هێرشی تووندڕەوە جیهادییەکان به شمشێر و وتنی ئەڵاهوئەکبەر؛ لە مەریوان چ باسە؟

هێرشی جیهادیەکان لە مەریوان

هاوڕێ یوسفی

گرووپێکی تووندڕەوی جیهادی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بیانووی “کفرکردن”ی چند گەنجی گەڕەکی “دارسێران”ی مەریوان، بە شمشێر، قەمە و چەقۆ و وتنی “ئەڵاوئەکبەر”ەوە هێرشیان کردۆتە سەریان. لە کاتێک‌دا کە خەریکی بڕینی سەری ئەو گەنجە بوون، ژنان و پیاوانی گەڕەکەکە بە هاوارێیەوە دەچن و گیانی ڕزگار دەکەن.

شایەتحاڵەکان دەڵێن لە ئێستادا حاڵی ئەم شارۆمەندە مەریوانییە خراپە.

ئەمە لە حاڵێک‌دایە کە تووندڕەوە جیهادییەکان سەرباری هەڕەشەکردن لە دانیشتوانی گەڕەکەکە، لە کاتی بەجێ‌هێشتنی گەڕەکە، بە خەڵکەکەیان وتووە “دووبارەی دەگەڕێینەوە.”

هێرشی تووندڕەوە جیهادییەکانی مەریوان جگە لە دەنگەدانەوەی بەرینی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌دا، کاردانەوەی تووندی خەڵکی شارەکەی بەدواوە بووە. بە گوتەی شایەتحاڵەکان، هێزە ئینتزامی و ئەمنییەتییەکانی مەریوان سەرباری ئاشکرابوونی ناوی تاوانباران، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هێشتا دسبەسەریان نەکردوون و خەڵکەکە لە ترسی هێرشی دووبارەیان، سێ شەو و ڕۆژە کە بە دار، کوتەک و تەورەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان ئامادەن.

“ئێران‌وایەر” هەر لەم پێوەندەدا لەگەڵ “ساڵح سەرداری”، چالاکوانی سیاسیی دانیشتووی ئەڵمانیا کە خەڵکی مەریوانیشە، وتووێژی کردووە و جگە لە باس‌کردنی هۆکارەکانی بێ‌دەنگی هێزە ئینتزامی و ئەمنییەتییەکانی مەریوان، پەرژاوەتەسەر دۆخی تووندڕەوە جیهادییەکان لە مەریوان‌دا.

***

شەوی ١١ی‌گوڵانی١٤٠٠، هەشت کەس لە تووندڕەوە جیهادییەکانی مەریوان لە گەڕەکی دارسیڕانی ئەم شارە بە دوو سەیارەی “پێژۆ” دابەزین و بە وتنی دروشمی “ئەڵاوهوئەکەبەر” بە شمشێر، قەمە و چەقۆ و بە بیانووی کفرکردنی ژمارەیەک لە گەنجان و دانیشتوانی ئەم گەڕەکە هێرشیان کردۆتە سەریان. دوای دەستەویەخەبوون و لەیەکدان، گەنجێکیان گرتووە کە لە کاتی بڕینی سەری‌دا، ژنان و پیاوانی گەڕەکەکە هاتوون بە هاوارییەوە، گیانیان ڕزگار کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ خەستەخانە.

شایەتحاڵان بە “ئێران‌وایەر”یان وت یەکێک لە جیهادییەکان لە کاتی لێدانی گەنجەکەدا، هاواریان کردووە: “مەترسن، سەری بپەڕێنن! کوشتنی فەرزە، ئەگەر بکوژرێت دەستەکانمان سەوز دەبێت.”

ئەو شایەتحاڵانە هەروەها ئەوەیشیان وت کە جیهادییەکان دوای پێکدادانەکە و لە کاتی بەجێهێشتنی شوێنی ڕووداوەکە، بە دەنگی بەرز هاواریان کردوو: “دووبارەی دەگەڕێینەوە.”

ناوی ئەو کەسەی کە تووندرەوە جیهادییەکان ویستوویانە بیکوژن، “جەماڵ فەیزی” (مینە عەلە)، ٣٢ ساڵان و خەڵکی شاری مەریوانە. سەرچاوەیەکی نزیک لەم بنەماڵەیە بە “ئێران‌وایەر”ی وت: “حاڵی جەماڵ باش نییە و جگە لەوەی سەری بە تووندی بریندار بووە، گەردنی بڕاوە و تاکوو ئێستا هەر لە خەستەخانەدا لەژێر چاودێریی پزیشکی‌دایە.”

بە گوتەی شایەتحاڵێکی‌تر، دوای ڕوودانی ڕووداوەکە و دەنگدانەوەی خێرای هەواڵەکە لە شاری مەریوان، زۆربەی دانیشتوانی گەڕەکی دارسێران و گەڕەکەکانی‌تری ئەوە شارە، بە تایبەت گەنجان، وەک ناڕەزایەتی لە “مەیدانی دارایی” دارسیڕان کۆبوونەوتەوە و خۆیان بۆ تۆڵەکردنەوە  ئامادە کردووە: “بەڵام هێزە ئینتزامی و ئەمنییەتییەکان بە بەڵێنی دەسبەسەرکردنی تاوانباران، بڵاوەیان پێ‌کردوون.”

ئەم شارۆمەندە مەریوانییە جگە لە ئاماژەکردن بە ڕەفتاری نامەسئوولانەی هێزە ئینتزامی و ئەمنییەتییەکانی مەریوان، بە “ئێران‌وایەر”ی وت کە دوای سێ ڕۆژ بەسەر ڕووداوەکە و سەرباری ئاگاداربوونیان لە هێرش دووبارە و هەڕەشی ڕاشکاوی تووندڕەوە جیهادییەکان، هێشتا تاوانبارێکیش دەسبەسەر نەکراو و ئەگەری ئەوە هەیە لە هەر ئان‌وساتێک‌دا دیسان هێرش بکەنە سەر گەڕەکە و کارەساتێک ڕووبدات.

ئەوەیشی زیاد کرد کە: “زۆربەی خەڵکی مەریوان چونکە گومانیان لە هەڵس‌وکەوتی ناکۆکی هێزە ئینتزامی و ئەمنییەتییەکان لە پێوەندی‌دا بە دەسبەرسەرکردنی تاوانبارەکانەوە هەیە، بۆخۆیان خەریکی چاودێری‌کردنی هەڵس‌وکەوتی تووندڕەوەکانن و چاوەڕوانی جووڵەی دواتری ئەوانن. خەڵکەکە بڕیاریان داوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و سەربەست لە دژیان بوەستنەوە چونکە گومانیان نییە لەوەی که بێ‌دەنگیی هێزە ئینتزامی و ئەمنییەتییەکان و دەسەبەرنەکردنی تاوانباران دەگەڕێتەوە بۆ ڕەزامەندی و پێخۆشبوونیان سەبارەت بە هێرشەکە. کەواتە، ناچارین خۆمان تێ‌بکۆشین و بە شێوەگەلی جۆراوجۆر بەرگری لە خۆمان بکەین.”

“ساڵح سەرداری”، چالاکوانی سیاسیی دانیشتووی ئەڵمانیا کە خەڵکی مەریوانە، هێرشی تووندڕەوە جیهادییەکان بۆسەر گەنجان و خەڵکی مەریوان بە ڕووداوێکی تازە نازانێت.

ئەو بە “ئێران‌وایەر”ی وت کە ساڵی ڕابردوویش نموونەگەلی هاوشێوەی ئەمە ڕوویداوە، کە چەند کەس لەم تووندڕەوانە بە بیانووی کفرکردنەوە کرێکارێکی مەریوانیی سەرسنووری “باشماخ”یان گرتووە و تا توانیویانە لێیان‌داوە: “تەنانەت چەند ڕۆژ پێش هێرشەکەی ئەم دواییانە بۆسەر دارسێران، ژنێکی جیهادی لەگەڵ دووکان‌دارێک لە بازاڕێ مەریوان‌ بە هۆی ئەوەی جگەرەی کێشابوو بەشەڕ هاتبوو و دوای دەوری سەعاتێک، ئەم جارەیان لەگەڵ چەند جیهادیی‌تر گەڕابوونەوە لای دووکان‌دارەکە و لێیان‌دابوو.”

ساڵح سەرداری بە ئاماژەدان بە پێوەندیی بەرەوام و چالاکیی چڕوپڕ، ڕێکخراو و تۆڕئاسای تووندڕەوە جیهادییەکان، لە کرماشان و سەنە و مەریوانەوە بگرە تا دەگاتە سەقز و بۆکان و بانه، ئەگەر هێرشی دووبارە بۆسەر دارسێران بە دوور نازانێت.

هەروەها گومانی لەوە نییە کە بێ‌دەنگیی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر ئازار و ئەزیەتێک کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە لایەن ئەم گرووپانەوە بەرامبەر بە خەڵکی مەریوان کراوە، هەم بە نموونەی سەلمێنەری قسەکەی دەزانێت و هەم ئەم شێوازە لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامیش بە دەرفەتێک دەزانێت کە دەستی ئەم تووندڕەوە جیهادییانە ئاوەڵا دەکات بۆسەر هێرش‌کردنەسەر مافی شارۆمەندان و پیشێل‌کردنی ژیانی تایبەتی و کەسییان تا لە کووچە و کۆڵان، بازاڕ و تەنانەت لە پارکەکان و شوێنە گەشتیارییەکانی مەریوان‌دا ڕێگەیان لێ‌بگرن و بە قسە سووک و بێ‌ڕێزی و لە هەندێک حاڵەتیش‌دا هەڕەشی مەرگ لێ‌بکەن و تەنانەت لێیان بدەن.

یەکێک لە شارۆمەندانی دارسێرانیش بە ئاماژەدان بە ڕێکخستنی تۆڕێکی خەڵکی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەناو خۆیان‌دا بە مەبەستی چاودێری‌کردن و جووڵەی لەناکاوی تووندڕەوە جیهادییە ناسراوەکانی مەریوان، هاوشێوەی ساڵح سەرداری بیردەکاتەوە و لاەی‌وایە تووندڕەوە جیهادییەکان لە ئێستادا خۆیان شاردۆتەوە بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە ئەوان هەڕەشەکەی خۆیان نابەنەسەر.

ئەو لە زمانی چەند شارۆمەندی مەریوانیی‌ترەوە بە “ئێران‌وایەر”ی وت کە تووندڕەوە جیهادییەکان دوای بەجێهێشتنی شوێنی ڕووداوەکە، داوایان لە هاوبیرانی خۆیان لە گوندەکانی دەوروبەری مەریوان کردووە بێن بە هانایانەوە: “ژمارەیەک لە تووندڕەوە جیهادییەکان لە گوندەکانی ناوچەی “چەم شامیان”، بە تایبەت لە “دووڕووە”وە بۆ هێرشی دووبارە هاتوونەتە مەریوان. تەنانەت پێرێ چەند کەسیان چوونەتە ماڵی یەکێک لە سەرکردە ناسراوەکانی تووندڕەوە جیهادییەکان لە گەڕەکی “کونەدێ”ی مەریوان و تا ئێستا ڕوون نییە نیازیان چییە و دەیانەوێت چی بکەن.”

بەڵام ساڵح سەرداری لە درێژەی وتووێژەکەدا جگە لە پێداگرتن لەسەر ئاوەڵاکردنی دەستی تووندڕەوە جیهادییەکان لە مەریوان وەک شارێکی هەستیاری سەرسنوور لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، پێیوایە کە ئەم شارە و گوندەکانی دەوروبەری بۆتە مۆڵگە و بواری چالاکیی ئەم گرووپە جیهادییانە: “پێویستە ئەوە بزانن چەند کەس لە ڕێکخەرانی سەرەکیی توونددڕەوە جیهادییەکان لە مەریوان، لە بنەڕەت‌دا خەڵکی هەرێمی کوردستانن بەڵام بە هۆکار ئەمنییەتی، دوای لەناوچوونی حکوومەتی “سەدام حسێن” لە عێراق، لە خولی جۆراوجۆردا، بۆ نموونە دوای هێرشی تیرۆریستیی ١١ی سێپتامبەر لە ئەمریکا، دەربازی ئێران بوو و لە شارەکانی کوردستانی ئێران، بە تایبەت لە مەریوان‌دا جێگیرکراون و لە درێژ ماوەیش‌دا بوونە بەشێک لە سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.”

بە گوتەی ساڵح سەرداری، زۆربەی تووندڕەوە جیهادییەکانی مەریوان و باقیی شارەکانی‌تری کوردستان سەرباری هەبوونی پێوەندیی بەردەوام و شاراوە لەگەڵ تووندڕەوە جیهادییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، دوای ئەوەی “داعش” بە فەرمی خۆی ڕاگەیاند، لەگەڵ سەرکردەی ئەم گرووپە جیهادییەدا بەیعەتیان کرد و بوونە بەشێک لە ڕێکخستنە نهێنییەکانی ئەم گرووپە دژەمرۆییە.

ئەو دەڵێت زۆربەی ئەم کەسانە یان بۆخۆیان، یان منداڵەکانیان یان ئەوانەی ناردوویانن بۆ بەرەکانی جەنگ لە سووریا و عێراق، لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەم دوو وڵاتەدا کوژراون: “ژمارەیەک لە سەرکردەکانی تووندڕەوە جیهادییەکان لە گەڕەکی چوارباخ”ی مەریوان‌دا دەژین. ئەوانە لەمێژە کە بەیعەتیان داوە بە “ئەلقاعیدە” و داعش و وەک ڕێکخەرانی سەرەکی و بەرپرسانی باڵای تۆڕی ئەلقاعیده و داعش لە مەریوان و گوندەکانی دەروبەری، بەبێ ڕێگریی زەقی کۆماریی ئیسلامیی ئێرانەوە، ئازادانە سەرقاڵی پروپاگاندا، هەڵخراندن، ڕێکخستن و ناردنی گەنجانی ناوچەکەن بۆناو ئەم گرووپە جیهادییانە لە سووریا، عێراق و ئەفغانستان.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *