فیدریکۆ گارسیا لۆرکا !

فیدریکۆ گارسیا لۆرکا !
Federico Garcia Lorca
ڕەشاد – مستەفا سوڵتانی . پازدەی ژانویەی ٢٠٢١
کێ لە توانای دایە ، بەر خۆر بە بێژنگ بگرێ . ئاخۆ مێژوو چەند کات و زەمانی پێویست بێ ،هەتا بتوانی مێشکێکی تری وا بخولقێنێ !
بەرهەمەکانی لۆرکا لە گوڵاڵە سوورەی گوێ ڕووبار و چەم و باخەکانی دار هەنار دەچن ،کە سەرانسەری سوور و گوڵنارییە .
…………………..
فیدریکۆ گارسیا لۆرکا هەڵبەستوانی گەل پەسەند و شۆڕشگێری بواری ئەدەبیات ، هۆنراوە ، شانۆگەری ،ژەنیار و شێوەکاری لە ساڵی ١٨٩٨ زاینی لە دایک بووە . و لە ساڵی ١٩٣٦ زاینی بەدەستی فاڵانژەکانی لایەنگری فرانکۆی فاشیست و لە تەمەنی ٣٨ ساڵیدا لە دەورانی شەڕی نێو خۆیی ئیسپانیا و لە نزیک مەزراکەی و شاری گرانادای ئیسپانیا بەشێوەیەکی سامناک و بیڕەحمانە تیرباران کرا . پەیکەری خوێناوی و گۆڕەکەی لۆرکا هێشتا هەر بزر و گومە . مەرگی لۆرکا داخی گرانی بەدڵ نوێخوازان و ئارمانخوازان و ئەڤیندارانی ئازادیەوە نا .
لۆرکا لە بواری موسیقا و دانانی ئاهەنگی گۆرانی زۆر شارەزا و لێزان و، خوێ ژەنیاری دووئامێری گیتار و پیانۆ بووە . لە گوندێکی نزیک شاری گرانادا لە دایک بووە و، لە هەموو دێهاتەکانی دەڤەری غرناتا گەڕاوە و ژیاوە . فرە حەزی لە موسیقا و سترانی “قەرەچەکان” کردووە. لۆرکا خوێندنی زانستگاکانی لە مادرید و گرانادا دەس پێکردووە ،بەڵام زانکۆکان بەجێ هێشتوە و بڕوانامەی زانستگای وەر نەگرتوە.
١-یەکەم کتێبی وەک “ساتیر ” تەنز و گاڵتە بەناوی ” باوڕەکان و ئاسۆکان ” ساڵی ١٩١٨ی زاینی چاپ و بڵاو کرایەوە .
٢-شانۆنامەی ” دەورانی نەحسی پەپوولەکان ” ساڵی ١٩٢٠ی زاینی لە سەر شانۆ نیشان درا و پێشوازی گەرمی لێکرا .
٣-کتێبی ” هەڵبەستەکان” ساڵی ١٩٢١ی زاینی چاپ و بڵاو کرایەوە .
٤- کتێبی ” گۆرانی و سترانەکان ” ساڵی ١٩٢٧ی زاینی بڵاو دەکاتەوە .
٥-بەنرخ ترین و خۆشەویست ترین کتێبی بە ناوی ” گۆرانی قەرەچیەکان ” ساڵی ١٩٢٨ی زاینی بڵاو دەکاتەوە کە ناوبانگی ( هەڵبەستوانی قەرەچی ) وەر دەگرێت .
٦- کتێبی ” زەماوەندی خوێن ” ساڵی ١٩٢٨ی زاینی چاپ و بڵاو دەکاتەوە .
لۆرکا بە مەبەستی فێر بوونی زمانی ئینگلیزی بەرەو زانستگای کولومبیا لە ئامریکا سەفەر دەکات . چۆڕاوەی بیر و هزری لۆرکا وپاڵاوتەی ئەم سەفەرە لە کتێبیکدا بە ناوی ” شاعیریک لە نیویورک ” دەنووسی و زۆربەی پەیام و دیسکۆرسەکانی هاودەردی و هاوخەمی لە گەڵ ڕەش پێسەکانی ئامریکایە . کە پاش مەرگی ولە ساڵی ١٩٤٠ ی زاینی بڵاو دەبێتەوە .
ساڵی ١٩٣٠ ی زاینی بەرەو هاوانا سەفەر دەکات و لە گەڵ ستران بێژەکان و گۆرانی بێژەکانی ناوچەیی و لۆکاڵی وشارۆمەندانی کوبا ئاشنا دەبێت. پاشان دەگەڕێتەوە ئیسپانیا و وەک بەرپرسی گورووپێکی شانۆگەری و تیاتر ، هەڵسوڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی لە دێهات و شارەکانی ئیسپانیا دەس پێ دەکات. هەموو شاکارەکانی لۆرکا باس لە فەرهەنگ و کولتوری دەوڵەمەند و بەنرخی دانیشتوانی ئیسپانیا دەکات. لەم ئاخرانەدا هەڵبەستێکی جادوویی وسیحراوی بۆ هاوڕێیەکی هۆنیوەتەوە . هاوڕێ کەی ماتادور * بووە ولەکاتی یاری بیرەحمانە لەگەڵ گایەکدا، بەرەو ڕووی هەڵمەت و هێرشی گای بریندار دەبێتەوە . گاکە بە شاخە تیژەکانی سکی هاوڕێ کەی بە شێوەیەکی تڕاژیدی هەڵدەدڕێ و لۆرکا مەرگی سامناکی هاوڕێ کەی بە چاوی خۆی دەبێنێت . ( ر – م س ) پازدەی ژانویەی ٢٠٢١
…………………………………….
ڕوونکردنەوەیەک:Matador
* ماتادور: لە زمانی فەرەنسا بەو پیاوە دەڵێن کە لە گەڵ گایەکی بەهێز و شاخ تیژدا ، لە ئامفی تیاترێکی گەورە، کە هاوکات بێنەران دانیشتوون بە کوتاڵێکی سوور یاری دەکا و گاکە دەبەزێنێت و پاشان دەیکوژێت . ئێستا ئەم دیاردە کولتوریەی ئیسپانیا ،لە لایەن ژینگە پارێزانەوە، دژایەتی بێ سنوور دەکرێت .