توێژینەوە تازەکان و دەرەنجامەکانیان؛ ڕیشەی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٩٦ چی بوون؟

تۆژینەوە

بهنام قلی پور

وەرزنامەی “توێژینەوەی کۆمەڵایەتی” لە نوێ‌ترین ژمارەکەی‌دا، توێژینەوەیەکی تێروتەسەلی دەربارەی ڕیشەکانی ناڕەزایەتیی خەڵک لە بەفرانباری ١٣٩٦دا بڵاو کردۆتەوە. دەرەنجامی بۆچوونی ٢٥٠ کارناس دەری‌دەخەن کە هۆکارگەلێکی وەک “گەندەڵیی ئابووری”، “هەڵاواردن” و “نایەکسانیی کۆمەڵایەتی” کە بوونە هۆی نادادپەروەریی دادوەری، هەژاری و بی‌بەش‌کردنی زۆرینەی خەڵکی ئێران، دەوری بنەڕەتییان هەبووە لە شکڵ‌گرتنی ناڕەزایەتییەکانی ئەو ساڵەدا. 

ئەم توێژینەوە هەروەها پەرژاوەتەسەر دەوری کۆمەڵێک فاکتەری وەک “بێ‌بەشکاریی ڕێژەیی” لەوانە ڕادەی بەرزی بێ‌کاری، گەندەڵیی ئابووریی بەرپرسانی دەوڵەتی و ڕووبەڕوونەبوونەوەی پێوست لەگەڵ گەندەڵکارانی ئابووری. 

*** 

ڕەفتارە جەمعییەکان لە کۆمەڵگادا دەتوانن لە چوارچێوەی کۆمەڵێک نائارامیی وەک شۆڕش، پێکدادان و ناڕەزایەتییە سیاسی و مەدەنییەکان‌دا خۆیان دەربخەن. حەوتی بەفرانباری ١٣٩٦، یەکێکە لە گرینگ‌ترین ڕۆژەکان لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا کە ڕەفتارێکی کۆمەڵایەتیی ناڕازییانە لە شاری مەشهەد سەری‌هەڵدا و بە خێرایی و لە ماوەی چەند ڕۆژدا دەیان شاری‌تری ئێرانی گرتەوە.

بنەڕەتی ئەم ناڕەزایەتییە، سەرەڕای هەموو جۆرە شیکاری و شرۆڤەکردنی سیاسی و ئەمنییەتی، ناڕەزایەتی بوو بە گرانییە سەرسووڕهێنەرەکان کە تەنگی بە خەڵک هەڵچنیبوو و لێی وەزاڵە هاتبوون.

کرماشان، هەمەدان، ئیسفەهان، ئەهواز، قوم، ساری، زاهیدان، قەزوین، لوڕستان، قوچان و ساوە لە شارانە بوون کە بەفرانباری ١٣٩٦ تێیان‌دا دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک بەرز بووەوە و هەڵبەت لە لایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، هەر هەموویان سەرکوت کران.

ئەم ڕەفتارنە تا ڕادەیە کۆمەڵێک ناڕەزایەتیی ڕێبەرایەتیی‌نەکراوی جەماوەری بە گرانی بوون کە پاناییەکەی وردە وردە بەرین بووەوە و بنەڕەتی سیستمی کۆماری ئیسلامیی کردە ئامانج؛ لووتکەی ئەم ناڕەزایەتییانە، خەزەڵوەری ١٣٩٨ بوو.

ناڕازییەکانی هەر دوو ساڵەکە، پتر سەر بە توێژی کەم‌دەست و هەژاری کۆمەڵگای ئێران بوون کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە “موستەزعەف” ناودێری دەکردن و پتر لە ٤٠ ساڵە ئەوانە بە پشتیوان و پاڵپشتی خۆیان دەناسێنن. بەڵام بەرفرانباری ١٣٩٦ و خەزەڵوەری ١٣٩٨ ئەم بڵقە تەقی و دەری‌خست کە ئەم چینە کانگای زۆرترین ئاستی ناڕەزایەتییەکانە بەرامبەر بە شێوازی کارکردنی سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ڕاپۆرتە فەرمی و نافەرمییەکان دەڵێن ناڕازییانی مانگی بەفرانبار ١٣٩٦ و خەزەڵوەری ١٣٩٨ پتر سەر بە توێژی هەژاری کۆمەڵگا و ئەو توێژانە بوون کە هەستیان دەکرد لە لایەن بەرپرسانی گەندەڵ و ناکارامەی کۆماری ئیسلامییەوە نادیدە دەگیرێن.

شێوازی ناڕەزایەتیی تێکدەرانە و دروشمە ڕادەیکاڵەکانیشیان دەلالەت بوو لە هەبوونی ڕقێک کە دەرەنجامی کەڵەکەبوونی هەستی بچووک‌کردنەوە، هەڵاواردن و جیاوازیی چینایەتییە.

وەرزنامەی توێژینەوەی کۆمەڵایەتی لە نوێ‌ترین ژمارەکەی‌دا، توێژینەوەیەکی تێروتەسەلی لە ژێر ناوی “بێ‌بەشکاریی ڕێژەیی و تواناسازی بۆ قەیرانی کۆمەڵایەتی” بڵاو کردۆتەوە و نیشانی داوە ڕیشەکانی ناڕەزایتەییەکەی بەفرانباری ١٣٩٦ دەگەڕێتەوە بۆ کوێ.

لەم توێژینەوەدا، ٢٥٠ کەسی شارەزای زانستی و مامۆستای زانکۆ بەشدارییان کردووە کە بەرەنجامی بۆچوونەکانیان دەری‌دەخات گەندەڵیی ئابووری، هەڵاواردن و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی کە بۆتە هۆی نادادپەروەریی دادوەری، هەژاری و بێ‌بەشکاریی زۆرینەی خەڵکی ئێران، دەوری بنەرەتییان هەبووە لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٩٦دا.

ئەم توێژینەوە پەرژاوەتەسەر دەوری کۆمەڵێک فاکتەری وەک “بێ‌بەشکاریی ڕێژەیی” لەوانە ڕادەی بەرزی بێ‌کاری، گەندەڵیی ئابووریی بەرپرسانی دەوڵەتی و ڕووبەڕوونەبوونەوەی پێوست لەگەڵ گەندەڵکارانی ئابووری بۆ سەرهەڵدانی ئەم ناڕەزایەتییانە.

نوخبە بەشدارەکان لەم توێژینەوەدا، باسی “گەندەڵیی ئابووری”یان وەک گرینگ‌ترین هۆکاری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران‌دا کردووە. خشتەکەی خوارەوە پشکی هەر یەکە لە فاکتەرەکانی بێ‌بەشکاریی ڕێژەیی لە سەرهەڵدانی ئەم ناڕەزایەتییانە دیاری و دەستنیشان کردووە:

بێ‌بەشکاریی و هەژاری لە پاڵ نایەکسانیی کۆمەڵایەتیی کە زادەی نادادپەروەریی دادوەری، هەژاری و بێ‌بەشکاریی زۆرینەی خەڵکی ئێرانە، بە فاکتەرە گرینگەکانی شکڵ‌گرتنی ناڕەزایەتییەکان دانراون.

 لە کۆمەڵگایەک‌دا کە گەندەڵیی ئابووری بەردەوام تەشەنە دەستێنێت، بێ‌گومان نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دادوەری و سیاسیش ڕوودەدات، بێ‌کاری و بێ‌بەشکاری پەرەدەستێنێت، بێ‌متمانەیی بە سیستم لە ڕێگەی بەرین‌بوونەوەی گەندەڵی، نادادپەروەری و بەڵێنە پڕوپووچەکانی بەرپرسانیش زیاد دەکەن کە یەکێک لە دەرەنجامەکانی، کرداری ناڕەزایەتیی جەمعیی  بوو لە سەر شەقامەکانی ئێران.

خەڵک بە گشتی و ناڕازییانی سەرشەقام بە تایبەتی لە ئێران‌دا لەو باوەڕەدان کە گەندەڵی تان‌وپۆی بونیادەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی گرتۆتەوە و هەر ئەمەیش بۆتە یەکێک لە گرینگ‌ترین هۆکارەکانی ناکارامەیی وەها سیستمێک.

لە ڕوانگەی خەڵکەوە، تەنانەت بەشێک لە خەڵک و ناوەندە درێژکراوەکانی سیستمەکەیش نەماوە بە گەندەڵی ئالوودە نەبووبێت و ئەم وێنایەی کە گەندەڵی هەموو کەرتەکانی گرتۆتەوە، لە ناو خەڵک‌دا بە زۆری بەدی دەکرێت. سەرباری ئەمە، دەسڕانەگەیشتنی خەڵک بە خزمەتگوازرییە بانکییەکان، هەستی ناڕەزایەتیی لەناویان‌دا زۆر تووند کردۆتەوە؛ بە تایبەت ئەوەی کە بەشێکی بەرچاوەی دۆسییەکانی گەندەڵیی ئابووری کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هاتنە ئاراوە، پێوەندییان بە گەندڵیی بانکییەوە هەبووە و هەر ئەمەیش بۆتە هۆی شکڵ‌گرتنی ئەم بڕوا گشتییە کە خزمەتگوزارییە بانکییەکان بە ژمارەی درشت و قەبەوە دراونەتە دۆستان، خزمان و دەسەڵاتداران و خەڵکەکە بە گشتی، نەیانتوانیوە قەرزی بانکی تەنانەت بە ڕێژەیەکی کەمیش لە بانکەکان وەربگرن.

بەم پێیە، خەڵک لە لایەکەوە خۆیان بە بێ‌بەش دەزانن لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان و لە لایەکی‌تریشەوە، چاویان لێیە ژمارەیەک کەس چیان پێ‌خۆش بێت دەیکەن. لە دەرەنجام‌دا، هەستی ناڕەزایەتی و هەڵاواردنێکی زۆر گەورە لەناویان‌دا شکڵی گرتووە.

لەم توێژینەوەدا هەروەها ئاماژە کراوە بە فاکتەری “بێ‌متمانەیی بە سیستم” وەک یەکێک لە فاکتەرەکانی شکڵ‌گرتنی ناڕەزایەتییەکان کە ئەمە وەک خۆی، واتە ئاماژەدان بە فاکتەری بێ‌متمانەیی خەڵک بە سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەناو توێژینەوەکان‌دا تاکوو ئێستا نموونەی نەبووە.

“ئیستبدادی ئایینی” یەکێکی‌ترە لە فاکتەرەکانی بەرباسی ئەم توێژینەوەیە کە وەک یەکێکی‌تر لە فاکتەرەکانی شکڵ‌گرتنی بێ‌بەشکاریی ڕێژەیی لەناو خەڵکی ئێران‌دا ئامادەیە.

پشک و قورسایی ئەم دوو فاکتەرە بێ‌گومان زیاترن لە دەرەنجامە فەرمییەکانی ئەم توێژینەوە بەڵام پێ‌دەچێت بەربەستەکان و تێبینییە سیاسییە باڵادەستەکان، ڕێگر بن لە دیاری‌کردنی ڕادەی ڕاستەقینەی قورسایەکانیان لەم توێژینەوە و باقیی توێژینەوەکان‌دا وەک فاکتەرە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە ئێران‌دا.

وەرزنامەی “زانستی سەربازی”ی پۆلیسی پارێزگای سمنانیش لە تازەترین ژمارەی‌دا توێژینەوەیەکی دەربارەی ڕیشەکانی شکڵ‌گرتنی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ بڵاو کردۆتەوە و ڕیشەکانی ئەم ناڕەزایەتییانەی لە گۆشەنیگایەکی‌ترەوە خستۆتە بەرباسەوە.

ئەم توێژینەوە بۆ یەکەم‌جار پانایی ئەم ناڕەزایەتییانەی دیاری کردووە و نووسیویەتی لەناو دەیان شاری ئێران‌دا بۆ بۆنەی گران‌کردنی نرخی بێنزینەوە نائارامی و ناڕەزایەتی سەریهەڵداوە.

پۆلیس وەک باقیی برپرسانی کۆماری ئیسلامی، لەم توێژینەوەدا هەوڵی داوە ڕەوتە “هەڵگەڕاوەکان” و “دوژمنانی دەرەکی” بکاتە بەرپرس و هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە ئێران‌دا.

ساڵی ١٣٩٨یش وەرزنامەی “زانستی سەربازی”ی پۆلیسی پارێزگای لوڕستان توێژینەوەیەکی سەبارەت بە ڕیشەکانی شکڵ‌گرتنی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ لە شاری خوڕەماباد بڵاو کردەوە و نووسیبووی هەستی بێ‌بەش‌کردنی ڕێژەیی گرینگ‌ترین فاکتەری شکڵ‌گرتنی ئەم ناڕەزایەتییانە بووە.

ئەم توێژینەوە هەروەها هۆشداریی دابوو لە نێوان ڕادە و تووندیی سەرکوتی دەوڵەتی لەگەڵ هەستی بێ‌بەش‌کردنی کۆمەڵایەتی‌دا پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە و هەرچی سەرکوتەکان زیاتر بن، خەڵکەکە هەستێکی زیاتر بە بێ‌بەش‌کردنیان دەکەن؛ بابەتێک کە پتر لە ٤٠ ساڵە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی نادیدەیان گرتووە و بە سەرکوتی بچووک‌ترین ناڕەزایەتییەک، پانایی ناڕەزایەتییەکان لەو سیستمە زیاتر دەکات و گەیشتۆتە ڕادەیەک کە ئێستا گوتاری “ڕووخان” بۆتە سەرەکی‌ترین خواستی زۆرینەی خەڵک لە سەرتاسەری ئێران‌دا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *