لە تیرۆری چالاکوانانی سیاسییەوە تا هەڕەشه لە بنەماڵەی چالاکوانانی مەدەنیی کورد

هاوڕێ یوسفی
تیرۆری “بێهرووز (ڕێبین) ڕەحیمی”، ٤٩ ساڵان، پەناخوازی خەڵکی شاری سنە و چالاکوانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ٢٣یپووشپەڕی١٤٠٠ له شوێنی کارەکەی لە ناوچەی “ژاڵە”ی سەر به پارێزگای سلێمانی لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە، شەپۆلێکی گەورەی کاردانەوەی لە ناو چالاکوانانی سیاسی و مافی مرۆیی کورد و بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بەدواوە بووە.
هاوسەری بێهرووز رەحیمی باس لەوە دەکات کە چەند مانگ بەر لەمە، دوای ڕەتکردنەوەی پێشنیاری هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی، هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.
سەرباری ئەم تیرۆرە، پێدەچێت خولێکی نوێی گوشارەکان بۆسەر ژمارەیەک لە بنەماڵەی چالاکوانانی مافی مرۆیی و مەدەنی لە هەر سێ پارێزگای کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا و کرماشان دەستی پێکردبێت. ئەوان جگە لە بانگهێشتکردنیان بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان، بۆ هاوکاری و گەڕاندنەوەی منداڵەکانیان کە لە هەرێمی کوردستان یان تورکیادا نیشتەجێن، هەڕەشەیان لێکراوە.
ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی سێشەمە ١٣ی جولای ٢٠٢١، بەرپرسانی دادوەریی ئەیالەتی نیۆیۆرک چوار ئێرانیی بە پیلانگێڕی بۆ ڕفاندنی “مەسیح عەلینژاد”، ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری حکوومەتی ئێران لە ئەمریکا و داڕشتنی پلان بۆ ڕاگواستنی بۆ ڤێنێزوێلا و دواتر بۆ ئێران تاوانبار کردووە. پێش ئەمە، عەلینژاد وتبووی کە ناوەندە ئەمنییەتییەکان بڕیار بووە بە هاوکاریی یەکێک لە خوشکەکانی، لە ئیستانبول بیڕفێنن و بیگوازنەوە بۆ ئێران.
ڕفاندن و تیرۆری دژبەران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە خاکی وڵاتێکیتردا هەڵبەت بابەتێکی تازە نییە.
“ئێرانوایر” لەم ڕاپۆرتەدا لەگەڵ هاوسەری بێهرووز ڕەحیمی و بنەماڵەی ئەو چالاکوانە مەدەنییانەی کە ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشتی کردوون وتووێژی کردووە.
***
“زوڵێخا (ڕووناهی) ناسری”، هاوسەری بێهرووز رەحیمی کە ٢٣ی پووشپەڕ لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کرا، بە “ئێرانوایەر” دەڵێت: “نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە، دەوری سەعات یەک خاوەنکاری هاوسەرەکەم پێوەندی پێوەکردین و وتی بێهرووز لە کاتی کارکردن لەسەر خۆی چووە و ئێستا لە خەستەخانەی شۆڕش خەوێندراوە. ئەو هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لەگەڵ یەکێک لە نزیکان یان خزمان بچمە خەستەخانە بۆ لای بێهرووز. کاتێک لە خەستەخانە چاوم به بێهرووز کەوت سەرەتا پێموابوو لەسەر خۆی چووە بەڵان زانیم کە ئۆرگانەکانی دەوروبەری پشت و سکی لەبەر یەک هەڵوەشاوەتەوە و خوێنی زۆرییشی لەبەر ڕۆیشتبوو. پزیشکەکە پێیوتم تا پێش ئەوەی ببرێت بۆ ژووری نەشتەرگەری، لەگەڵی قسە بکە مەبادا خەوی لێبکەوێت. بێهرووز سەرەڕای هەوڵی پزیشکەکان، بە هۆی قووڵی برینەکان و خوێنبەربوونی، دوای پێنج کاتژمێر خۆڕاگری، لە خەستەخانە گیانی بەخت کرد.”
ڕووناهی ناسری لە زمانی هاوسەرەکەیەوە بەمجۆرە چیرۆکی هێرشەکەی گێڕایەوە: “دەوری سەعات ١٢ی نیوەڕۆ، لە کاتی چوونە ناو سوڵەی کۆمپانیاکەوە، لەناو سەیارەیەکی ڕەشی جۆری بیئێموێ (BMW) تەقەم لێکرا. چوون چەکەکەیان ئامرازی بێدەنگکردنی لەسەر بوو، سەرەتا کەس نەیزانی چ قەوماوە و ئەوانیش دەسبەجێ شوێنی ڕووداوەکەیان بەجێهیشت و ڕایان کرد.”
بە گوتەی ئەو، نزیک سێ مانگ بەر لەمە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە سەرباری ئەزیەت و ئازار و هەڕەشە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایتییەکان و ژمارەی نەناسراوەوە، ئەمجارەیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوسەرەکەیدا پێوەندییان گرتووە و بە ئاماژەدان بە هەژاری و دەسکورتی و دۆخی نالەباری ئابوورییان، سەرەتا پێشنیاری هاوکارییان دا لە بری پارە.
ئەو جەختی لەوە کردەوە کە هاوسەرەکەی بەوپەڕی دڵنیاییەوە پێشنیارەکەیانی ڕەتکردەوە و لەسەر هەڵوێستەکانی پێداگریی کرد: “چەند ڕۆژ دوای پێوەندییە یەکەمەکە، ئەوجارەیان، لە باتی پێشنیاری هاوکاریکردن، بە ڕاشکاوی هەڕەشەی کوشتنیان لێکرد.”
بێهرووز ڕەحیمی، ئەندامی یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی بوو. ئەو لەگەڵ هاوسەرەکەی دەوری ١٠ ساڵ پێش له ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەک پەناخواز و چالاکی سیاسی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
ناسری لەو باوەڕەدایە کە بەرپرسی سەرەکیی تیرۆری هاوسەرەکەی، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
باس لەوە دەکرێت کە هێزە ئەمنییەتییەکانی هەرێمی کوردستان دوای ڕووداوەکە، جگە لە بەدواداچوون بۆ چۆنیوەتیی ئەو تیرۆرە هەوڵی ئاشکراکردنی شوێنی خۆخشاردنەوە و هەروەها دەسبەرکردنی بکوژان دەدەن و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، سەرداوێکیان دەس نەکەوتووە.
ڕۆژی ڕابردوویش “سۆران ئارام”، خەڵکی شاری مەهابادی دانیشتووی ئیستانبولی تورکیا پێوەندیی بە “ئێرانوایەر”ەوە کرد و باسی بانگهێشتی دووبارەی دایکی، “زوڵێخا ساداتنژاد”ی کرد بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ.
بانگهێشتی دایکی ئەم چالاکە مەدەنییە لە کاتێکدایە کە ئەو پاش هەڵاتنی کوڕەکەی له ئێران، بەبێ هیچ تاوان و تۆمەتێک بەردەوام بانگهێشت کراوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و دەسبەسەر کراوە.
سۆران ئارام، تەمەن ٤٠ ساڵ، چالاکوانی مەدەنی و خەڵکی شاری مەهابادی سەر بە ئازەربایجانی ڕۆژاوایه که دوای دەسبەسەرکرانی ١٨ ڕۆژەی لە لایەن ئیتلاعاتی مەهابادەوە لە ساڵی ١٣٩٢دا، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان، لقی دووهەمی لێپێچینەوەی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر “زاهێری” به تۆمەتی “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی” و “تەبلیغ به دژی نیزام” بە زیندان سزا درا. لە کۆتایی هەمان ساڵیشدا له ڕێگەی دانانی بارمتەوە، دوای چورا مانگی زیندانیکران لە زیندانی مەهاباد، به شێویەکی کاتی ئازاد کرا و لەم ماوەدا ئێرانی بەجێهێشت و پەنای بردە بەر وڵاتی تورکیا.
سەرچاوەیەکی نزیک لەم بنەماڵەی ئەم چالاکە مەدەنییە بە “ئێرانوایەر”ی وت کە دوو حەوتوو بەر لەمە، خاتوو زوڵێخا ساداتنژاد سەرەتا لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە بانگهێشت کرا بەڵام دوای ئەوەی چووە ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە، پێیان ڕاگەیاند کە دەبێت بچێتە ئیتلاعاتی ورمێ.
ئەو هەروەها باسی ئەوەی کرد کە: “لە کۆتاییدا ناچار بووین بیبەینە ئیتلاعاتی ورمێ. لێپێچینەوەکەی نزیک سە کاتژمێری خایاند. کاتێک لە دەرگای ئیتلاعات هاتە دەرەوە، وەک ئەوەی خوێن لە دەمارەکانیدا نەمابێت، هەر دوو دەستی ڕەق هەڵاتبوون و لە عەزرەتان دەلەرزا. جگە لە بێڕێزی و ئازاردانی زمانی، جەختیان لەسەر ئەوە کردبوەوە کە ئەگەر ڕەزامەندیی سۆران بۆ گەڕانەوەی بۆ ئێران یان هاوکاریکردنی لەگەڵیان وەرنەگرێت، ئەوجارەیان بۆ بانگهێشتکردنی پێوەندیی پێوە ناکەن بەڵکوو هەواڵی مەرگی کوڕەکەی پێڕادەگەیەنن. هێزە ئەمنییەتییەکان هەروەها داوای ناونیشانی شوێنی کار و دانیشتنەکەی، ژمارە تێلێفۆنەکەی و ئەوانەی کە ئەو پێوەندیی لەگەڵیان هەیە کردووە.”
ئەم سەرچاوەیە دەڵێت کە سۆران ئارام کە لە ئیستانبولدا نانەوایی هەیە، لەم داخوازی و ناکۆکییەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ سەری سووڕماوە و گەلێک نیگەران و شێواوە: “سۆران دەڵێت کە جێگەی سەرسووڕمانە کە ئیتلاعاتی مەهاباد و ورمێ پرسیاری شوێنی کار و ژیان و تەنانەت ژمارەکەی ئەویان کردووە. ئەوان بۆخۆیان هەموو ئەو داتایانەیان لەلایە. جگە لەوەیش، زۆربەی کارمەندەکانی سەفارەتی ئێران لەم شارەدا مشتری نانەواییەکەی منن، نەک هەر شوێنی کار، بێگومان شوێن و جێگای ژیانی منیش دەزانن و بێخەبەر نین.”
ئەگەرچی ئەو هۆکاری ئەم چربوونەوە و گوشارانەی ئیتلاعاتی ورمێ و مەهاباد بۆ سەر دایکی نازانێت بەڵام لەم شێوازە “چەکوشی”یە زۆر نیگەران و بێتاقەتە.
لە لایەکیترەوە، ڕۆژی چوارشەمە ١٧یپووشپەڕی١٤٠٠یش “ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو” که ناوەندەکەی لە شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستانە، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکەوە، باسیان لە هەڕەشەی جیدیی له “ژیلا موستەئجێر” و “ئەرسەلان یارئەحمەدی”، که هەر دووکیان جگە لەوەی هاوسەرن، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبری ئەم ڕێکخراوەن، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە کرد.
لە بەیاننامەکەی ئەم ڕێکخراوەدا هاتووە: “کاربەدەستانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕێگەی بانگهێشتی بەردەوام و نایاسایی ئەندامانی ئەم دوو بنەماڵەوە لە ناوخۆی ئێران و به باسکردنی وردەکاریی ژیانی هاوبەشیان، باسیان له توانستی زانیاریی خۆیان کردوە و هەڕەشەی دەسوەشاندنیان لێکردوون.”
ئەم دوو چالاکوانە مەدەنییە پتر لە حەوت ساڵە وەک پەنابەر و چالاکوانی مافی مرۆڤ، له هەرێمی کوردستاندا دەژین.
بە گوتەی ئەرسەلان یارئەحمەدی، دوای دامەزراندنی هەنگاو لە ساڵی٩٦دا، بەردەوام بنەماڵەکەیان، بە تایبەت باوکیان به بیانووی جۆراوجۆر بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ڕوانسەری سەر بە پارێزگای کرماشان باگهێشت کردووە. بەڵام بە “ئێرانوایەر”ی وت کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا، بنەماڵەکەی بانگهێشت نەکراون. ئەو پێیوایە که لەم خولە تازەدا، گوشارەکان و هەڕەشەکان بە هاوئاهەنگیی ئیتلاعاتی ڕوانسەر و ئیتلاعاتی سەقز، پتر لەسەر بنەماڵەی هاوسەرەکەی، “ژیلا موستەئجێر” چر بوونتەوە.
بە گوتەی موستەئجێر کە خەڵکی شاری سەقزی سەر بە پارێزگای کوردستانە، بنەماڵەکەی پێش و پاش خەزەڵوەری١٣٩٨ بە بەردەوامی بانگهێشت کراون بەڵام پێیوایە کە دوای ئەم بەروارە و چالاکیی لە درێژەی میدیاییکردنەوەی هەواڵەکانی تایبەت بە پیشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان، ڕەفتار و جۆری هەڕەشەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز گۆڕدراون و چڕتر بوونەتەوە.
ئەم چالاکوانە مافی مرۆییە بە ئاماژەدان بە بانگێشتی بەردەوامی دایکی، خوشکەکانی و برا بچووکەکەی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز لە یەک ساڵی ڕابردوودا، بە تایبەتی لە سەرەتای ئەمساڵەوە، وتی کە لەو ماوەیەدا جگە لە هەڕەشە و ئازاری کەلامی و ناردنی وێنە درووستکراوی سێکسیستی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لانیکەم شەش جار و بە شێوەگەلی جۆراوجۆر بنەماڵەکەیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بانگهێشت کردووە.
ژیلا موستەئجێر باس لەوە دەکات کە لە ڕێگەی هەڕەشە و تۆقاندنەوە داوایان لە بنەماڵەکەی کردووە کە بۆ گەڕاندنەوەی بۆ ئێران لەگەڵیان هاوکاری بکەن: “دەوری ١٠ ڕۆژ بەر لەمە، ئەم جارەیان خوشک و برا بچووکەکەمیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز بانگهێشت کردووە و لانیکەم چوار کاتژمێر به جیا لێپێچینەوەیان لەگەڵ کردوون.”
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی موستەئجێر بە “ئێرانوایەر”ی وت: “پێشتر داخوازیی ئیتلائاتی سەقز لە بنەماڵەی موستەئجێر، کۆتاییهێنان بوو بە چالاکییە میدیاییەکانی ژیلا. بەڵام ئەم جارەیان سوورن لەسەر هاوکاریکردنی ئەوان و ڕازیکردنی خوشکەکەیان بۆ گەڕانەوەی بۆ ئێران.”
بە گوتەی ئەم سەرچاوەیە، ئیتلاعاتی سەقز هەر لە درێژەی ئەم لێپێچینەوەدا، باسیان لە وردەکاریی درووستی ژیانی ئەوان بۆ نموونە وێنەکانی ژیانی تایبەتییان، ماشین و شوێنی ژیانیان کردوون لە هەولێر. تەنانەت وتبوویان ئەو شەوی لە ڕیستۆرانی نزیک ماڵەکەی خۆیان خەریکی خواردنی شام بوون، تەنیا پێنج مەتر لێیانەوە دوور بوون.
هەروەها ئەوەیشی زیاد کرد کە: “داوایان لە بنەماڵەی موستەئجێر، بەتایبەت خوشکە بچووکەکەی کە پاسپۆرتی نییە، کردووە کە بۆ گەڕاندنەوەی ژیلا بۆ ئێران هاوکارییان بکات و تەنانەت بۆ فەراهەمکردنی زەمینهکانی گفتوگۆ لەگەڵ ژیلا، تێچوو و دەرفەتی سەفر بۆ هەرێمی کوردستانیشی بۆ دابین دەکەن.”