قەیرانی کۆرۆنا؛ چوونەدەرەوە لە تارانی پایتەخت قەدەغەکرا

قەیرانی کڕۆنا لە تاران

دووابەدووای قووڵتربوونەوەی دووبارەی قەیرانی کۆرۆنا بەهۆی تەشەنەی جۆری دێلتای ئەو ڤایرۆسە لە ئێران، جوونەدەرەوە لە تارانی پایتەخت قەدەغەکرا.

جێگری فەرماندەی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران ڕۆژی سێشەممە ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٠ ڕایگەیاند، کە چوونەدەرەوە لەتاران بەرەو هەموو ڕێگەکان قەدەغەیە و هەر کەسێک ئەم فەرمانە پێشێل بکات بڕی یەک ملیۆن تمەن سزای مادی دەدرێت.

“تەیمور حسێنی” ئاماژەی بە دەستپێکردنی شەپۆلی پێنجەمی کۆرۆنا دا و وتی: “زیاتر لە ٢٩٠ شاری وڵات لە دۆخی سوور و هۆشداری‌دان، بۆیە هەندێک ڕێوشوێنی تازەمان دیاری‌کردووە.”

“عەلیڕەزا زاڵی”، فەرماندەی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای تاران ئاشکرایکرد کە ڕێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە تارانی پایتەخت هەڵکشاوە و وتوویەتی، تەنیا ڕۆژی سێشەممە ١٥ی پووشپەڕ ١٤ هەزار تووشبوو لە نەخۆشخانەکانی تاران بوون.

“ئەنوشیروان مۆحسنی بەندپەی”، پارێزگاری تاران ڕایگەیاندووە، کە هەموو جۆرە گردبوونەوەیەکی زیاتر لە ١٥ کەس قەدەغەیە.

هاوکات ڕێکخراوی بەهەشتی زەهرای شارەوانیی تاران (گۆڕستانی گشتیی تاران) بۆ پێنجەمین جار لەماوەی ساڵ و نیوی ڕابردوودا چووەتە دۆخی ئامادەباشەوە.

“سەعید خاڵ”، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی بەهەشتی زەهرا وتوویەتی، لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ئاماری گیان‌لەدەست‌دان بەهۆی کۆرۆنا بەشێویەکی بەرچاو زیادیکردووە، بۆیە ئێمە لەهەموو ڕوویەکەوە خۆمان ئامادەکردووە.

بەگوێرەی دووایین ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی پووشپەڕ ١٦٦ هاوڵاتی گیانیان لەدەست‌داوە و زیاتر لە حەوت هەزار حاڵەتی تووشبوون تۆمارکراوە.

بەم شێوەیە ژمارەی کۆی قوربانیانی کۆرۆنا لە ئێران تاوەکو ئەمڕۆ گەیشتە ٨٥ هەزار و ٢٦١ کەس.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *