ساتیر نوسێکی نێونەتەوەیی: نوسرەت نەسین 1995-1915 ی زاینی

عەزیز نەسین

ڕەشاد مستەفا سوڵتانی

ناوی واقیعی ئەم نووسەرە بەناوبانگە “نوسرەت نەسینە” کە لە ترس دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی تورکیا و بە مەبەستی شووین بزر کردن و کاری نهێنی ،ناوی باوکی ( عەزیز نسین )ی بۆ وتارەکانی هەڵبژارد . و پاشان هەرگیز نەیتوانی ئەو ناوە خوازراوە لە کۆڵ خۆی کاتەوە . بە خامەکە ی دەنگی بەرز کردەوە و لە میتودی ساتیر و گاڵتە و تەنزی دڕکاوی و تاڵ ،دژی نابەرابەری و بێ عەدالەتی و سیستەمی توتالیتری جیهانی و بەتایبەت تورکیا ڕاوەستا . ڕۆمان ، وتار ، هۆنراوە و کتێبەکانی بە زمانی تورکی پاراو، ڕەوان و ناسک و دڵگیر نوسیوە .بۆ گەیشتین بە ئامانج و بڵاو بونەوەی بەرهەمەکانی نرخی بەرزی دا و، چەند جار سەری لە بەندیخانە دەر هێنا . حکومەتی تورکیا دووسەد جار سکاڵای لە سەر تۆمار کرد و لە دادگا موحاکمە و سەرجەم شەش ساڵ زیندانی کرا .هەمیشە نوسراوەکانی سانسور دەکرا .ڕەخنەی توند و لۆژیکی لە بیر و بۆچونی مەزهەبی، میلیتاریستی، ناسیونالیستی و فاشیستی گرت .بوێرانەلە مافی میللی و نەتەوایەتی و کەمێنەکان دیفاعی کرد . عەزیز نەسین تەنیا بەچەکی “خامە” چوە مەیدانی شەرێکی نابەرابەر و سەخت و دژوار . مێشک ڕەق هەڵاتوەکان وکۆنەپارێزانی کۆمەڵگای تورکیا دووجار هۆتیلەکەیان ئاور تێ بەردا کە بیکوژن و بەهەڵکەوت دەرباز بوو .وەک باشترین ساتیر نووس لە وڵاتی ئیتالیا دوو کەڕەت خەڵاتی “دار خورمای زێڕین ” ولە وڵاتی بولغارستان یەک جار خەڵاتی “ژیشکی زێڕین” ی وەر گرتوە . هەمیشە نوسراوەکانی بە ناوی خوازراو چاپ دەکرا ، کە هەم کۆسپ وگرفتی سیاسی بۆ پێش نەدەهێنا و هەم لەسەنگەری هونەردا شەڕەکەی دژی فاشیزم و شوینیزم گەرم ڕادەگرت . عوبید زاکانی ، مەلا نەسرەدین، سالتیکۆف شچدرین ، گوگول ،سەمەد بیهرەنگی ، عەزیز نەسین ،حەسەن قزڵجی و عەلادین سەجادی لە بواری ساتیر ، خزمەتی فراوان و گرانبەهایان بە مرۆڤایەتی کردووە . دەرد ،ڕەنج و مەینەتی جەماوەریان لە فورم و قاڵبی تەنز و ساتیر لە نوسراوەکانیاندا شەپۆل دەدا و ،بەم شێوەیە ئازاری کۆمەڵگایان شی کردووە ولێکداوەتەوە. لە هەمان کاتدا تێگەیشتنی سیاسیان لە نێو جەماوەردا بڵاو کردووەتەوە . نوسرەت نەسین سەر نووسەر وبەرپرسی دوو گۆڤاری بەناوبانگ بووە .بەخێرایی شێوەی ئەدەبیاتی سوننەتی و کلاسیکی جێ هێشت و، شارەزایانە بواری نوێ ومودێڕنی هەڵبژارد وهەموار کرد .زۆربەی ڕۆمان و وتار و کتێبەکانی بە زمانەکانی جیهان تەرجومە کراونەتەوە .

 

( ر م س ) ئاخری ژانویەی ٢٠٢١

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *