بێ‌ئاوی لە کرماشان؛ سەرچاوە ئاویەکانی ئەو پارێزگایە چیان بەسەر هاتووە؟

بێ ئاوی لە خوزستان

هاوڕێ یوسفی

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی خوزستان بە بێ‌ئاوی و سەرکوتی خوێناویی ناڕازییەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکانەوە لە دوو حەوتووی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە خەڵکی کرماشانیش ڕۆژی دووشەمەی ڕابردوو لەبەر بێ‌ئاوی و بێ‌کارەبایی ناڕەزایەتییان دەربڕی. بەڵام هێزە ئەمنییەتییەکان بە تووندی ڕووبەڕوویان بوونەوە و سەرچاوەکانی هەواڵ باس لە گیرانی لانیکەم ٢٠ کەس لە ناڕازییەکانی ئەو شارە دەکەن.

زۆربەی کانییەکان، ڕووبارەکان، چۆمەکان و سەرچاوەکانی ئاوی شار و گوندەکانی پارێزگای کرماشان وەک خۆووزستان وشک بوون یا بەرەو نەمان و مەرگ دەڕۆن.

ئەم بابەتە بۆتە هۆی نیگەرانیی بەشێکی زۆری شارۆمەندانی ئەم پارێزگایە. چی بەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگای کرماشان‌دا هاتووە؟

***

 

“تەسنیم‌نیووزی” سەر بە سپای پاسداران لە کۆتایی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٠دا هەواڵی وشک‌بوونی تەواوەتیی ڕووباری “ڕازاوەر”ی کرماشانی بڵاوکردەوە.

“ئیسنا”یش حەوتی گەلاوێژ لە زمانی “محەمەدحسێن فەلاحەتی”، سەرۆکی ژینگەی کرماشان نووسیویەتی که چۆمی “هەشیلان”ی ئەم پارێزگایە تا ٢٠ ڕۆژی‌تر بە یەکجاری وشک دەبێت.

لە لایەکی‌ترەوە، “عەلیڕەزا کاکەوەند”، بەرپرسی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای کرماشان لە ناوەڕاستەکانی مانگی ڕابردوودا بە ئاماژەدان بە وشەکەساڵی، کەم‌بوونی باران‌بارین لەم ساڵ‌دا و تووندبوونەوەی کەم‌ئاوی لە هەندێک لە گەڕەکەکانی شاری کرماشان‌دا وتی بە دەست‌نیشان‌کردنی یازدە چای ئاو، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دابین‌کردنی ئاوی خواردنەوە تاکوو ئێستا چوار چا بە شێوەیەکی خێرا خراوتەنە سەر هێڵی گەیاندنی ئاو و بڕیار وایە شەش چای‌تریش سەرەتای هەموو حەوتوویەک بخرێنەسەر هێلی گەیاندنەوە.

دوکتۆر “مەنسوور سۆهرابی”، توێژەری ئاگرۆئێکۆلۆژیای دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا جگە لە نەخۆشینی هەمیشەیی ناکارامەیی لە بواری ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو لە ئێران، هۆکارگەلێکی وەک پەرەسەندی ناڕێکی پیشەسازی-کشت‌وکاڵ، کەم‌بوونەوەی باران باراین، بەنداوسازیی لە ڕادەبەدەر لە پانتاکانی پەنگ‌خواردنەوەی ئاو و هەروەها ڕۆیشتنی لانیکەم لە سەتا ٤٥ سەرچاوە ڕووکەشییەکانی ئاوی پارێزگای کرماشان بۆ عێراق بە سەرەکی‌ترین توخمە کاریگەرەکان دەزانێت لە قەیرانی ئاو لەم پارێزگایەدا.

ئەم توێژەرەی بواری ئێکۆلۆژیا بە ئاماژەدان بە بڕیاری عەجوولانەی بەرپرسانی پارێزگاکە بۆ چارەسەرکردنی خێرای دابین‌کردنی ئاوی خواردنەوە لە ڕێگەی هەڵکەندنی چای ئاوی تازە دەڵێت لە ئێستادا کرماشان یەک میلیارد و ١٠٠ میلیۆن مەتری چوارگۆشەی ئاوی پەنگ‌خواردووی خەزێنەکانی ئاوخانی کەمە کە هۆکارەکەیشی بەکارهێنانی زیادەیە لە سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی: “پێ‌دەچێت ڕێگەچارەی هەڵکەندی چاوی ئاو لە پارێزگای کرماشان وەک پێشوو درێژەی هەبێت؛ ڕێگەچارەیەکی ترسناک کە دەشتە گرینگەکانی ڕوانسەر و حەسەناوای کردۆتە دەشتە یاساغ‌کراوە قەیراناوییەکانی ئەم پارێزگایە. واتای ڕاشکاوی ئەم بارودۆخە، بەکارنەهێنانی ئاوەکانی ئاوخان و هەروەها بەکارنەهێنانی ڕەهای زەوییەکان بۆ کشت‌وکاڵ بۆ ئەوەی لە پرۆسەی خۆبووژانەوەی‌دا، هاوسەنگیی سرووشتیی تایبەتی خۆی ڕێک‌بخاتەوە.”

“دەشتی یاساغ‌کراو” و “دەشتی یاساغ‌کراوی قەیراناوی” دوو زاراوەی تایبەتن لە باسی سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوینی‌دا. دەشتی یاساغ‌کراو بەو دەشتانە دەوترێت کە بەپێی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەمینی لەو شوێنانەدا، ڕێگە بە هەڵکەندنی چای تازە نادرێت و بەکارهێنانی ئاوەکەیشی دەبێت بەپێی یاسا دیاری‌کراوە پێشوەختەکان بێت.

لە دەشتە یاساغ‌کراوە قەیراناوییەکان‌دا، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە شێوەیەکی مەترسی‌دار دادەبەزێت و بەکارهێنانی ئاوی ئەم دەشتانە تەنانەت ئەو چای ئاوە ڕێگەپێدراوانەی لەم دەشەتانەدا هەڵکەوتوون، بەکارهێنانی ئاوەکەیان دەبێت بەپێی ڕێکەوتنی پێشوەخت و بە هەستیارییەوە بێت. کارناسان دەڵێن کە بارودۆخی ئەم دەشتانە چیتر ناگەڕێنەوە بۆ حاڵەتی سەرەتایی خۆیان و تەنیا دەکرێت بە هۆش‌پێوەبوون و پارێزگاری‌کردن  پێش بە خراپ‌تربوون دۆخەکەیان بگیردرێت.

سۆهرابی پێیوایە بەرپرسانی پارێزگاکە سەرباری زانینی دۆخی لەرزۆکی سەرچاوەکانی ئاوی کرماشان، خەریکن ئەم پارێزگایە بەرەو کارەساتی گۆڕانی ئیقلیمی دەبەن چونکە سەرباری هەبوونی ١١ دەشتی یاساغ‌کراو لەم پارێزگایەدا، کە ناوەندی پارێزگاکەیش دەگرێتەوە، هەڵکەندنی چا تەعبیرە لە ڕۆیشتن بەرەو کارەسات: “بە گوتەیەکی‌تر، بەردەوام‌بوونی ئەم شێوازە باڵادەستە لە ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو، واتە هەڵکەندنی چا، باقیی دەشەتە یاساغ‌کراوەکانی پارێزگاکە دەخاتە ڕیزی دەشتە یاساغ‌کراوە قەیراناوییەکانەوە؛ واتە دەشەتەکانی کەنگاوەر، سونقوڕ کولیایی، میان‌ڕاهان، سەحنە، کرماشان، ماهی‌دەشت، ئیسلاماباد، کەرەند، پولی‌زەهاو و ذهاو  تووشی هەمان چارەنووسی دەشتەکانی ڕوانسەر و حسێناوا دەبن کە لە ڕیزی دەشتە یاساغ‌کراوە قەیراناوییەکان‌دان.”

مەنسوور سۆهرابی لە درێژەی گفت‌وگۆکەدا، بە جەخت‌کردنەوە لەسەر شکستهێنانی پرۆژەکانی بەنداو لە ئێران‌ بۆ کۆنتڕۆڵ و ئاراستەکردنی ئاو، بڕوای وایە، شکستهێنانی پڕۆژەی بەنداوەکان وادەکات حەقاوی ناوچەکانی بەستێنی کۆبوونەوەی ئاوی پارێزگای کرماشان نەدرێت: “پێنەدانی حەقاوی ناوچەکانی بەستێنی کۆبوونەوەی ئاو جگە لە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر تۆڕەکان و ڕۆخانە ئاوییەکانی ژێرزەوی و شێواندنی سووڕی سرووشتیی سەرچاوەکانی ئاو، بچڕانی پێوەندیی ئۆرگانیکی نێوان سەرەوە و خوارەوەی بەستێنی کۆبوونەوەی ئاوی لێ‌دەکەوێتەوە.” بەستێنی کۆبوونەوەی ئاو بەو بەشانە لە وشکانی دەڵێن کە لێژاییەکەی بە شێوەیەکە کە ئاو لە بەرزاییەوە بەرەو نزمایی دەبات.

شارۆمەندێکی پاوەییش بە ئاماژەدان بە درووست‌کردنی بەنداوی “داریان” لەم شارەدا، بەدواهات و لێکەوتەکانی لەسەر خەڵک و کاریگەریییە تێکدەرانەکانی لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی ئەم ناوچەیە، لەوانە “پاوە”، “هەجیج” و هەروەها گوندەکانی هەورامان، بە تایبەت کەم‌بوونەوەی بەرچاوی “کانی بڵ”ی سەر بە پارێزگای کرماشان بەم جۆرە باس دەکات: “کاتێک کار لەسەر درووست‌کردنی بەنداوی داریان دەکرا، بۆخۆم شایەت بووم کە بە بیانووی لابردنی لەمپەرەکان، دەیان ناوچەیان کون کون کرد و هەندێک لە کێوەکانی ناوچەکەیشیان بە تەقینەوەی قورس و بەردەوام لەناو برد؛ بۆ نموونە، لێدانی توونێلی هیروێی پاوە بەرەو ناوچەی بەلەرزان، کە بۆ گواستنەوەی ئاو بۆ دەشتی زەهاو هەڵکەندرا، جگە لە سازکردنی گرفت بۆ سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەکە، ئاگرکەوتنەکان بە هۆی وشک‌بوونی جەنگەڵەکانی بەڕووی لێ‌کەوتەوە. ڕادەی ئاگرکەوتنەوەکانی جەنگەڵەکانی بەڕووی ئەم ناوچەیە دوای درووست‌کردنی بەنداوی داریان بەراورد ناکرێت لەگەڵ پێش درووست‌کردنی بەنداوەکە؛ ئەو جەنگەڵانەی کە هەر دار بەڕوویەکی بە درێژایی ساڵێک ٢٥٠ لیتر ئاو بەرەو بەستێنە ژێرزەوییەکانی ئاو بەڕێ دەکەن.”

وەرزێران و دانیشتوانی گوندی ناوچەکانی شاخەکان و کوێستانەکانی “داڵاهوو” تا دەشتەکانی زەها، “نواکێو”، “قەڵاشاین” و “دیرە”ی شارستانی سەرپێڵ‌زەهاو، کە بەشێک لە ناوچە پڕئاوەکانی پارێزگای کرماشان بوون، ئێستا لەگەڵ كێشەی ئاوی خواردنەوە و دابین‌کردنی ئاو بۆ ئاوداشتنی کشت‌وکاڵ و باخەکانیان‌ ڕووبەڕوون.

قەیرانی بێ‌ئاوی لە حاڵێک‌دا پەرەدەستێنێت کە سەرپێڵ‌زەهاو جگە لە ڕووباری بەناوبانگی “ئەڵوەن” کە لە ناوەڕاستی شارەکەوە تێ‌دەپەڕێت، خاوەن کۆمەڵێک ڕووباری وەک “دەڵەشێر” و “چەم سەیدسادق” و سەراوەکانی “قەرەبڵاغ”، “گەرم” و “دەشتی دیرە”یە کە زۆربەیان لە درێژەی خۆیان‌دا دوای ئەوەی دەڕژێنە کەناڵەکانی ئاو لە شاری قەسرشیرین، بەرەو شاری خانەقینی باشووری کوردستان دەڕۆن. “قەڵاوشاین” و “دەشتی دیرە”یش کە لە ئێستادا لانیکەم لە سەتا ٧٠ی ئاوەکەیان وشکی کردووە، ناتوانن ئاوی خواردنەوەی خەڵکی دەروپشتی خۆیان دابین بکەن چونکە هەر دوو ڕووباری ئەڵوەن و دەڵەشێر بە گوتەی سەرچاوە خۆجێیەکان، پتر لە سەتا ٩٠ وەشک بوون و بەرەو نەمان دەڕۆن.

شارۆمەندێکی سەرپێڵی کە ئەهلی ئەدەبیات و موسیقایە، بە حەسرەت و داخەوە دۆخی هەنووکەیی ڕووباری ئەڵوەنی بۆ “ئێران‌وایەر” باس کرد؛ ڕووبارێک کە وەک خۆی دەڵێت، کاتی خۆی خرۆش و عەزەمەتەکەی بۆ نووسەران و شاعیرانی ناوچەکە، هێمای ژیان و وێنەی ژیانەوە بوو: “بەڵام ئێستا بۆتە باریکەیەکی بۆگەن، سەرچاوەی نەخۆشیەکانی هەناسە و پێست و شوێنی زاوزێی هەموو جۆرەکانی حەشەرە و شوێنی کەڵەکەکردنی زبڵ.”

چالاکوانێکی ژینگەپارێزی ئەم شارە لە پێوەندی‌دا بە گرتنەبەری ڕێ‌وشوێنی پێش‌گیرانەی چالاکوانانی مەدەنیی سەرپێڵ‌زەهاو بە مەبەستی بەرگرتن لە بەردەوام‌بوونی ئەم دۆخەی ڕووباری ئەڵوەن بە “ئێران‌وایەر”ی وەت: “دەربارەی تێکچوون و پیس‌بوونی ڕووباری ئەڵوەن بەردەوام هۆشداریمان داوەتە بەرپرسانی پێوەندی‌دار بەڵام بە داخەوە گوێمان پێ‌نادەن.”

بە گوتەی ئەم شارۆمەندە سەرپێڵ‌زەهاوییە، وشک‌بوونی ڕووبارەکانی ئەم ناوچەیە جگە لە سووڕانەوەی دێوەزمەی مەرگ و وێرانی بەسەر ژیان و بژێویی خەڵکەوە، کەم‌بوونی سەرچاوەکانی ئاو و ململانێ لەسەر دابین‌کردنی ئاوی لەناو وەرزێران و باخدارەکانی لێ‌کەوتۆتەوە: “بۆ نموونە، ڕیشەی پێکدادانە خوێناوییەکانی ئەم دواییانەی نێوان عەشرەتەکانی جافایەتی و قەڵخانی لە ڕۆژاوای کرماشان، چۆنییەتیی دابەش‌کردنی ئاو بوو لە نێوان ئەم دوو عەشرەتەدا کە تاکوو ئێستایش هەر نەبڕاوەتەوە.”

تەسنیم‌نیووز لە ڕاپۆرتێک‌دا کە ٩ی پووشپەڕ سەبارەت بە بێ‌ئاوی لە کرماشان بڵاوی کردۆتەوە، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لانیکەم ١٣٠ گوند لە پارێزگای کرماشان بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت. بەڵام زۆربەی دانیشتوانی گوندەکانی سەرپێڵ‌زەهاو و “سەلاس‌باوەجانی” هەر لەم پارێزگایەدا وا ناڵێن.

کرێکارێکی سەرپێڵ‌زەهاوی کە لە یەکێک لە باخەکانی دەشتی زەهاودا کار دەکات، بە “ئێران‌وایەر” دەڵێت سەرباری ئەو زیانە گەورەی کە دەگەڕێتەوە بۆ دابین‌نەبوونی ئاوی پێویست بۆ ئاوداشتنی باخەکانی ناوچەی “پیران”، “بانەفڕە” و “بریمەوەن”، “زەلەڕەش” و هەروەها باخەکانی دەوروپشتی ڕووباری ئەڵوەن، ئافەتی تینوێتی داویەتی لە ژیانی خەڵکی گوندەکانی ناوچەی “ڕێژاو” و بان‌زەردە” و گوزەران و ژیانی لێ‌تاڵ کردوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *