کراوەکانی سەرسنوور پارێزگاکانی کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا بە شیوەی کرداری لە ساڵی ١٣٩٧ دەستی پێ‌کردووە. ئەم بونیادە بە دەست‌نیشان‌کردنی ٤٨٢ گوندی ئەم سێ پارێزگایە، کە زۆرترین ڕێژەی کۆڵبەران دەگرێتەوە، بە پێناسەکردنی هەشت جۆر پیشە لەوانە “وڵاخ‌داری و مەڕوماڵاتی قورس و سووک”، “ڕاگرتن و بەرهەمهێنانی مێش‌هەنگوین”، “ڕاگرتن و بەرهەمهێنانی باڵندە”، “جل‌وبەرگ و پۆشاک”، “پیشەسازییە دەستییەکان”، “ڕاگرتن و بەرهەمهێنانی ماسی”، “خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکان” و “پیشەسازییە تەکنیکییەکان” لە ڕێگەی پێدانی وام/قەرزی بانکییەوە بۆ پڕۆژەکانی ڕەخستاندنی هەلی کار کە پێوەندییان بەو جۆرەی کارانەوە هەبێت کە باس کران، پشتیوانی دەکات.

سەرچاوەیەکی نزیک لە موختار [یان دێهیار]ی یەکێک لە گوندەکانی سەربە “سەوڵاوا”ی مەریوان، لە پێوەندی‌دا بە شێوازی کارکردنی بونیاد بەرەکەت بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کۆڵبەران لە ناوچە بێ‌بەش‌کراوەکانی کوردستان بە “ئێران‌وایەر”ی وت: “لە پڕۆژەکانی بونیاد بەرەکەت بۆ ڕەخساندنی هەلی کاردا، موختاری گوندەکان بازنەی سەرەکی و پردی پێوەندیی نێوان کۆڵبەران/لادێیەکان و بونیادی بەرەکەتن. موختارەکان بەپێی لیستی ئەو گوندانەی کە لە لایەن بونیاد بەرەکەتەوە دەاست‌نیشان کراون ناوی داخوازی‌کارانی گوندەکەی خۆیان تۆمار دەکەن و لیتسەکەی بۆ پێش‌کەش‌کردن ئایدیا و وەرگرتنی گەڵاڵەکانی ڕەخساندنی هەلی کار ڕادەستی دەفتەری بونیاد لە شارەکان‌دا دەکەن. بونیادیش بەپێی ئەهلییەتی داخوازی‌کارەکە و پەسەندکردنی گەڵاڵە داڕێژراوەکەی بۆ هەلی کار پاش ڕەزامەندیی کۆتایی چاودێران و موختاری گوندەکان وامەکان ڕادەستی داخوازی‌کارەکان دەکەن. ئەم وامانە بەپێی توانستی گەڵاڵە پێشنیارکراوەکان لە ٣٠ میلیۆن تمەنەوە دەست پێ‌دەکات تا ٥٠ میلیۆن تمەن و بەهرەی بانکییەکەیشی لە سەتا چوارە.”

بە گوتەی ئەم شارۆمەندە سەوڵاواییە بەشێکی بەرچاوی وامەکانی بونیاد بەرەکەت کۆڵبەران ناگرێتەوە؛ چونکە ئەهلییەتی زۆربەیان لە لایەن چاودێرانی بونیادەکەوە ڕەت دەکرێتەوە: “بەپێی پێوەرەکانی ئەهلیەت‌سەنجیی بونیادی بەرەکەت بۆ داخوازی‌کاران، هەبوونی ئەزموون، کارزانی، زەوی یاخود دووکان لەو گوندانەی دەسنیشان کراون، هەروەها جەواز و پەروانەی کەسب و بڕوانامەی فەنی‌حێرفەیی بۆ هەندێک لە پیشەکان پێویستن. هەر بەم بۆنەوە زۆرینەی داخوازی‌کارەکان لەبەر نەبوونی زانست و خوێندەواریی پێویست بۆ گەڵاڵەکردنی ئایدیای پیشەکەیان لە چوارچێوەی گەڵاڵەیەک‌دا، یان نەبوونی یەکێک لەو پێش‌مەرجانەی پێش‌تر باس‌کران، لە تاقی‌کردنەوەی ئەهلییەت‌سەنجی‌دا ڕەت دەکرێنەوە.”

یەکێکی‌تر لە شارۆمەندانی خەڵکی ئەم شارە، با ئاماژەدان بە پێویستیی هەبوونی گەڵاڵەی ئایدیای پیشەکە وەک دەرفەتێک بۆ وەرگرتنی وام بە “ئێران‌وایر”ی وت کە توانیویەتی بە هەمانگی‌کردن لەگەڵ موختارەکانی دوو گوند لە گوندەکانی سەوڵاوا و مەریوان بە ناوی شەش کەسەوە بۆ کڕینی مەڕوماڵات و چاندنی وێنجە بە جارێک شەش وامی ٤٠ میلیۆن تمەنی وەربگرێت: “بۆ نموونە، سێ میلیۆن تمەنم دایە موختار و لەسەر ڕەزامەندیی یەک لە دانیشتوانی گوندەکە، لە ڕێگەی گرێبەستێکی ساختەی بەکرێ‌گرتنی ٧ ساڵەی زەوییەکەوە بۆ کردنی وێنجە، دوان لە وامەکانم وەرگرت.”

ئەو هەروەها ئەوەیشی زیاد کرد: “زۆربەی ئەم وامانە بە هاودەستیی چاودێرەکان و موختاری گوندەکانی ناوچەکە دەکڕدرێن و بە بڕە پارەیەکی کەم خەڵکی گوندەکان ڕازەی دەکەن و بە ناوی ئەوانەوە وامەکان وەردەگرن و بەم جۆرە کڕین و فرۆشتنی وامەکان ئەنجام دەدرێت.”

هەڵبەت ئەو جەختی لەسەر ئەوەیش کردەوە کە کڕین و فرۆشتن و دەست‌تێکەڵ‌کردنی چاودێرەکانی بونیاد بەرەکەت و موختاری گوندەکان بۆ وەرگرتنی وامی زیاتر هەموو چاودێرەکان و موختارەکانی ناوچەکە ناگرێتەوە: “نامەوێت ئەم وێنەیە لە کٶلبەران/لادێییەکان، چاودێرەکان و موختارەکانی ناوچەکە بگشتێنم؛ بەڵام وەک شایەت‌حاڵێک، ئاگام لە کڕین و فرۆشتنی زۆرێک لەو وامانە هەیە لە لایەن چاودێرەکانی بونیاد و موختارەکانی گوندەکانەوە.”

“محەمەد” کە شارۆمەندێکی خەڵکی پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشانە، یەکێکە لەو کەسانەیە کە وەک خۆی دەڵێت “چەند‌وامی”یە. ئەو دەڵێت کە تاکوو ئێستا شەش وامی ڕەخساندنی هەلی کاری لە بونیاد بەرەکەت وەرگرتووە کە سیانیان هی کڕینی مەڕوماڵت بووە. بە گوتەی ئەم شارۆمەندە پاوەییە، کە هەر لەم شارەیش‌دا کار دەکات و دەژی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە خزمەکانی لە گونددا نەیان‌توانیوە ئایدیای ڕەخساندنی هەلی کار گەڵاڵە بکەن، لە باتی ئەوان وامەکانی وەرگرتووە؛ ئەو وامانەی کە بە ناوی ئەم کەسانەوە لە بونیادی بەرەکەت‌دا تۆمار کراون.

ئەو کە پێوەندیی خزمایەتیی لەگەڵ موختاری گوندەکەدا هەیە، بە ئاماژەدا بە شکستی بەرنامەی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کۆڵبەران بڕوای وایە کە زۆربەی گەڵاڵە پەسەندکراوەکان لە لایەن بونیاد بەرەکەتەوە بە هیچ شێوەیەک پیادە نەکران و تەنیا ناوی ئەوانەی وامیان وەرگرتووە و گەڵالەکانیان بەڕێوە نەبردووە تۆمار کراون: “زۆربەی گوندنشینانی پاوە، تەنانەت زیاتر لە جاران ڕوویان کردۆتە کۆڵبەری. هەرچەند بونیاد بەرەکەت بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەڵاڵەکردنی ئایدیاکانی ڕەخساندنی هەلی کار لە گوندەکان‌دا کارگەی ڕاهێنان دادەمەزرێنێت، بەڵام دوای نزیک دوو ساڵ هێشتا ئەو کارگەیە دانەنراوە و زۆرینەی بەرچاوی کۆڵبەرانی پاوە وامەکانی بونیاد بەرەکەتیان وەرنەگرتووە؛ چونکە توانای گەڵاڵەکردنی ئایدیای پیشەکەیان نەبووە.”

ئەو لە درێژەی وتووێژەکەدا بە ئاماژەدان بە کەسانێک کە چەندوامین، پێیوایە کە لە پاوەدا لانیکەم لە سەتا ٦٠ بۆ ٧٠ی ئەم وامانە خەڵکی‌تر لە باتی کۆڵبەران و گوندنشینان وەریان گرتووە: “زۆربەی ئەم کەسانەیش یان لە بوورس‌دا هەموو وامەکانیان بەربا داوە یان لە شارەکان‌دا پیشەکانی خۆیان پەرەداوە.”

“سەیدئەمیرحسێن مەدەنی”، بەڕێوەبەری بونیاد بەرەکەت لە ١٨ خاکەلێوەی ١٤٠٠دا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە لە پاڵ شارەکانی پارێزگاکانی کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوادا شارەکانی پاوە، جوانڕۆ، سەلاس‌باوەجانی و ڕوانسەری سەر بە پارێزگای کرماشان بەشێکن لە ناوچەی چالاکییەکانی بونیاد بەرەکەت؛ بەڵام بەدواداچوونەکانی “ئێران‌وایەر” و قسەی سەرچاوە خۆجێییەکان ناکۆکیی تەواویان هەیە لەگەڵ ئەم بانگەشەیەدا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە “شەهاب نادری”، نوێنەری شارەکانی سەلاس‌باوەجانی، پاوە و جوانڕۆ لە “مەجلیسی شوورای ئیسلامی” بە “ئێران‌وایەر”ی وت کە ژمارەیەک لە بازاڕییەکان و چالاکوانانی مەندەنیی ئەم شارە لە ناڕەزایەتی‌دا بە ڕەچاوکردن و بەشدارکردنی شارەکانی پاوە و جوانڕۆ لە وامەکانی بونیاد بەرەکەت و وەلانانی سەلاس‌باوەجانی لە لایەن ئەم ڕێکخراوە ئابوورییەوە، خوازیاری چالاکیی بونیاد بەرەکەتن لەم شارەدا.

ئەم سەرچاوەیە بە “ئێران‌وایەر”ی وت: “بەڕێز نادری لە وڵامی ناڕەزایەتییەکانی ئێمەدا پێی‌وتین کە بابەتی چالاکیی بونیاد بەرەکەت لە سەلاس‌باوەجانیی لەگەڵ بەرپرسانی پێوەندی‌دار باس کردووە و بڕیار وایە کە پاش دەسبەکاربوونی دەوڵەتی داهاتوو چالاکییەکانی دەست‌پێ‌بکات.”

“ڕەوف بانه”، خەڵکی شاری بانەی سەر بە پارێزگای کوردستان، کە چەند ساڵێکە لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی ئەم شارەدا کۆڵبەری دەکات و لەگەڵ زۆربەی کۆڵبەرانی ناوچەکەیش‌دا پێوەندی و دۆستایەتیی نزیکی هەیە؛ بە “ئێران‌وایەر”ی وت کە نە خۆی و نە هیچکام لە هاوڕێکانی ئاگایان لە پڕۆژە و وامەکانی بونیاد بەرەکەت نییە؛ تەنانەت ناوی ئەم بونیادە و پڕۆژەکانیشیان نەبیستووە.

لەناو ئەو هەشت کٶڵبەرەی کە خەڵکی گوندە سنوورییەکانی سەردەشت و پیران‌شاری سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوان، تەنیا گەنجێکی خەڵکی گوندی “بێژوێ”ی سەردەشت بونیاد بەرەکەت و پڕۆژەکانی دەناسی. ئەو بە “ئێران‌وایەر” دەڵێت: “چونکە باوکم پیر و پەکەوتەیە و خۆیشم بە هۆی گوشاری دارایی و هەژارییەوە دەستم لە خوێندن هەڵگرت و لە ئێستایش‌دا کۆڵبەری دەکەم؛ کاتێک هەواڵەکەم بیست سەردانی دەفتەرەکەیانم لە سەردەشت کرد و پرسیارم لێ‌کردن سەبارەت بە مەرجەکان و چۆنییەرتیی وەرگرتنی وامەکان. جگە لە ڕەوتی بیرۆکراتی قورسی ئیداری، بۆ نموونە پێشکەش‌کردنی گەڵای پیشەکە و پەسەندکردنی لە لایەن بونیادەوە، چونکە بۆ وەرگرتنی وامەکە زامنی کارمەند یا دوو بازاڕییان دەویست، لێی پاشگەز بوومەوە و چیتر بەدوای‌دا نەچووم.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *