تۆمەتی بەغی بەپێی دانپێدانانی زۆرەملی؛ سێ شارۆمەندی کورد پاش ٩ مانگ دادگایی نەکراوان

اتهام بغی بر اساس اعترافات اجباری؛ بازداشت موقت ۹ ماهه سه شهروند کرد

هاوڕێ یوسفی

فەرزاد سامانی” “ساکار عەینی” و “محەمەد هووشەنگی” سێ شارۆمەندی کورد، پاش ٩ مانگ بەسەر دەسگیرکردنیان‌دا چاوەڕێی بەڕێوەچوونی دادگا دەکەن.

مانگی بەفرانباری ١٣٩٩ ناوەندەکانی مافی مرۆڤ کردستان هەواڵی دەسگیرکردنی دەیان چالاکوانی کوردیان بڵاو کردەوە. ئەم سێ بەندکراوە لەناو ئەم شەپۆلەدا لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی بەفرانباری ١٣٩٩دا لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە، لە تاران و کەرەج دەسگیر کران و بۆ لێپیچینەوە گوازرانەوە بۆ گرتووخانەی “ئەلمەهدی” لە شاری ورمێ.

ئیتلاعاتی سپا لەناو دەسگیرکراوان‌دا بۆ دوازدە کەسیان، لەوانە فەرزاد، دۆسییەیەکی هاوبەشی کردەوە. ٩ کەس لەم دوازدە کەسە دوای کۆتایی‌هاتنی لێپێچینەوەکان بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کران. بەڵام سێ کەسیان واتە فەرزاد سامانی، ساکار عەینی و محەمەد هووشەنگی تا ئێستایش بە شێوەیە کاتی لە زیندان‌دا ڕاگیراون.

***

فەرزاد سامانی، خوێندکاری ماستەری کۆمەڵناسی لە زانکۆی خارەزمیی کەرەج، ٢٨ ساڵ تەمەنیەتی و خەڵکی شاری مهاباده. ئەو سەرلەبەیانیی ٢٠ی بەرفرانباری ١٣٩٩ لە زانکۆی خارەزمی‌دا دەسگیر کرا. ساکار عەینی، ٢٨ ساڵ تەمەنیەتی و خەڵکی مهاباد و دەرچووی بواری شارسازییە و شەوی ٢٠ی بەرفرانباری ١٣٩٩ لە ماڵەکەی خۆی لە تاران‌دا دەسگیر کرا. ڕۆژێک دواتر محەمەد هووشەنگی، خەڵکی جوانڕۆی سەربە پارێزگای کرماشانیش هەر لە تاران‌دا دەسگیر کرا.

“فارووق سامانی”، زیندانیی سیاسیی پیشوو و برای فەرزاد سامانی کە لە ئێستادا لە تورکیا دەژی، بە “ئێران‌وایەر” دەڵێت: “ئەم سێ زیندانییە دەسبەجێ دوای دەسگیرکردن بە فڕۆکە بۆ ورمێ و دواتر بۆ گرتووخانەی ئەلمەهدی (حەوتی تیر)ی ئیتلاعاتی سپا هەر لەم شار گوازراونەتەوە.”

ئیتلاعاتی سپای ورمێ لە دۆسییەکەی خۆی‌دا بە دژی فەرزاد سامانی، ساکار عەینی و محەمەد هووشەنگی، تۆمەتی “بەغی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبە دژبەرەکانی نیزام”ی داوەتە پاڵیان و دۆسیەکەیانی لە ناوەڕاستی مانگی گۆڵانی ئەو ساڵ‌دا سپاردۆتە لقی یەکەمی “دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مهاباد” بە سەرۆکایەتیی دادوەری “جەواد غوڵامی”.  بەڵام دادگا سەرەڕای تێپەڕبوونی پتر لە ٥ مانگ و سەرباری ناڕەزایەتیی بنەماڵەکان دیسان خۆی لە یەکلایی‌کردنەوەی دۆسییەکەیان دەدزێتەوە.

فاڕوق سامانی لە زمانی پارێزەرانی دۆسییەکەوە بە “ئێران‌وایەر” دەڵێت: “تۆمەتلێدانی بەغی بەم سێ شارۆمەندە تەنیا بەپێی دانپێدانانە زۆرمەلییەکانی هەندێک لە دەسگیرکراوەکان بووە کە پێوەندییان بەم دۆسییەوە هەیە و ئیتلاعاتی سپا جگە لەمە، بەڵگەی‌تری نییە لە دادگا بیخاتەڕوو.”

فاروق سامانی، سەبارەت بە تۆمەتێک کە ئیتلاعاتی سپا لەژێرناوی “بەغی” خستوویەتە پاڵ فەرزاد سامانی، ساکار عەینی و محەمەد هووشنەگی، بە “ئێران‌وایەر” دەڵێت: “سەرباری ئەوەی دۆسییەکە لە ناوەڕاستی مانگی گوڵانی ئەو ساڵ‌دا دراوەتە دادگا بەڵام پارێزەرانی دۆسییەکە دەسبەجێ نامەیەکیان بۆ دادگا ناردووە و جگە لە ڕەت کردنەوە تۆمەتی بەغی، ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بەم تۆمەتە دەربڕیوە.”

بە گوتەی بەڕێز سامانی، پارێزەرانی دۆسییەکە لە دوایین نامەکەیان‌دا کە نزیک مانگێک بەر لەمە ناردۆیانە بۆ دادگا، جگە لە بەڕێوەچوونی هەرچی زووتری دادگا سەبارەت بەم دۆسییە، خوازیاری دیاری‌کردنی بارمتە بوون بۆ ئازادکردنی کاتیی ئەم سێ زیندانییە؛ بەڵام دادوەری دۆسییەکە تاکوو ئێستا وڵامی پارێزەرەکانی نەداوەتەوە.

فارووق سامانی، لەگەڵ چەند کەس لەو دەسگیرکراوانەی کە بەشێکن لەم دۆسییە هاوبەشە و لە ئێستادا بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، سەبارەت بە تۆمەتەکان و چۆنییەتیی پرۆسەی لێپێچینەوەکان و دانپێدانانەکانیان قسەی کردووە و دەڵێت: “نامەوێ ناوی کەس بهێنم، بەڵام چەند کەسیان بەپێی قسەی خۆیان لەژێر ئەشکەنجە، گوشاری ڕۆحی و دەروونی لەناو پرۆسەی قورسی لێپێچینەوە، تازەکردنەوەی مۆڵەتی دەسگیری و هێشتنەوەی بەردەوام و درێژماوە لە ژووری تاکەکەسی‌دا، ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملی کراون لەوانە ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی نیزام‌دا.”

ئەو لە درێژەدا دەڵێت: “تەنانەت ئەو چەند کەسەی کە دانیان بە تۆمەتەکان‌دا نەناوە، لەبەر ئەوەی بەرگەی مانەوەیان لە ژووری تاکەکەسی و درێژەی گفت‌وگۆ درێژماوە و بێزارکەرەکانی بازجووەکانیان نەگرتووە، مانیان لە خواردن گرتووە. وەحشەتی تازەکردنەوەی مۆڵەتی دەسگیری و بەردەوام‌بوونی لێپێچینەوەکان هێندە گوشاری بۆ هێناون کە خودی فەرزادیش دوای پێنج مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسی‌دا بە هۆی تازەکردنەوەی مۆڵەتی دەسگیری، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو و لە کاتی لێپێچینەوەکان‌دا پتر لە ١٥ کیلۆ کەمی کردبووە.”

بەڕێز سامانی لە درێژەی  شێوازەکانی گوشارهێنان بۆسەر  زیندانی، ئاماژەی کرد بە شێوازی ڕەفتار و هەڵس‌وکەوتی بەرپرسانی زیندان لەگەڵ ساکار عەینی دوای گواستنەوەی لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپاوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ: “ساکار دوای تێپەڕبوونی ٥ مانگ لە گرتووخانەی ئەلمەهدیی ئیتلاعاتی سپا، ڕیک کاتێک کە گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، کۆرۆنای گرت. بەڵام سەرباری دابەزینی زۆری کێشی جەستە و گوشارە ڕۆحی و دەروونییەکانی گرتووخانە، لە باتی گواستنەوەی بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی ناو و دەرەوەی زیندان، بە ماوەی پازدە ڕۆژ لە کەرەنتینی زیندان‌دا ڕاگیرا.”

فاروق سامانی کە بۆخۆی ٥ ساڵ لە زیندانە ناوەندییەکانی ورمێ و مهاباددا زیندانی کراوە، لە درێژەی گفت‌وگۆکەدا بە ئاماژەدان بە ڕەفتاری هەمیشەیی و باوی بەرپرسانی ئیتلاعاتی سپا بە تایبەت لە ورمێ‌دا دەڵێت: “ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە بە شێوەیەکی سیستماتیک و هاوتەریب زیندانی و بنەماڵەی زیندانی ئەشکەنجە و ئازار دەدات. ئیتلاعاتی سپای ورمێ دوای دەسگیرکردنی تۆمەتبارەکانی ئەم دۆسییەیە تا ماوەیەکی زۆر هیچ زانیارییەکی لە شوێنی ڕاگرتنیان بە بنەماڵەکانیان نەدەدا.”

بنەماڵەی سامانییش زۆر بە سەختی لە شوێنی ڕاگیران و ناونیشانی ئەو ناوەندەی فەرزادی گرتووە ئاگادار دەبێتەوە. فاروق سامانی دەڵێت: “سەرەتا خوێندکارێکی هاوڕێی فەرزاد لە زانکۆی خارەزمی هەواڵی دەسگیریی فەرزادی پێداین. بەڵام چونکە ناوی ناوەندە ئەمنییەتییەکەمان نەدەزانی بنەماڵەکەی ئێمە پتر لە مانگێک بۆ هەواڵ و سۆراخی فەرزاد ئاوارەی تاران، کەرەج و ورمێ بوون. ئەوان سەردانی زۆربەی ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانیان کرد لەوانە ئیتلاعاتی سپا، ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامیی ئازەربایجانی ڕۆژاوا و دادگای مهاباد و ورمێ، بەڵام کەس وڵامی نەدەدانەوە؛ تەنانەت ناوی فەرزاد لە لیستی دەسگیرکراوەکانی دەزگای دادوەریش‌دا نەبوو. لە کۆتایی‌دا، ئیتلاعاتی سپا دوای گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بنەماڵەکەم لە بەردەم گرتووخانەی ئەلمەهدیی ورمێ‌دا، بەرپرسیارێتیی دەسگیرکردنی فەرزادیان قبووڵ کرد.”

بە گوتەی بەڕێز سامانی، بنەماڵەی زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە پێوەندی‌دا بەم دۆسییەوە دەسگیر و دواتر ئازاد کران، ئەزموونێکی هاوشێوەی بنەماڵەی سامانیان هەبووە.

بەڕێز سامانی دەڵێت کە ئیتلاعاتی سپای ورمێ بەردەوام مافی یاسایی دیدار و پێوندیی تێلێفۆنیی بنەماڵە لەگەڵ مندالەکانیان وەک گوشارێک بە دژی زیندانی و بنەماڵەکەی بەکار دەهێنێت: “بە درێژایی ٩ مانگی ڕابردوو بەگشتی ٢ جار ڕێگەیان داوە بە بنەماڵەکەم لەگەڵ فەرزاد دیدار بکەن. دوو جاریش لە ڕێگەی تێلێفۆنەوە قسەیان لەگەڵ فەرزاد کردووە؛ بەڵام ئیتلاعاتی سپا بە هۆی میدیایی‌کردنەوەی وردەکاریی دۆسییەکە و دەنگدانەوەی بارودۆخی زیندانییەکان لەوانە فەرزاد لە میدیاکانی دەرەوەی ئێران‌دا، هەموو دیدارەکان و پێوەندییە تێلێفۆنییەکانی بنەماڵەکەمان لەگەڵ فەرزاد بە یەجاری بچڕاند.”

ئەو بە ئاماژەدان بە هەڕەشەی بەردەوام لە بنەماڵەکەی لە مهاباد بە هۆی میدیای‌کردنەوەی دۆسییەکە و وردەکارییەکانی، بەتایبەت سەبارەت بەم سێ زیندانییە، بە “ئێران‌وایەر”ی وت: “لەم دواییانەدا یەکێک لە بەرپرسانی ئیتلاعاتی سپا لە وڵامی داخوازیی و بەدواداچوونی بەردەوامی بنمەڵەکەمان بۆ دیداری دووبارە لەگەڵ فەرزاد، بە ڕاشکاوی وتوویەتی بچڕاندنی پێوەندییەکان تەمبێ‌کردنی ئەو بنەماڵانەیە کە دۆسییەی منداڵەکانیان میدیایی دەکەنەوە.”

فەرزاد سامانی پێش‌تر ٩ مانگ لە زیندانی مهاباددا زیندانی کراوە. ئەو بە هۆی بەشداری لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی مهاباد لە کاردانەوە به سووتانی قوتابیانی کچی “قوتابخانەی شۆڕشی ئیسلامی” لە گوندی “شیناوێ”ی پیرانشار به هۆی تەقینەوە “زۆپای نەوتی” لە ١٥ی‌سەرماوەزی١٣٩١دا، بە تۆمەتی پروپاگاندا دژی نیزام لە لایەن ئیتلاعاتی سپای مهابادەوە دەسگیر و دواتر بە ٩ مانگ زیندانی سزا درا.

بنەماڵەی ساکار عەینی و محەمەد هووشەنگی ئامادە نەبوون لەگەڵ “ئێران‌وایەر”دا گفت‌وگۆ بکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *