بەکارهێنانی چەکی جەنگی بۆ دەسگیرکردنی هاوڵاتیان کورد لە گوندەکانی کوردستان

دەسگیرکردنی هاوڵاتیان کورد

هاوڕێ یوسفی

بەپێی تازەترین ڕاپۆرتی ڕیکخراوی ماڤەکانی مرۆڤی “هەنگاو”، ڕۆژی پێنج‌شەمەی ڕابردوو ١٩ی خەزەڵوەر تا شەوی یەک‌شەمە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠، لانیکەم ٣٣ هاوڵاتی لە پارێزگای کوردستان بەبێ بڕیاری دادگا و ڕاگەیاندانی تۆمەتەکان، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسگیر کراون.

هێزە ئەمنییەتییەکانی پارێزگای کوردستان تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، ١٧ کەسیان لە گوندەکانی “کەوپێچ”، “نجنه” و “چۆمان” لە بانە، شەش کەس لە گوندی “نێ”ی مەریوان، پێنج کەس لە ئاواییەکانی “نی‌یر” و “تەنگیسەر”ی سنە و پێنج کەسی لە گوندەکانی “پیرەومەران” و “مەڵقەرەنی”ی سەقز دەسگیر کراون.

سەرچاوەکانی “ئێران‌وایەر” دەڵێن “سازمانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی” وەک دەزگایەک کە ئەم هاوڵاتییانەی دەسگیر کردووە، جگە لە لێدانیان لەبەرچاوی بنەماڵەکانیان‌دا، بۆ دەسگیرکردنیان چەک‌وچۆڵی جەنگی، لەوانە “کڵاشنیکۆف”، “تیربار” و “دۆشکا”یان پێبووە.

***

لە درێژەی دەسگیرکردنی هاوڵاتیانی کورد لە پارێزگای کوردستان‌دا، نیوەڕۆی ڕۆژی یەک‌شەمە ٢٣ی خەزڵوەری ١٤٠٠، “ئارام مورادیان، خەڵکی ئاوایی “تەنگی‌سەر”ی سنە دوای بانهێشت‌کردنی بۆ لقی دووهەمی “لێپێچینەوەی دادگای گشتی و شۆڕشی سنە”، دەسگیر کراوە.

ئارام مورادیان مانگی گوڵانی ئەم ساڵ لە لایەن ئیدراەی ئیتلاعاتی سنەوە دەسگیر کرا و دوای ١٣٠ ڕۆژ هێشتنەوەی گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنەدا، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی ئەم شار ئازاد کرابوو.

سەرلە بەیانیی ئەم ڕۆژەیش، “سیروان مینبەری”، “ئارش مینبەری”، “زانیار مینبەری” و “میلاد مینبەری” خەڵکی ئاوایی “نیەر”ی سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی پاریزگای کوردستانەوە دەسگیر کراون.

هاوڵاتییەکی خەڵکی ئاوایی نیەر لە وتووێژ لەگەڵ “ئێران‌وایەر”دا با ئاماژەکردن بە ڕەفتاری تووندئاژۆیانەی هێزە ئەمنییەتییەکان، دەربارەی چۆنییەتیی دەسگیرکردنی ئەم چوار کەسە وتی: “جگە لەو هێزەی کە لە نزیک ئاوایی نیەردا جێگیر کرابوون، دەوری ٤٠ تا ٥٠ کەس لە هێزە ئەمنییەتی و سەربازییەکان هێرشیان کردۆتەسەر ئەم ئاواییە بۆ ئەوەی ئەم چوار کەسە دەسگیر بکەن.”

ئەم سەرچاوە خۆجێییە زیادی کرد: “ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەتییەکان پێش دەسگیرکردنی ئەم چوار کەسە، ڕێگای هات‌وچووی ئاواییەکە و هەر دوو سەری کۆڵانەکانی نیەریان گرتووە و ئەوانی‌تریش بۆ دەسگیرکردنی ئەم چوار کەسە هاتبوونە نێو ئاواییەوە. تەنانەت هێزە ئەمنییەتییەکان لە مەودای نێوان نێوان نیەر تا ئاوایی میراو کە لە نزیک نیەردایە، بە چەک و کەرەستەی جەنگییەوە جێگیر کرابوون تاکوو هەم ڕێگەی هەڵاتنی ئەم چوار کەسە بگرن و هەم ئەگەر ڕایان کرد، ئامادەیی تەواویان هەبێت بۆ ئەوەی تەقەیان لێ‌بکەن.”

ئەو بە ئاماژەکردن بە ڕەفتاری هاوشێوەی هێزە ئەمنییەتی و سەربازییەکان لەگەڵ باقیی دەسگیرکراوەکانی ئاوایی نیەردا، دەربارەی شێوازی دەسگیرکردنی سەیوان مینبەری و میلاد مینبەری وتی: “هێزە ئەمنییەتییەکان بە دیواری ماڵەکەی سەیوان مینبەری‌دا هەڵگەڕاون و دوای لێدانێکی زۆر، دەسگیریان کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە. لە لایەکی‌ترەوە، هێزە ئەمنییەتییەکان سەرباری دەسبەسەرداگرتنی کۆمپیۆتەر، مۆبایل و کەل‌وپەلی شەخسیی میلاد مینبەری، لە بەرچاوی باوک و دایکە پەشۆکاوەکەی‌دا، بە تووندی لێیان داوە و جوێن قسەی ناشرینیان بە بنەماڵەکەی وتووە.”

میلاد مینبەری برای “شێرۆکۆ مینبەری”یە کە مانگی گوڵانی ئەم ساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سنەوە دەسگیر و دوای چوار مانگ و نیو هێشتنەوەی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کرا.

لە درێژەی دەسگیریی هاوڵاتیانی کورددا، سەرلەبەیانیی ٢٢ی خەزەڵوەریش شەش کەسی خەڵکی ئاوایی “نێ”ی مەریوان دەسگیر کراون.

ئەگەرچی هێزە ئەمنییەتییەکان لا کاتی دەسگیرکردنی هاوڵاتیانی نێ‌دا، باسیان لەو تۆمەتەی کە دراوەتە پاڵیان نەکردوو، بەڵام شایەتحاڵێکی خەڵکی نێ بە “ئێران‌وایەر”ی وت: “هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ ئیزن چونەتە نێوماڵی کەیوان مینوویی [یەکێک لەو دسگیرکراوەکانی نێ]، لەگەڵ بنەماڵەی کەیوان‌دا تێکهەڵچوون و بەشێویەکی زارەکی کەیوانیان بە هاوکاری لەگەڵ حیزبە دژبەرەکانی نیزام‌دا تۆمەتبار کردووە. دەگوترێت پێنج کەسی‌تریش لە نێ بە تۆمەتی هاوکاوکاری یان ئەندامەتی لە حیزبە دژبەرەکانی نیزام‌دا دەسگیر کراون.”

بە گوتەی ئەم سەرچاوە خۆجێییە، سەر لە بەیانیی ڕۆژی یەک‌شەمە ٢٢ خەزەڵوەر، دەوری ٥٠ تا ٦٠ کەس لە هێزە ئەمنییەتی و سەربازییەکان بە چەکی جەنگییەوە، لەوانە کۆڵت، کڵاشنیکۆف و تیربار هاتوونەتە ناو ئاوایی نێ‌وە و ژمارەیەکیشیان ڕێگای چوونە نێو ئاواییان گرتووە: “یەکەم کەس فەرید درەخشانیان دەسگیر کرد. کاتێک فەرید ئاگادار بوو کە هێزە ئەمنییەتییەکان دەرگای ماڵەکەیان گرتووە هەر باڵکۆنی ماڵەکەوە بە هێزە ئەمنییەتییەکانی وت مەیەنە ژوورە خۆم دێمە خوارەوە بەڵام هێزە ئەمنییەتییەکان بە عەلەمەکی لوولەی گازەکەدا هەڵگران و چوونە نێو ماڵی فەریدەوە. ئەوان دوای دەسگیرکردنی فەرید درەخشانی، بە بیانووی شاردنەوەی چەک، ماڵەکەیان پشکنی، بەڵام جگە لە تاپڕەکەی باوکی هیچیان نەدۆزییەوە. هێزە ئەمنییەتییەکان تاپڕەکەی باوکی فەرید درەخشانیان بردووە.”

ئەم سەرچاوە ڕەفتار و شێوازی دەسگیرکردنی هاوڵاتیانی لە لایەن هێزە ئەمنییتەییەکانی مەریوانەوە بە هاوشێوە زانی و باسی وردەکاریی دەسگیرکردنی کەیوان مینوویی، یەکێک لە دەسگیرکراوانی ئاوایی نێی کرد: “چوونکە دیواری ماڵەکەی کەیوان نزمە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە هاسانی چوونە نێو ماڵەکەیەوە بەڵام، بە هۆی ئامادەیی ناوەختی هێزە ئەمنییەتییەکان و شکاندنی شکۆی ژیانی شەسیی بنەماڵەی مینووییەوە، باوک و دایک و خوشکەکانی کەیوان بە تووندی بەرامبەر ڕەفتاری ناشیرینی هێزە ئەمنییتەییەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی. هێزە ئەمنییەتییەکانیش سەرباری لێدان لە کەیوان لە پێش چاوی بنەماڵەکەی‌دا، جوێن و قسەی ناشیریان به بنەرمالەی کەیوان داوە.”

شەپۆلی دەسگیرکردنی هاوڵاتیانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کوردستانەوە ئێوارەی پێنج‌شەمەی ڕابردوو ١٩ی خەزەڵوەر سەرەتا لە شاری بانە و هەر سێ گوندی کەوپێچ، نجنێ و چۆمانی سەر بە شاری بانە بە شێوەیەکی هاوکات و زەبردار دەستی پێ‌کرد.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی هەنگاو بڵاوی کردۆتەوە، ١٤ کەس لەو هاوڵاتییانەی کە لە بانە و گوندەکانی سەربەم شارە دەسگیر کراون، ئەندامی بنەماڵەی “پزشکی” و خەڵکی گوندی نجنێن.

بە گوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار لە بانە، ژمارەی ئەو هاوڵاتییە دەسگیراوانەی کە تاکوو ئێستا ناو و ناونیشان بڵاو کراوەتەوە بە گشتی ١٧ کەسە و پێ‌دەچێت لە ڕۆژانی داهاتوودا، شەپۆلی دەسگیرکردنی هاوڵاتیانی بانەیی درێژەی هەبێت.

سەرچاوەکانی “ئێران‌وایەر” ئاگاداری ئەو تۆمەتانەی کە هێزە ئەمنییەتییەکان خستوویانەتە پاڵ هاوڵاتیانی بانەیی، نین بەڵام بە ئاماژەدان دەسگیرکردنی پێشووتری هەندێک لەم هاوڵاتییانە لە لایەن هێزە ئەمنییتەییەکانی بانەوە لە سالانی ڕابردوودا، تۆمەتێ هاوکاری یان ئەندامەتی لە حیزبە دژبەرەکانی نیزام بە مومکین و ئەگەردار دەزانن: “بۆ نموونە، بەڕێزان مەناف پزیشکی، سەلاح پزشکی و ڕفێق پزشکی پێش‌تر لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی بانەوە بە تۆمەتی هاوکاری یان ئەندامەتی لە حیزبە دژبەرەکانی نیزام‌دا گیراون. پێ‌دەچێت هێزە ئەمنییەتییەکانی بانە تۆمەتی هاوشێوەیان دابێتە پاڵ هاوڵاتیانی خەڵکی بانە.”

سەرچاوەکانی “ئێران‌وایەر” شێوازی ڕەفتار و دەسگیرکردنی خەڵکی گوندی نجنێ بە دەستی هێزە ئەمنییەتی و سەربازییەکان بە “ترسناک”، “تۆقێنەر” و نموونەی “جەنگی چەکدارانە بە دژی دوژمن” پێناسە کرد.

ئەم هاوڵاتییەی خەڵکی نجنێ دەڵێت: “دەتگوت بۆ شەری جەبهەیی هاتوون. دەوری ٣٠٠ چەکدار بە ئامرازە جەنگییەکانی وەک کۆڵت، کڵاشنیکۆف، تیرباری بی‌کەی‌سی و دۆشکا، نجنێیان گەمارۆ دابوو و دوو پاسی گەورەیشیان بۆ گواستنەوەی دەسگیرکراوەکان لە سەرەتای ڕێگای گوندەکەدا ڕاگرتبوو.”

سەرچاوەیەکی‌ ئاگادری‌تر دەڵێت: “هێزە ئەمنییەتی و سەربازییەکان بەپێی لیستێک کە بە دەستییانەوە بوو، لە یەکەگەلی ١٠ تا ١٥ کەسی‌دا چوونە نێو ماڵی کەسەکانەوە و دوای دەسگیرکردنیان، جگە لە دەسبەسەرداگرتنی مۆبایل، کتێب و کەل‌وپەلی شەخسی تەنوور، کایەن و تەویلەکانی گوندەکەیان بە وردی پشکنیوە. هێزە ئەمنییەتییەکان تەنانەت لە ماڵی یەکێک لە دەسگیرکراوەکان‌دا دەستیان بەسەر دەبەیەک شەرابیش‌دا گرتووە.”

بە گوتەی سەرچاوەکانی “ئێران‌وایەر”، ئاڕایشی سەربازیی هێزە ئەمنییەتییەکان و تووندبوونی ڕەفتارییان لەگەڵ خەڵکەکە هەر سەرەتای هاتنیان بۆ نێو گوندی نجنێ ئەوەندە تووندئاژۆ و ترسناک بووە کە ژمارەیەک لە خەڵکی گوندەکە بۆ پاراستنی گیانیان هەڵاتوون و لەم سەرمای زستانەدا، پەنایان بردۆتە بەر شاخەکانی دەوروبەری نجنێ و تاکوو ئێستایش چارەنووسی هەندێک لەم هاوڵاتیانە نادیارە.”

یەکێک لە سەرچاوە خۆجێییەکان کە پێوەندیی خزمەیەتیی هەیە لەگەڵ بنەماڵەی پزشکی‌دا، جگە لە دەربڕینی خەفەتباری و ئەسەفی خۆی بۆ دۆخی ژاناویی بنەماڵەی پزیشکی لە ئێستادا، بە “ئێران‌وایەر” دەڵێت: “شێوازی ڕەفتاری تووند و تۆقێنەری هێزە ئەمنییەتی و سەربازییەکانی بانە لە کاتی دەسگیرکردنی ١٤ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی پزشکی لە نەجنێ بە ڕادەیەک بوو کە هەمان شەو عەبدوڵا پزیشکی، گەورەی بنەماڵەی پزشکی بە هۆی گوشاری عەسەبی و بینینی دیمەنی دەسگیرکردنی بێ‌بەزییانەی منداڵەکان و ئەندامانی بنەماڵەکەی دیقی کرد و گیانی لە دەست‌دا. تەرمی بەڕێز پزیشکی هەینیی ڕابردوو و لە دۆخێکی ئەمنییەتیی تووندتۆڵ‌دا لە قەبرستانی نجێ لە حالێک‌دا ئەسپەردە کرا کە زۆربەی ئازیزەکانی دەسگیر کرابوون.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *