جواب دانەوە بە نامەی سەرئاوەڵای کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە (ڕێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

هاوڕێیانی بەڕێزی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە (ڕێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

سڵاوێکی گەرم

نامە سەرئاوەڵاکەی ئێوەمان بە دەست گەیشت. بە گەرمی لە هەڵوێستەکانی ئێوە دەربارەی ناڕەوابوونی وەلانانی دەستەجەمعیی ئێمە لە ڕابردوو و هەروەها سەبارەت بە بانگهێشتەکەی ئێوە بۆ چالاکیی هاوبەش لە کۆمەڵه، بۆ بەرەپێش بردنی خەباتی هاوبەش لە پێناو ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانماندا پشتیوانی دەکەین. ئاوڕدانەوە و پێداچوونەوە بەسەر بڕیاڕەکانی ڕابردوو، بۆ سەرکردایەتیی ڕێکخراوێک کە خۆی بەرامبەر بە گوتار و بڕیارەکانی بە بەرپرس دەزانێت پێویستییەکی گرینگە. نیشاندان و خستنەبەر باسی دەرەنجامەکانی ئەم ئاوڕدانەوە و پێداچوونەوە لەگەڵ بیروڕای گشتیدا، نیشانەی شەفافیەت و ئەزموون وەرگرتنە لە ڕابردوو.

ئێستا بارودۆخی سیاسی و ئابووریی ئێران بە جۆڕێکە کە ئەگەری قووڵتر و بەرینتربوونەوەی ناڕەزایەتییەکان و ئازخێزە گشتگیرەکان ڕوو لە زیاد بوونە. هەڵسەنگاندنی زۆرینەی خەڵکی ئێران لە عەمەلکەردی چل و سێ ساڵی ڕابردووی ئەم ڕژیمە، بەو ئەنجامەی گەیاندوون کە کارنامەی ئەم ڕژیمە هەر لە سەرەتاوە پڕ بووە لە دوژمنایەتی لەگەڵ ئازادیی ڕادەبڕین و بیروباوەڕ، دژایەتیکردنی ژنان، برەودان بە خورافە، درۆکردن، گەندەڵی، دزی و ڕشوەخواردن، تاڵانی و ڕاوڕووتی ماڵ و مڵکی گشتی، گرتن و زیندان، ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی خەباتکارانی ڕێگەی ئازادی و دادپەروەریدا. تاوان و جەنایەتی دەسەڵاتدارانی فاشیستی ئیسلامیی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا بەردەوام ڕوو لە هەڵکشان بووە. لە ئێستادا هەڵاوسان و گرانیی سەرسووڕهێنەری کاڵا خۆراکییەکان و لە سەرووی هەموویانەوە نرخی نان و بەرزبوونەوەی تێچووەکانیتری ژیان هەر لە ئاو و کارەباوە بگر تا دەگاتە سووتەمەنی و تێچووەکانی هاتوچۆ و دوکتۆر و دەرمان و هتد خەڵکی کەمداهاتی خسۆتە ژێر گوشاری دووئەوەندەوە. کەواتە ناڕەزایەتیی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینکراوەکان، ژنانی ئازادیخواز و چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕوو لە گەشە و بەرفراوانییە و هاوتەریبی و هەماهەنگیی ئەم ناڕەزایەتیانە، مژدەبەخشی ئاسۆی سەرکەوتنیانە.

ئێمە لە بڕوایەداین کە لە بارودۆخی ئێستادا، هاوکاریی و پراتیکی یەکگرتووی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان پێویستییەکی مێژووییە. خەباتکارانی ڕێگەی ئازادی و دادپەوەریی کۆمەڵایەتی، دەبێ بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بارودۆخی ئێستا، جگە لە هەوڵدان بۆ فەراهەمکردنی بوارەکانی هاوکاریی هێزە چەپەکان، بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوەی کرێکاران و گرێدانی ئەم بزووتنەوانە لەگەڵ باقیی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانیتر چالاک بن. لێدابڕان و پەرتەوازەیی هێزە چەپەکان بەردەوام ببوە هۆی لاوازبوونی بزووتنەوەی سۆسیالیستی و عەداڵەتخوازی و دەستی چەوسێنەران و دوژمنانی ئازادیی بۆ پێشێلکردنی مافە ئینسانییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و سەرکوتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و دادپەورەی ئاوەڵا هێشتووەتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخەی باسکرا، وڵامی ڕەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵە بە بانگهێشەکەی ئێوە، سەبارەت بە چالاکیی هاوبەش لە کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) پۆزێتیڤ و ئەرێنییە. ئێمە بۆ وەدیهێنانی ئەم ئەرکە ئامادەیی خۆمان بۆ وتووێژ و بە ئەنجامگەیاندنی ئەم پرۆسە ڕادەگەیەنێن.

بە هیوای سەرکوتن

ڕەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵە

8/5/20220

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *