تیرۆری “ڕیهام یەعقووب”؛ ئایا کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسی تیرۆرەکانی عێراقە؟

تیرۆری "ڕیهام یەعقووب"؛ ئایا کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسی تیرۆرەکانی عێراقە؟

هاوری یوسفی
“ڕیهام یەعقووب” پسپۆڕی خۆراک، چالاکی مەدەنی و یەکێک لە سەرکردە و ڕێکخەرانی سەرەکیی و دیارەکانی ناڕەزایەتییەکانی عێراق ئێوارەی ڕۆژی ٣٠ی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٩ لە گەڕەکی ئەلڕەزای شاری بەسرە لە لایەن چەند مۆتۆڕسوارەوە بە دەسڕێژی گولە تیرۆر کرا و دەسبەجێ گیانی لە دەست دا و سێ کەسی‌تریش بریندار بوون.
“ڕیهام یەعقووب” لە ساڵی ٢٠١٨ زایینییەوە یەکێک بووە لە بەشداران و ڕێکخەرانی سەرەکی و بەردەوامی ناڕەزایەتییەکانی عێراق و بزووتنەوەی ژنان لەو وڵاتەدا. بەردەوام‌بوونی ئەو ناڕەزایەتییانە لە کۆتایی‌دا کەوتنی دەوڵەتەکی عادڵ عەبدولمەهدی بەدواوە بوو، کە بەرپرسانی باڵای ئێران پێیان وایە دەرەنجامی دەسەڵات و نفووزی دەست‌وپێوەندەکانی ڕۆژاوا و دام‌ودەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکایە.
ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە پێشتر مێهرنیووز لە ڕۆژی ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٧دا لە ڕاپۆرتێکی ئامانجدار و هاندەرانەدا بە هەر دوو زمانی فارسی و عەرەبی ناوی چەند چالاکی مەدنیی عێراقی هێناوە و بە سیخوڕ و دەسپەروەردەی ئەمریکای لە قەڵەم داون.
لە ڕاپۆرتەکەدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە کۆنسوولگەریی ئەمریکا لە بەسرە چالاکانی مەدەنیی عێراق بە مەبەستی جۆراوجۆر بەرەو لای خۆی ڕادەکێشێت، پەروەردەیان دەکات و ڕایان دەهێنێت کە تۆڕێکی ڕێکخراویان لێ ساز بکات و ئامانجەکەیشی لاوازکردنی دەور و پێگەی ئێرانە لە ناوچەکە و لە کۆتایی‌دا پارچە پارچەکردن و تەجزیەی ڕۆژاوای ئاسیایە بە تایبەت عێراق. مێهر نیوز تەنانەت وێنە و ناوی سێ کەس لەو چالاکە مەدەنیانەیشی وەک دەست‌وپێوەندەکانی “ڕێکخەرانی تۆڕە جەماوەرییەکان لە پێناو چەسپاندنی بەرژەوەندیی ئەمریکا”، “جەنگی نەرم” و “نفووزی” هاوپێچ لەگەڵ ڕاپۆرتەکەدا بڵاو کردبووەوە کە “ڕیهام یەعقووب” یەکێکە لەو سێ کەسە: “هێشام ئەحمەد”، گرافیک ئارتیست، “ڕیهام یەعقووب”، پسپۆڕی خۆراک و “عەلی نەجیم”، ویدیۆ بلاگێر.
لەو ڕاپۆرتەدا ئەو سی چالاکە بەوە تاوانبار کراون کە لە لایەن “تیم دێڤیس”، بەرپرسی کونسوولگەریی ئەمریکاوە لە بەسرە ڕاهێزراون کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە عێراق‌ بگەیەنن و خەڵکیان دنەداوە هێرش بکەنەسەر کونسوولگەریی ئێران لەو شارە و هەورەها پروپاگاندا بکەن بە دژی میلیشیا شێعەکان و سیاسەتمەدارانی دۆست و نزیکی ئێران لەو وڵاتەدا بە مەبەستی تێکدان و شێواندنی پێوەندیی ستراتێژیکی نێوان عێراق و ئێران.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە “تیم دێڤیس”، بەرپرسی کۆنسولگەریی ئەمریکا لە بەسرە هەر لە سەرەتای دەسبەکاربوونییەوە هەوڵی‌داوە بە بیانووی بەڕێوەبردنی ڕۆژی ژن و ڕێ‌وڕەسمی بەربانگ لە مانگی ڕەمەزان و بۆنەی دیپلۆماتیکی‌ترەوە کەسایەتی و چالاکە دیارەکانی ئەو شارەوە بۆ نموونە “ڕیهام یەعقووب” بەرەو لای خۆیان ڕابکێشن و دواتر تۆڕێکی گەورەی ڕێکخراویان لێ ساز بکات بۆ پێشەنگایەتی، ڕێکخستن و ئاراستەکردن ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەوە کە ئامانجەکەیان ناوزڕاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆست و هاپەیمانەکانیەتی لە عێراق‌دا. لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕیهام یەعقووب وەک یەکێک لە دەست‌وپێوەندەکانی ئەمریکا؛ “مانۆڤری ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبات و ژنانی شارەکە بە ناوی پیاسە و وەرزشەوە، پەروەردەیان دەکات بۆ کاری تێکدەرانە و نانەوەی بەشێوەی و دووبەرەکی بۆ ئەوەی ژنان ببنە کۆڵەکەیەکی گرینگی ناڕەزایەتییەکانی داهاتوو بە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران”.
هەر لە پێوەندی‌دا “مستەفا ئەلکازمی”، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە تیرۆری “ڕیهام یەعقووب” لە تویتەرەکەی‌ خۆی‌دا نووسی کە سەرۆکی پۆلیسی بەسرە و هەندێک لە بەڕێوەبەرانی ئەمنیی ئەو دەزگایەی بە هۆی تیرۆرەکانی ئەم دواییانەوە دوور خستۆتەوە و بەڵێنی‌دا کە؛ “ڕێ‌وشوێنی پێویست دەگەرینەبەر بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی هێزیەکانی پۆلیس. [هەروەها باسی ئەوەی کرد کە بە هیچ جۆرێک] سازان و هاودەستی لەگەڵ بکوژەکان یان تەسلیم‌بوون بەرامبەر هەڕەشەکانیان قبووڵ ناکەین و وەک وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان چی پێویست بێ دەیکەین بۆ پاراستنی ئەمنیەتی کۆمەڵگا بە دژی هەڕەشە نایاساییەکان”.
لە لایەکی‌ترەوە، بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سەربازیی ئێران نایشارنەوە کە ئامانجی ئەم ناڕەزایەتییانە لاوازکردنی پێگەی کۆمەڵایەتیی ئێرانە لەناو خەڵکی ئەو وڵاتەدا و کاریان فیتنەیی و دابڕاندنی خەڵکی ئەو دوو وڵاتەیە لە یەک‌تر. بەرپرسانی باڵای ئێران پێیان وایە کە ئاگردانی کۆنسوولگەرییەکەی لە بەسرە دەرخەری ئامانجی ڕەوتی ئەمریکایی سەعوودییە لە عێراق‌دا کە بریتییە لە “بڵاوکردنەوەی زانیاریی مەنفی و نەرێنی لەسەر ئێران بۆ دووبەرەکی نانەوە لە نێوان خەڵک و دەوڵەتی ئەو دوو وڵاتە بەدژی یەک‌تر. هەروەها ئامانجیان ئەوەیە خەڵکی ئێران و عێراق بخەنە گیانی یەک‌تر و میدیا عەرەبییەکانی سەربە وڵاتانی ڕۆژاوایی، سەعوودی و ئیمارات ئەرکیان کاری چڕوپڕەە بۆ سازدانی ئەو دووبەرەکی و دابڕانە لە نێوان ئێران و عێراق‌دا”.
ئەوە لە کاتێک‌دایە کە “ئەمیر عەبدوڵاهیان”، ئاوەڵی تایبەتی سەرۆکی پەرلەمان بۆ کاروباری نێونەتەوەیی ئێران دوابە دوای ئاگردانی کونسولگەریی ئێران لە بەسرە بە ڕاشکاوی ئاماژەی بەوەدابوو کە، “ڕێگە نادەین شێعەی ئینگلیسی و وەهابیەتی سەعوودی عێراق بشێوێنن، چونکە پێوەندیی تاران و بەغداد ستراتێژیکە”.
ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە ڕێک دوا بە دوای ئاگردانی کونسولگەریی ئێران لە بەسرە میلیشیا شێعەکانی سەربە ئێران هێزە ئەمنییەکانی عێراقیان ناچار کرد کە، “ژمارەیەک چالاکوان و ڕووژنامەنووس دەستگیر بکەن. ئەو میلشیایانە بە تۆمەتی هاوکاری و پێوەندیی لەگەڵ دام‌ودەزگا ئەمریکاییەکان بە شێوەیەکی بەرین دەستیان کرد بە گرتن و ڕاوەدوونانی چالاکانی مەدەنی و خۆپیشاندەرە ناڕازییەکان. تەنانەت گوشاری ئەو میلشیایانە وای کرد کە بەشێک لە خۆپیشاندەرانی بەسرە ناچار بن بۆ پاراستنی گیانیان ڕوو بکەنە تورکیا”.
“ئێران‌وایەر” بۆ تاوتوێ‌کردنی تیرۆرەکانی ئەم دواییانەی بەسرە بە تایبەت تیرۆری “ڕیهام یەعقووب” و دەوری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو تیرۆرانەدا بە مەرجی ئاشکرانەبوونی ناوەکەی وتووێژێکی تایبەتی کردووە لەگەڵ کارناسێکی ئەمنیەتی لەو بوارەدا.
ئەو کارناسە ئەمنییە پێیوایە کە پێوەندیی چڕوپڕ و ڕێکخراوی میلیشیاکانی عێراق و کۆماریی ئیسلامیی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ کەوتنی شاری موسڵ بە دەستی داعش و نزیک‌بوونەوەی هەرچی زیاتری ئێران لەگەڵ هێزە شێعە و میلشیاکانیان لە عێراق‌دا بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش‌دا: “دوای کەوتنی موسڵ بە دەستی داعش لە ژووییەی ٢٠١٤دا “ئایەتوڵا عەلی سیستانی” جیهادی بە دژی داعشی ڕاگەیاند و داوای کرد کە خەڵک بە شێوەیەکی خۆبەخش چەک هەڵبگرن و دواتر پێووەندییەکانی نێوان ئێران و میلشیا شێعەکانی عێراق تووندوتۆڵ‌تر بوو. پاش ئەوە، هێزی حەشدی شەعبی لە ساڵی ٢٠١٦ لە پەرلەمانی عێراق‌دا پەسەند کرا و هاوکارییەکانی سەربازی، ئەمنی، چەک‌وچۆڵ و لۆجێستیکییەکانی ئێران زیادی کرد بۆ جەنگ بە دژی داعش، و دواتر توانی دەسەڵات و نفووزی تایبەتی لە عێراق‌دا پەیدا بکات”.
ئەو کارناسە ئەمنییە لەو باوەڕەدایە کە “ئیران پاش ئەو نزیک‌بوونەوە خەرجێکی زۆری کردووە لەسەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و زیاتر لە هەزار کەسی بردۆتە ئێران و لە باری سیاسی، ئەمنی و سەربازییەوە پەروەردەی کردوون و پاشان ناردوونیەتەوە بۆ عێراق بۆ جێبەجێ‌کردنی ڕاسپاردەکانیان کە یەکێک لەو ڕاسسپاردنانە بریتییە لە ناسین، شناسایی و پاشان تیرۆری چالاکانی مەدەنیی خۆشنا و کاریگەری ناڕەزایەتییەکانی ئەو چەند ساڵەی دواتر کە یەکێک لە خواستە سەرەکییەکانیان لە لایەکەوە دەسهەڵگرتنی ئێران و میلشیا شێعەکانی سەربە ئێرانە لە کاروبار و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی عێراق‌دا و لە لایەکی‌ترەوە گۆڕینی عێراقە بۆ وڵاتێکی ئاوەدان، خۆشگوزەران و پێشکەوتوو کە هەموو چین و توێژەکان بتوانن پشتی پێ‌ببەستن و داهاتووی خۆیانی پێوەگرێ بدەن. کەواتە، لە ڕوانگەی زۆربەی سەرکردەکانی ناڕەزایەتییەکانەوە بەردەوامیی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و میلیشیاکان هۆکاری ناسەقامگیریی عێراق و لاوازکردنی هەرچی زیاتری حکوومەتە و پێویستە پێوەندییە زیانبارەکانی ئەو میلشیایانە و کۆماری ئیسلامی لە قاو بدرێت”.
ئەو کارناسە ئەمنییە پێیوایە کە سەرکردایەتیی میلشیاکان بە قووڵی لە پەرەسەندنی ئەم ناڕەزایەتییانە نیگەرانن و بەردەوام لە میدیاکانی خۆیان‌دا کار بۆ ئەوە دەکەن کە سیمایەکی خەمخۆرانە و دڵسۆزانە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشان بدەن بەڵام خەڵک چیتر باوەڕیان پێ‌ناکات و وردە وردە بەرەو لاوازبوونی زیاتر دەچن: “ئەگەر ئێوە سەرنجتان دابێتە میدیای عێراقی بە ڕوونی ئەوەتان بۆ دەردەکەوێت کە “هادی عامری”، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر هەوڵێکی زۆر دەدات بە خەڵک بڵێت کۆماری ئیسلامیی ئێران دۆست و پشتیوانی خەڵکی عێراقە. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت ئەو هێزانە لە ڕووی کۆمەڵایەتی، ئەمنی و سیاسییەوە زۆر بەدناون و خەڵک گەلێک ناخۆشی دەوێن. پێویستە لێرەدا ئاماژە بە خاڵێکی گرینگی دیکەیش بکەم کە لە بەر خراپی و تێکچوونی دۆخی ئابووری و لاوازیی حکوومەتەوە لە دابین‌کردنی ئەمنیەت، خۆشگوزەرانی و ژیانی ئاساییەوە زۆربەی گەنجان ناچارن بچنە نێو ئەو هێزانەوە نەک لەڤبەر ئەوەی باوەڕیان بەو میلیشیایانەیە بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە چەکیان هەبێت و لەو ڕێگەوە گیانی خۆیان بپارێزن، ئەگینا لە ڕووی سیاسییەوە گەلێک نەخوێندەوار و ناوشیارن و زۆر بە هاسانی بۆ مەبەستی جۆراوجۆر بەکاریان دەهێنن”.
سەبارەت بە دەوری ئێران لەسەر فیتنەیی و ئاژاوەنانەوە لە نێوان خێڵ، تایفە و هۆزەکانی دانیشتووی باشوری عێراق‌دا پێیوایە کە: “ئێران کاریگەرییەکی هەرە زۆری هەیە لەسەر دانیشتوانی ناوچەکانی باشووری عێراق و بە درێژایی ئەو ساڵانە بەردەوام خەریکی ئاژاوەنانەوە و دووبەرەکی بووە لەناو تایفە و خێڵەکانی ئەو ناوچەدا و لە ڕێگەی نزیکایەتییانەوە هانی داون گوشار بخەنەسەر کەمایەتییە ئایینییەکانی‌تر بۆ ئەوەی کۆچ بکەن و زێدەکەیان بەجێبهێڵن و ڕوو بکەنە هەرێمی کوردستان یان بچنە دەرەوەی وڵات”.
ئەو کارناسە ئەمنییە لای وایە کە ئێران زۆر نیگەرانە لە لاوازبوونی پێگەکەی لە عێراق‌‌دا و هەستی بەوە کردووە کە پەرەسەندنی ئەو ناڕەزایەتییانە و کاریگەریی ڕێکخەران و سەرکردەکانی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان دەوری هەبووە لە بێزران و ناوزڕاندنی کۆماری ئیسلامی، دۆست و هاوپەیمانەکانی لە عێراق‌دا: “لام وایە ئێران نەک بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەڵکوو لە ڕێگەی میلیشیاکانەوە بۆ چاوترسێن‌کردنی خەڵک و لاوازکردنی هەرچی زیاتری ناڕەازایەتییە مەدەنییەکان، زۆربەی ئەو چالاکە مەدەنییە جەماوەریانەی کردۆتە ئامانج و بە بیانووی نفووزی و بەکرێ‌گیراوی ئەمریکا و سەعوودی تیرۆریان دەکات و دەستیان لێ‌دەوەشێنێت. کەواتە، مەرجی پاراستن و گەرەنتی‌کردنی بەرژەوەندیییە ستراتێژیکەکانی خۆی لە عێراق و ناوچەکەدا بە سەرکوتی دڕندانەی ناڕەزایەتییە مەدنی و جەماوەرییەکان و تیرۆری سەرکردەکانی دەزانێت”.
وەرگیراو لە سایتی ئێران وایەر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *