بوومەلەرزەکەی کرماشان؛ بەرپرسان بەڵنیان‌دا، خەڵکەکە قەرزدار کران

بوومەلەرزەکەی کرماشان

هاوڕێ یوسفی

خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی شار و لادێکانی پارێزگای کرماشان باس لە گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی بانکەکانی ئەم پارێزگایە بۆ گێڕانەوەی خێرای وامی [قەرز] بیناکردنەوەی ماڵەکانیان دەکەن.

ئەوان دەڵێن کە بانکەکان لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان‌دا چەک و سەفتەی زامنەکانیان ساق دەکەنەوە، حیسابەکانی بانکیان دادەخەن و تەنانەت جەریمەی قورسیان دەکەن؛ ئەویش لە بارودۆخێک‌دا کە ئەم قەرزانە تاکوو ئێستا قیست‌بەندی نەکراون.

بەڵێنی دواخستن (امهال)ی قەرزەکانی بیناکردنەوە لە لایەن بەرپرسانی پارێزگای کرماشانەوە، ژیانی خەڵکی لێقەماوی ئەم پارێزگایەی شێواندووە و ڕووبەڕووی کردوونەتەوە لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی گەورەدا. زۆربەی ئەم لێقەوماوانە بە “ئێران‌وایەر” دەڵێن کە بوونەتە قوربانیی بەڵێنە درۆینەکانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە و چیتر بەرگەی گوشار و هەڕەشەی بانکەکان ناگرن: “جارێک بە بۆنەی بوومەلەرزەوە لێمان قەوما، جارێک بە دەست سێڵاوەوە و ئێستایش بە دەست بانکەکانەوە گیرمان خواردووە.”

***

پێدانی قەرزی بانکی [وام] بە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو بەپێی پەسەندکراوی مانگی گوڵانی ١٣٩٧ی هەیئەتی دەوڵەت، تا دوو ساڵ دوای بوومەرەزەکە، واتە لە ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ تا ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ “یاسای دواخستنی قەرزەکان”ی دەگرتەوە. ئەم پەسەندکراوە شارەکانی گیلان‌غەرب، قەسرشیرین، سەرپێڵ زەهاو، داڵاهوو، ئیسلامابادی غەرب، سەلاسی باوەجانی، جوانڕۆ، ڕوانسەر، پاوە و هەر دوو قەزای ماهی‌دەشت و کوزەران دەگرێتەوە.

بەڵام بوومەلەرزەلێدراوان بە هۆی بەڵێنی بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە لەسەر ئەوەی کە دووبارەکردنەوەی دواخستنی مۆڵەتی دانەوەی قەرزەکان بۆ بیناکردنەوەی خانووەکانیان بۆ ساڵێکی‌تر، وای کرد ئەو خەڵکە لێقەوماوە قەرزەکانیان نەدەنەوە. بەم پێیە، بانکەکانی پارێزگای کرماشان بێ‌باکانە حسابە بانکییەکانی خەڵکە لێقەوماوەکەی داخستووە، چەک و سەفتەی زامنەکانیان ساق دەکاتەوە و بە هۆی دواکەوتنی دانەوەی قەرزەکانیانەوە، بە بڕە پارەیەکی زۆر جەریمەی کردوون و هەڕەشەی دانەوە و گێڕانەوەی یەکجاریی قەرزاکانی لێ‌کردوون.

ئەم بەڵێنانە لە کاتێک‌دایە کە پێش‌تر “هووشەنگ بازوەند”، پارێگای کرماشان لە ١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٨، واتە چەند ڕۆژ پاش کۆتایی‌هاتنی مۆڵەتی دوو ساڵەی قەرزەکان، باسی لە ڕەزامەندیی سەرەتایی دووبارەکردنەەی مۆڵەتی یەک ساڵەی قەرزەکان کردبوو.

هەورەها لە ١١ی خەزەڵوەری ١٣٩٩دا بۆ جارێکی‌تر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە: “دواخستنی قەرزەکانی بوومەلەرزەلێدراوەکان دەخرێتە بواری جێبەجێ‌کردنەوە.”

یەکێک لە شارۆمەندانی سەرپێڵ زەهاوی کە ئەندامێکی بنەماڵەکەی لە بوومەلەرزەکەی خەزەڵوەری ١٣٩٦دا لە دەست داوە و قەرزەکانی بیناکردنەوەی خانووەکەیشی نەداوەتە، بەم جۆرە باس لە ئاستی گوشارەکانی بانکی میلیی ئەم شارە بۆ دانەوەی قەرزەکان بۆ ئێران‌وایەر دەکات: “بانکی میلی زۆر خەمساردانە و بێ‌باکانە لە پێوەندی‌دا بە بەڵێنی دووبارەکرنەوەی مۆڵەتی یەک ساڵەی قەرزەکان لە لایەن بەرپرسانەوە، حسابە بانکییەکەی منیان داخست و ڕێگەیان نەدا کە لانیکەم یارانە و قەرزە یەک میلیۆن تمەنییەکەی دەوڵەت، کە هەگبەی یارمەتیی دەڵەت بوو لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، وەربگرم.”

ئەو سەرباری ئاماژەکردن بە وەرگرتنی قەرزە ٦٠ میلیۆن تمەنییەکەی بیناکردنەوەی خانووبەرە لە ساڵی ١٣٩٧دا وتی: “دوو هێندەی ئەم بڕە پارەیەم بۆ بیناکردنەوەی خانووەکەمان خەرج کردووە کە بەسەر ئەوەیش‌دا هێشتا دوایی نەهاتووە و نیوەکارە ماوەتەوە.”

ئەم شارۆمەندە دەڵێت: “پاش بوومەلەرزەکە، زۆربەی شتوومەکەکانی ماڵەکەمان، هەر لە فەرش و تێلێڤیزیۆن و سەلاجەوە بگرە تا دەگاتە گەسکی کارەبایی، ماشینی جلشۆر و گازی چێشتلێنان و هتد لەناو چوو. تاکوو ئەم چرکە ساتەیش لە باری داراییەوە نەمتوانی کاشی‌کاریی ئاشپەزخانەکەم دەست پێ‌بکەم؛ ماڵێکی ساردوسڕ و وشک و برینمان هەیە کە نە فەرش و سەلاجەمان هەیە و نە تێلێڤیزیۆن و کەوانتەری ئاشپەزخانە. تەنانەت بۆ دابین‌کردنی بژێویی لانیکەمی ژیانیش تووشی کێشەی جیدی هاتووین. زۆربەی خەڵک جەگە لە قەرزی بانکەکان، بە بۆنەی بیناکردنەوەی خانوو و کڕینی شتومەکەکانی ناو ماڵەکانیانەوە قەرزادری فرۆشگاکانی شتومەکانی ناوماڵ و شتومەکانی بیناسازیشن.”

“جەواد” کە خاڵکی گیلان‌غەرب و کەمەندامە، زۆر لە ڕەفتاری هەرەشەئامێزی “بانکی ئەنسار” تووڕە و دڵ‌بریندارە. ئەو دەڵێت بانک بەبێ ئەوەی ئاگاداری بکەنەوە، هەڕەشەی ساق کردنەوەی چەکەکەیان لە زامنەکە کردووە و پێیان وتوە ئەگەر قەرزەکە نەگەڕێنەوە، قیستەکانی لە حیسابەکەی ئەو هەڵدەگرن و لێی کەم دەکەن: “کاتێک زامنەکەم پێوەندیی پێوە گرتم و کێشەکەی باس کرد، لە شەرمان هیچم پێ‌نەدەوترا و ئارەزووم کرد عەرز شەق بەرێ و قووتم بدات. دوای کۆتایی‌هاتنی جەنگ توانیم پارچەکان و تەرکشەکانی ناو جەستەم‌دا قبووڵ بکەم بەڵام هەرچی بیری لێ‌دەکەمەوە ئەو ڕەفتارەی بانک و بێ‌ڕێزییەکانیم پی‌قبووڵ ناکرێت. بانکەکان بوونەتە ویلایەتی خودموختار.”

بە گوتەی یەکێکی‌تر لە بوومەلەزەلێدراوان لە قەزای سەلاس باوەجانی، وامە ٦٠ میلیۆن تمەنییەکەی بیناکردنەوە لە ساڵی ١٣٩٧ و بە سێ جار بە خەڵکەکە درا و زۆربەی بانکەکانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانیش لەسەریان بوو ئەم قەرزانە بە سەرجەم لێقەومان بدەن. ئەم ٦٠ میلیۆنە بە ڕیز بریتین لە ٣٥ میلیۆن تمەن بۆ بیناکردنەوەی خانووەکان و ئەو ماڵانەی زیانیان بەرکەوتووە، ١٠ میلیۆن تمەن قەرزی بژێوی و ١٥ میلیۆن تمەنیش بەبێ گێڕانەوە. قەرزە ١٠ میلیۆن تمەنییەکە بەشێک نییە لە یاسای دواخستنەکە و قیست‌بەندیش کراوە.

جەواد لە درێژەدا جگە لە جەخت کردنەوە لەسەر لاوازی و دەسکورتیی خەڵکی لێقەوما بۆ دانەوەی قەرزە بچووکە ١٠ میلیۆن تمەنییەکە وتی: “ئەگەرچی قەرزە ٣٥ میلیۆن تمەنییەکە بەشێک بوو لە یاسای دواخستنی قەرزەکان، قیست‌بەندی نەکرا بەڵام بانکەکان بەپێچەوانەی مۆڵەتە دوو ساڵەکەی یاساکە، زۆربەی شارۆمەندە لێقەوماوەکان هەر لە پیوەندی‌دا بەم قەرزەوە بڕی سێ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن بە پاساوی هاتنی کاتی قیستەکان و نەدانەوەی قەرزی خزمەتگوزاری جەریمە کراون کە لە ڕاستی‌دا ئەمە ڕێک گوێنەدانە بە پەسەندکراوەکەی مانگی گوڵانی هەیئەتی دەوڵەت بۆ دواخستنی دوو ساڵەی قەرزەکانی بیناکردنەوە.”

یەکێکی‌تر لە شارۆمەندانی بەرکەوتەی بوومەلەرزە لە قەزای قەسرشیرینیش سەرباری بەڵێنی درۆینەی تازەکردنەوەی مۆڵەتی دواخستنی قەرزەکان، تەنانەت پێشێل‌کردنی یاسای دوو ساڵەی دواخستنی قەرزەکان لە لایەن بانکەکانەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕەزامەندیی ژێر بە ژێری دەوڵەت و سیستمی بانکیی وڵاتەکە.

بە گوتەی ئەم شارۆمەندە لێقەوماوە، “بانکی سادرات” پێوەندییان پێوە گرتووە و جگە لە جەریمەی لە سەدا شەشی قیستە دواکەوتووەکانی، داوایان لێ‌کردووە کە دەبێت سەرجەم قەرزەکە بە یەکجاری بداتەوە. لە حاڵێک‌دا ئەم قەرزانە بەشێک بووە لە یاسای دواخستی قەرزەکان.

ئەو دەڵێت: “ئێمە برینداری دەستی دەوڵەت و بەرپرسەکانین. ئەوان جگە لە بەڵێنی تازەکردنەوەی مۆڵەتی یەک ساڵەی قەرزی بیناکردنەوە، تەنانەت پەسەندکراوی دواخستی دوو سڵەی قەرزەکانی هەیئەتی دەوڵەتەکەی خۆشیان پێشێل کرد. ئەگەر یاسای دواخستنی دوو ساڵەی دانەوەی قەرزەکان ڕەچاو کراوە، ئەی بۆچی بانکەکان جگە لە جەریمەی لە سەدا شەش، بۆ دانەوەی کۆی قەرزەکانی بیناکردنەوەی خانووبەرە دەسبەکار بوون و چەکی زامنەکان ساق دەکەنەوە؟.”

یەکێک لە چالاکوانانی مەدەنیی قەزای قەسرشیرین کە یەکێکیشە لە لایەنگرانی “کەمپەینی نا بۆ دانەوەی قەرزەکان” سەبارەت بە دۆخی هەنووکەیی خەڵکی لێقەوماوی شار و لادێکانی پارێزگای کرماشانی بە “ئێران‌وایەری” وت کە بوومەلەرزەلێدراوانی ئەم ناوچەیە لە بارودۆخێکی “زۆر خراپ”دان.

ئەو بڕوای وایە کە زۆربەی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە سەرباری گوشارە ڕۆحی و دەروونییەکانی بوومەلەرزەی خەزەڵوەری ٩٦، بوومەلەرزەی ١٣٩٧ و لافاوی ١٣٩٨یشیان بەسەردا هات و بە دەست لێکەوتەکانییەوە دەناڵێنن و بەدواهاتە ئابوورییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەم ڕەوتە دواییەی بانکەکانیش بۆ ساق‌کردنەوە و وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان تەنگی بە خەڵکەکە هەڵچنیوە: “ئەگەری ئەوە هەیە لە چرکەساتێک‌دا خەڵکی ئەم ناوچەیە لە کاردانەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان‌دا بە ڕەفتار بێ‌پەروا و بێ‌باکانەکانی بانکەکان لە بێ‌دەنگیی ماناداری بەرپرسانی دەوڵەت‌دا بۆ خۆیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بێنە مەیدان و هەڵچوون و تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیی ڕوو بدات.”

وەرگیراو لە ماڵپەڕی ئێران وایەر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *