دوای ناڕەزاییەکی بەرین، پڕۆژەیاسای پلەبەندیی مامۆستایان لەمەجلیس پەسەندکرا

میدیاکانی ئێران باس لە کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەی بڕگە بەجێماوەکانی پڕۆژە یاسای پلەبەندیی مامۆستایان دەکەن و نووسیویانە کە ئەم پڕۆژە یاسایە ڕۆژی چوارشەمە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٠ لە مەجلیسی شوورای ئیسلامیدا پەسەند کراوە.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو کراوەتەوە کە “حسێن عەرەبئەسەد”، جێگری ڕێکخراوی کاروباری دامەزاراندنی ئێران دەربارەی جێبەجێکردنی پڕۆژە یاسای پلەبەندیی مامۆستایان وتوویەتی: “لایەنە داراییەکەی جێبەجێکردنی پڕۆژە یاسای پلەبەندیی مامۆستایان بۆ ئەم ساڵ ڕەچاو نەکراوە و دەوڵەت بۆ ساڵی ١٤٠٠ بووجەی تەنرخانکراوی بۆ ئەم پڕۆژە یاسایە لەبەردەستدا نییە و ناتوانێت دابینی بکات بەڵام لە سەرەتای ساڵی ١٤٠١دا دەوری ٢٥ هەزار میلیارد تمەن بووجە بۆ لەبەرچاو گیراوە.”
مامۆستایان لە مانگەکانی ڕابردوودا بەردەوام دژ بە جێبەجێنەکردنی پڕۆژەیاسای پلەبەندی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و گردبوونەوتەوە و خوازیاری جێبەجێکردنی تەواوەتی و یەکجاریی ئەم پڕۆژە یاسایە بوون.
“ئیسنا نیووز” نووسیویەتی کە دوای جێبەجێکردنی بەندی یەکەمی ئەم مادەیە کە ڕادەی زیادکردنی مووچەکەی بە جیاواز و تایبەتی دیاری کردووە، ئەگەر مووچەی هەر یەکە لە مامۆستایان لە سەتا ٨٠ی کۆی مووچەی بنەڕەتیی دەستەی زانستیی زانکۆی تاران کەمتر بێت، بڕە بەجێماوەکەی لە ژێر ناوی “جیاوزیی بەراورد” لە حوکمەکانیاندا دەگونجێندرێت.
پڕۆژە یاسای پلەبەندیی مامۆستایان دەوری دە ساڵ لە مەجلیسی شوورای ئیسلامیدا ڕاگیرابوو و چاوەڕوان دەکرا پەسەند بکرێت و لە هەموو ئەم ساڵانەدا چالاکوانانی پیشەیی مامۆستایان جێبەجێکردنەکەیان کردبووە بەشێک لە داخوازییەکان و گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان.
لە ڕۆژانی ٢١ و ٢٢ی مانگی سەرماوەزی ئەم ساڵدا گردبوونەوەی کۆمەڵانی خرۆشاوی مامۆستایان لە دەیان شاری ئێران، لە ناڕەزایەتیدا بە جێبەجێنەکردنی “پڕۆژە یاسای پلەبەندی” و “یاسای یەکسانسازیی مووچەکان” بەڕێوەچوو.
مامۆستایانی تاران لە بەرامبەر مەجلیسی شوورای ئیسلامیدا گردبوونەوە بەڵام دامودەزگاکانی دەسەڵات بەرگەی ئەم گردبوونە ئاشتیخوازانەیان نەگرت و هێزە ئەمنییەتییەکان بە نواندنی توندوتیژی و لێدان لە هەندێک لە چالاکوانان، ژمارەیەک لە ئامادەبوانەکەیانیان لەناو گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکەدا دەسبەسەر کرد.
شوورای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران شەوی سێشەمە ٢٣ی سەرماوەز ڕاگەیاندێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا تا ڕۆژی یەکشەمە ٢٨ی سەرماوەز دەرفەتی دایە نوێنەرانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی کە جێبەجێکردنی ڕاستەقینە و یەکجاریی “پلەبەندی و یەکسانسازی” پەسەند بکەن و ئەو مامۆستایانەی کە دەسبەسەر کراون، بۆ نموونە “ڕەسووڵ بوداغی”، لە زیندان ئازاد بکەن.
مامۆستایانی ناڕازی پێشتر ڕۆژی ١١ی سەرماوەز و ٢٠ی خەزەڵوەریش لە بەر دەم ئیدارەی پەروەردەی شارەکانیان گردبوونەوەیان ئەنجامدابوو