بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی منداڵ لە مەریوان

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٠، ژمارەیەک لە چالاکوانانی مەدەنی، ژینگەپارێز و بەرگریکارانی مافەکانی منداڵان لە پارکی “شانۆ”ی مەریوان سەر بە پارێزگای کوردستان بە بۆنەی “ڕۆژی جیهانیی منداڵ”ەوە لە ٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١دا کۆبوونەوەیەکیان وەڕێخست.
“ئەنجومەنی ژینگەپارێزی زاگرۆس” وەک یەکێک لە ڕێکخەرانی سەرەکیی ئەم ڕێوڕەسمە لە پاڵ ژمارەیەک بنەماڵەی خەڵکی مەریوان و منداڵەکانیان، لە ڕێگەی خوێندنەوەی ڕاگەیاندنێکەوە جگە لە جەخت کردنەوە لەسەر پاراستنی مافە چەسپاوە جیهانییەکانی منداڵان، خوازیاری نەمان و لابردنی نائەمنی، هەڵاواردن و بێبەشکاری بە دژی منداڵ بوون.
ئەم ئەنجومەنە لە درێژەی ڕاگەیاندنەکەی خۆیدا پیداگریی کرد لەسەر پاراستن و بەڕێوەبردنی کۆنڤانسیۆنە جیهانییەکانی مافەکانی منداڵان لە ئێران و هەروەها لەسێدارەدانی منداڵە تاوانکارەکان، هاوسەرگیری و کۆڵبەریکردنی منداڵانی لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژاوای ئێران مەحکووم کرد.