بەڕێز بێت یادی میرزا عەلی نادری!

میرزا عەلی نادری

به داخ و کەسەرێکی زۆرەوه تێکۆشەر و خەباتکاری له مێژینه و خۆشەویست و یاوەری هەمیشەیی کۆمەڵه، میرزا عەلی نادری رۆژی هەینی رابوردوو له شاری ستۆکهۆلم له سوید بۆ هەمیشه چاوی لێک ناوه و بەجێی هێشتووین.

میرزا عەلی نادری لەدایکبووی ساڵی ١٣٠٢ی هەتاوی و تێکۆشەریکی ناسراو و خۆشەویستی شاری سەقز بوو. بە کار و زەحمەتی زۆر و به رووهینان له پیشەی جۆراوجۆر ژیانێکی سەربەرزانەی بۆ خۆی و بنەماڵەکەی دابین دەکرد. دڵ ئاوەلەیی، مێهرەبانی و دڵ گەورەیی، لەو تایبەتمەندیانه بوون که هەر له سەرەتای لاویەتییەوه میرزا عەله کردبووه خۆشەویست و جێگای رێز لای هاوڕێیان و کەس وکاری و لەلای خەڵکی شار.

به دەسپێکردنی هەستان و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران له دژی رژیمی پاشایەتی، میرزا عەلی لایەنی خەڵک و شۆڕشی هەڵبژارد و بوو به رواڵەتێکی دیاری بەرهەڵستکار له نێو کاسب و بازاریەکانی شاری سەقز و دەورێکی باشی گێڕا له بەرپەرچدانەوەی هەول و گێرەشێوێنی کۆنەپەرەستانی ناو بازاردا. میرزا عەلی نەک هەر خۆی بەڵکوو هاندەری منداڵەکانیشی بوو بۆ بەشداری له هەستان و شۆڕشەکەدا.

بەدوای رووخانی رژیمی پاشایەتی و هاتنه سەرکاری رژیمی ئیسلامی، میرزا عەلی به هەستێکی شۆڕشگێڕانەوه دیسان بەرەی ئازادیخوازی و سۆسیالیزمی هەڵبژارد و به توندی بەرانبەر به بەرەی کۆنەپەرەست و دواکەوتوویی که له دەور “مەکتەبی قورئان” له سەقز کۆببوونەوه راوەستا و وێڕای چەند کەسێکی دیکه له هاوتەمەنەکان و هەڤاڵانی خۆی وەک بەڕێزی گیان بەختکردوو “کاک حەسەنی خەیام”، هەوڵی کۆنەپەرەستانەی ئەو تاقمەیان بۆ پێکهێنانی دووبەرەکایەتی له ریزی خەڵک بەرانبەر به رژیمی نوێ، پووچەل کردەوه. لەم مەیدانەشدا میرزا عەلی نەک هەر کۆسپی بۆ منداڵەکانی ساز نەکرد، بەڵکوو هاندەریان بوو بۆ پەیوەس بوون به ریزی “کۆمەڵه”.

بەدوای گرتنەوەی شارەکان له لایەن کۆماری ئیسلامییەوه، میرزا عەلی و بنەماڵەکەشی له گەڵ پێشمەرگەکانی کۆمەڵه شاریان بەجێ هێشت و روویان له شاخ کرد. لەمە بەدوا قۆناغێکی تازه له ژیان و خەباتی میرزا عەلی دەسیپێکرد و هەتا کاتی گیان لەدەستدانیشی درێژەی هەبوو. دەوری میرزا عەلی و منداڵەکانی لەسەر یەکتر کارێکی وەهای کرد که حەوت منداڵی بوونه پێشمەرگەی کۆمەڵه. میرزا عەلی و بنەماڵەکەی ئەرک و زەحمەت و گوشارێکی زۆریان له پێناو شۆڕشدا کەوته سەر و لەو پێناوەشدا یەکێک له کوڕەکانی “حەسەن” له ریزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەدا گیانی بەختکرد.

دڵ‌گەورەیی و دڵ بەبەرگەبوونی میرزا عەلی وەها بوو که سەرباری ئەو کۆسته گەوره و سەرباری هەموو ئەو زەحمەت و مەینەتانەی وا تووشی ببوو، تا دوا ساتی ژیانیشی نەک لەوەی کردوویەتی پەشیمان نەبوو، بەڵکوو بەردوام شانازیشی پێوەدەکرد.

میرزا عەلی لەم ساڵانەی کۆتایی تەمەنیشیدا هەر خاوەنی ورەیەکی بەرز بوو و دڵ گەورەییەکەشی وەهابوو که تاقه بۆ یەکجاریش نەک گلەیی لەوەی بەسەریدا هاتبوو نەدەکرد، بەڵکوو رێزێکی تایبەتی بۆ شۆڕش و بۆ شۆڕشگێران که خۆشی هەر له ریزی ئەواندا بوو، دادەنا.

رۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٩ بەداخەوه میرزا عەلی پاش ماوەیەکی کورتی نەخۆشین له تەمەنی ٩٧ سالەییدا بۆ هەمیشه چاوی لێکنا و بە جێی هێشتین.

وێڕای رێز و ئیحترامی تایبەتیمان بۆ هەموو خەبات و تێکۆشانی میرزا عەلی نادری، خەم و پەژارەی قووڵی خۆمان بۆ لەدەسدانی دەردەبڕین و له هەموو بنەماڵه و کەس وکاری و له هەموو هاوڕێ و هەڤاڵانی، پڕ به دەڵ سەرەخۆشی دەکەین.

 

یادی خۆشەویستی بەرز و بەڕێز بێت!

 

رەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵه

٢١ی بەفرانباری ١٣٩٩

١١ی ژانویەی ٢٠٢١

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *