ناڕەزایی مامۆستایان لەکوردستان؛ لەسەرکوتی دەوڵەتیەوە تا بەردەوامبوونی داواکاریەکان

دوای ناڕەزایەتیی بەرین و سەرتاسەریی مامۆستایانی شاغڵ و خانەنشینکراو ئێران، ئەمڕۆ چوارشەمە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٠ پڕۆژە یاسای پلەبەندیی مامۆستایان لە مەجلیسی شوورای ئیسلامیدا پەسەند کرا.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە مامۆستایانی شاغڵ و خانەنشینکراوی زیاتر لە ١٥٠ شار و گوند لە پارێزگا جۆراوجۆرەکانی ئێراندا بە بەرێوەبردنی دوو مانگرتن لە ڕۆژانی شەمە و یەکشەمە و گردبوونەوەی سەراسەری لە ڕۆژی دووشەمە ڕابردوودا لە بەردەم ئیدارەی ئامووزش و پەروەرشی پارێزگا و شارەکانی ئیڕاندا، جارێکیتر پێداگرییان لەسەر داخوازییە پیشەییەکانی خۆیان کردەوە.
مانگرتن و گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایانی شاغڵ و خانەنشینکراو لە زۆربەی شارەکانی کوردستانیش لەوانە کرماشان، جوانڕۆ، بۆکان، ئیلام، تیکاب، کامیاران، بیجاڕ، قوروە، دیواندەرە، سنە، سەقز و زێویه، مەریوان و سەوڵاوا و دێولاندا بە ڕێوەچوو.
ئەگەرچی مامۆستایانی شاغڵ و خانەنشینکراوی هەندێک لە شارەکانی کوردستان لەوانە مهاباد، سەردەشت، شنۆ، پیرانشار و نقده بەشدارییان لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتییەکەی ڕۆژی دووشەمەدا نەکرد، بەڵام ئامادەبوونی “غیاس نێعمەتی”، چالاکی پیشەیی مامۆستایان و ئەندامی “ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان” لە بەردەم ئیدارەی ئامووزش و پەروەرشی شاری پیرانشاردا ڕەنگدانەوە و کاردانەوەی زۆری لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە.
غیاس نێعمەتی، چالاکی پیشەیی مامۆستایان ماوەی ساڵێکە بە شێوەیەکی کاتی گوازراوەتە بۆ یەکێک لە قوتابخانەکانی پیرانشاری سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا.
لە لایەکیترەوە، لەم وەرزە تازەی ناڕەزایەتییەکاندا مامۆستایانی شارەکانی مەریوان، سەقز و سنە زیاترین بەشدارییان لەم گردبوونەوە ناڕەزایەتییەدا هەبووە و بە هەزاران کەس لە مامۆستایان بە وتنەوەی درووشمی “ڕوتبەبەندی ڕەوایە، داخوازیی مامۆستایە”، “خوێندنی سەردەمیانە مافی قوتابییەکانە” و “هاتە مەیدان مامۆستا قورس و قایم ڕاوەستا” گردبوونەوەکەیان دەخرۆشاند.
بەپێی ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە شارەکانی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان و مامۆستایانی خانەشینکراو زیاتر لە مانگرتنەکانی پێشوو، بەشداریی گرمیان هەبووە لە ناڕەزایەتییەکەی ڕۆژی دووشەمەدا.
سەرباری ئەمە، دەوڵەت و هێزە ئەمنییەتییەکانی لە کوردستان هەوڵیانداوە لە یەکەم ڕۆژی مانگرتنەکانەوە بە بانگهێشتکردن، هەڕەشە و لێدان و کوتانی مامۆستایانی، ڕێگە لە مانگرتن و گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان بۆ بەدواداچوون و پێداگریی لەسەر مافەکانیان بگرن. هەر ئەمە بووبە هۆی کاردانەوە و ناڕەزایەتیی زیاتری مامۆستایان و بەشداری بەرینتر و بەتینتریان لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی دووشەمەی ڕابردوودا.
بەپێی هەواڵێک کە به “ئێرانوایەری کوردی” گەیشتووە، ڕۆژی شەمە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ “مەجید کەریمی”، چالاکی پیشەیی مامۆستایان و ئەندامی “ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان” لە لایەن حێراسەتی گشتیی ئامووزش و پەروەرشیی سنە، ناوەندی پارێزگای کوردستانەوە بانگهێشت و پتر ٢ کاتژمێر و نیو لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە سەبارەت بە هۆکاری بانگهێشتکردنی مەجید کەریمی وتی: “هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی لێپرسینەوە لە ئەم چالاکە پیشەییەی مامۆستایاندا جگە لەوەی هەستیاربوون سەبارەت بە وتنەوەی درووشمە کوردییەکان لەناو گردبوونەوەی مامۆستایانی ناڕازیدا، پێیان وتووە کە ئێمە بە وردی هەڵسوکەوتی چالاکانی پیشەیی مامۆستایان چاودێریی دەکەین.”
ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەمان ڕۆژ “ئامانج ئەمینی”، چالاکی پیشەیی و ئەندامی “ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی سەقز و زێویە”، دوای بانگهیشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز درایە بەر لێدان و کوتان و دواتر هەڕەشەی کوشتنی لێکرا.
مامۆستایەکی خانەنشینکراوی خەڵکی سنە، کە بەشداریی چالاکانەی هەبوو لە گردبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەمەی ئەم شارەدا، کاردانەوەی جەماوەری مامۆستایانی ناڕازی بەرامبەر نەهاتنی بەرپرسی گشتیی ئامووزش و پەروەرشی پارێزگای سنە بۆ ناو گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکە، بەم جۆرە بۆ “ئێرانوایەری کوردی” گێڕایەوە: “مامۆستایانی ناڕازی پاش ئەوەی داوایان لە بەرپرسی گشتی کرد بەشداری بکات لە ناڕەزایەتییەکەدا بەڵام بە بیانووی ئەوەی لەگەڵ وەزیر قسە دەکات بەشداری لە گردبوونەوەکەدا نەکرد. هەر ئەمە مامۆستایانی ئەوەندە تووڕە کرد هوویان لە بەرپرسی گشتیی ئامووزش و پەروەرشی پارێزگا کرد؛ ئەویش لە ترسان تا کۆتایی گردبوونەوەکە خۆی شاردەوە.
بە گوتەی سەرچاوە خۆجێیکان لە شارەکانی سنە، مەریوان و سەقز هێزە ئەمنییەتییەکان لەوانه هێزەکانی سەر حیفازەتی سپای پاسداران، حیراستی گشتیی ئامووزش و پەروەرش و ئیدارەی ئیتلاعات ئامادەییەکی بەرچاویان هەبووه لە ناو گردبوونەوەکانی ئەم سێ شارەدا و لە زۆربەی حەشیمەتە ناڕازییەکە و وتاربێژان فیلم و وێنەیان هەڵگرتووە.
لە پاڵ داخوازیی پڕۆژە یاسای پلەبەندی و یەسانسازیی مووچەدا، ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتی و خوێندن بە زمانی دایکی دوو درووشمی سەرەکیی مامۆستایانن لە پارێزگاکانی کوردستان، سیستانوبەلووچستان، ئازەربایجان و خووزستان.
ئەگەرچی داخوازیی گشتیی مامۆستایان لە ئاستی سەراسەری و گشتیدا لە دوو بەشدا پۆلێنبەندی بکرێن؛ یەکەم، ئەو داخوازییە گشتییانەی کە لە لایەن مامۆستایانی شاغڵ و خانەشینکراو، چالاکانی پیشەیی و هەروەها میدیایی بواری پەروەردە باسیان لێدەکرێت و پتر لەسەر کۆمەڵێک داخوازیی وەک خۆشگوزەرانی، بیمەی دەرمانی، بژێوی، کێشە و گرفتەکانی قوتابخانەکان و خزمەتگوزاری بۆ قوتابخانەکان و وانەکان چڕ دەبنەوە.
دووهەم، داخوازیی چالاکانی پیشەیی مامۆستایانە کە لە لایەن ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانەوە باسیان لێدەکرێت لەوانە دژایەتیکردن لەگەڵ تایبەتیکردنەوە لە بواری پەروەردە و ڕاهێناندا، دژایەتیکردنی پەروەردەی ئایدیۆلۆژیک کە پتر پێوەندیی بە مافەکانی قوتابیانەوە هەیە و کوالیتیی پەروەردە لە چوارچێوەی پەروەردە و ڕاهێناندا کە لە ڕێگەی ئەنجومەنە پیشەییەکانی مامۆستایانەوە پداگرییان لەسەر دەکرێت و دەهێنرێنە ئاراوە.
مامۆستاکانی کوردستان جگە لە پێداگری کردن لەسەر داخوازیی خوێندن بە زمانی دایکی و وەدیهاتنی ئەسڵی ٣٠ یاسای بنەڕەتی کە ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبووە لە گردبوونەوە و درووشمەکانیدا، داواکارن دەور و دەستیان هەبێت لە داڕشتنی ناوەرۆکی کتێبەکانی خوێندن بۆ هەر سێ قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی.
ئەوان بڕوایان وایە کە ناوەرۆکی کتێبەکانی خوێندن بۆ قوتابیانی ئەم سێ قۆناغە چونکە لە پایتەخت و ناوەندی ئێرانەوە دادەڕژرێن، خاوەن ناوەرۆکێکی یەکسانن و جیاواییە بنچینەییە کولتووری، مێژوویی وجوگرافیاییەکانی ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێرانیان تێدا ڕەچاو نەکراوە و پتر لە قازانج و بەرژەوەندیی سیستمەکە سیاسییەکەیە تاکوو سسیستمی پەرەوەردە و قوتابیان؛ لەبەر ئەوەی دەوڵەت و دامودەزگا پەروەردەییەکانی خۆی، ڕەچاو کردنی ئەم جیاوازییانە بە هێڵی سوور دەزانێت و ئامادە نییە جیاوازییەکان بەو جۆرەی کە هەن بە فەرمییان بناسێت.