” هێمن ” ئەستێرەی گەشی موکریان و کانیاوی هەزار نۆش !

هيمن موکریانی

ڕەشاد – مستەفا سوڵتانی

گوڵانی ١٤٠٠ی هەتاوی( ئاپریلی ٢٠٢١)

             ( هێمن ١٩٨٦-١٩٢١ )

١- بیری سیاسی :

 ٢- هەڵویستی ڕاشکاو  :

 لە ڕوانگەی زانستی کۆمەڵایەتیەوە چاولە کێشەی ژنان دەکات. وەک ڕێزداران: مامۆستا قانیع ، شێرکۆ بێکەس و گۆران بەئاشکراو ڕاستەوخۆ و بەشێوەیەکی مودێڕن و سیکۆلارلە مافی ژنان داکۆکی و پشتیوانی دەکات. لە بەستێنی دڵداری و ئەڤین بێ پەروا بووە. سەبارەت بە کچانی ڕووگەش وچاو گەش وجوانی چاو پڕ لە شەرم ، کە وەک ئاسک لە سێبەری ئەشکەوت سڵ دەکەن شیعری داناوە. لە گەڵ هزرو بیری ئیسلامی سیاسی و کۆنەپارێزی و بیر و ئەندیشەی ” کات بەسەرچوو”  ناکۆک بوو و سنووری داناوە. بە دیدی پێشکەوتوانەوە کۆسپ وگرفتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی ژنان شی کردوەتەوە. بێ ترس و لەرز لە مەی و مەیخوار ، مەی خانەچی ، بادە و بادە نۆش، مەیگێڕ و شەرابی سوور و تاڵ باس دەکات. هەندێک لە هۆنڕاوەکانی، مێژووی سەردەم و هاوچەرخن کە تابلو – شیعرن و فرە ناوڕۆکیان دەوڵەمەندە . شیعرەکانی ناسک و خەیاڵ تێدا دەفرێ و وەک سوێسکە خۆش ڕەوتە و لە نوکی خامەکەی گەوهەری فڕێ داوە و بلاوینە .

٣- پێشوازی شارۆمەندانی سنە :

 ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لایەنگرانی ئەدەبی کوردی کۆڕێکیان بۆ مامۆستا هێمن لە شاری سنە ڕێک خستبوو. لەو مەراسمەدا بەشداریم کرد و، بۆ یەکەم جار مامۆستا هێمنم دیدار کرد. شارۆمەندانی شاری سنە پێشوازێکی گەرمیان لێکرد کە بێگومان شیاوی مامۆستا هێمن بوو. لەو کاتانە کە هێژمونی سیاسی ئێران نە لە دەستی سیستمی شادا مابوو و ،نە حکومتی سێدارە بە دەسەڵات گەیشتبوو، کتێبی کوردی تاڕادەیەکی نادڵگیر چاپ و بڵاو دەبوەوە. برادەرێکی سابڵاغی جەناب کاک (عین- قاف) کە بەرپرسی ئوڕگانێک لە شاری سنە بوو ، کتێبی تاریک و ڕوونی هەبوو، کە بۆ کورت ماوە دەس بەدەس لە نێوان ڕووناکبیران دەگەڕا. لەو بەڕێزە خۆشەویستە هەزاران تکام کرد، تەنیا بۆ دوو شەو تەحویلی دام . ئەوەندە لە شیعرەکان ڕازی بووم ، ئەو دوو شەوە دەس نوسێکم لێ نوسیەوە و ئەگەرچی زەحمەت و ڕەنجی فراوان بوو ئەمما بەو جۆرەش هەر دلخۆش بووم ،یانی دیوانێکم لە تاریک و ڕوون بۆ خۆم و باوڕ پێکراوانم ئامادە کرد. ئێتر هێواش هێواش و زۆر تر هۆگری زمان و ئەدەبیاتی کوردی بووم و لە سەر کانە بەردی ڕەق ڕوام .

٤-  ڕووخاندنی کۆماری لە بیر نەکراو:

تەمی مەرگ رۆژهەڵاتی کوردستانی داپۆشیبوو ، هەر بۆیە مامۆستا هێمن ئەزمون، سەرکەوتنەکان و شکستەکانی کۆماری کوردستانی بەکۆڵ هەڵگرت و بەرەو پارچەیەکی تری کوردستان گواستیەوە. تێگەیشتبوو چ تارماییەکی ڕەش و بەسام و نیزامێکی خوێن مژ هەڕەشە لە نەتەوەیەک دەکات. هەم لە بواری شیعری سوننەتی و کلاسیک و هەم لە بواری شیعری نوێ خامەی هەڵسوڕاندووە و بەرهەمی بێ هاوتا، قەشەنگ و لە بەردڵانی خولقاندووە. هەمیشە گلەیی دەکرد کە زۆربەی ڕووناک بیرانی کورد، ئەوەندە بۆ فەرهەنگ ، کولتور و زمانی داگیرکاران خزمەت و خۆ ماندوو دەکەن ، هەرگیز بەو شێوەیە بۆ زمانی کوردی و کولتور و فەرهەنگی کوردی خزمەت و خۆ ماندوو ناکەن. کاراکتری هێمن بە لەونێک بوو کە متمانەی بە خۆ هەبوو و ، ئاستی متمانەکەی لە چڵە پۆپەی خۆیدا بوو . لە ڕوانگە وهەڵسەنگاندنەکانی و بە پێوەری زانستی و بوێرانە زمانی کوردی بەزمانێکی دەوڵەمەند ناو دەبرد،  کەخاوەنی گەنجێینەیەکی گرانبەهای شێوە زار و دیالکتەکانە.

٥- خزمەتی خۆڕایی ئامانجی نە پێکا :

مامۆستا هێمن دەیگوت پێنج سەدساڵە نەتەوەی کوردخزمەت بە زمانە کانی تورکی ، فارسی و عەرەبی دەکات و لە پڕۆسەی مێژوودا ئازار شکێن نین ، کە چی زمانی کوردی خزمەتی بەرچاوی قەد نە کراوە . لە گۆڤارەکانی نیشتمان، هەڵاڵە ، کوردستان و سروە بە خامە رەنگینەکەی وتار، پەخشان و شیعری ناسک و گوڵهەناری بڵاو کردوەتەوە. پاش لە سێدارە دانی کۆماری جوانە مەرگی کوردستان ، خێرا بەرەو غەریبی و تاراوگە کۆچ دەکات و، لە باشوری کوردستان دەگیرسێتەوە . هێمن نەفرەتی لە  شەوەزەنگ وتاریکی کردو ،لە باشوور چرایەکی داگیرساند و سەلماندی خامە و قەڵەم لە شمشیر بە هێزترە. سەرەڕای شیعر و پەخشان و ڕۆمانی کورت ، شارەزایانە هەندی لە شاکارە بێ وێنەکانی ئەدەبیاتی نێو نەتەویی تەرجومە کردوەتەوە ولەو بوارەدا ڕچەی بەرزی شکاندووە و،یادگاری شیرینی بەجێ هێشتوە .  تەرجومەکانی لە گوڵباخی نێو پەرژینی بناری کوێستان دەچن . کتێبی ” شازادە و گەدا” ی مارک توێنی بۆ سەر زمانی کوردی تەرجومە کردوەتەوە کە بە داخەوە هێشتا چاپ نە کراوە . هێمن تا ئاستێکی کەم خۆی لە بواری ساتیر و گاڵتە و هەجو ،داشورین و تەنز داوە. لە ڕوانگەی مامۆستا هێمن ، گفتوگو و ژیان لە گەڵ گوند نشینان یارمەتی فێر بوونی زمانی کوردی دەکات . چونکوو سیستمی داسەپاو بە سەر شارە کوردنشینەکاندا سامناکە، بارودۆخ بۆ فێر بوونی زمانی کوردی هەرگیز گونجاو نە بووە.

رەنگە هێچ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی تەنانەت ماددە هۆشبەرەکانیش بە ئەندازە ولەئاستی زمانی کوردی ”  قەدەغە وقاچاخ” نەبووە. لەو سیستمانەدا دوگماتیزم ، تەسک بینی، تاریکی و بیری ژەنگ هەڵگرتوو بەردەوام لە هێرش کردندا بووە. سیاسەتی حکومەتەکانی سووریا، تورکیا و ئێران ئەوپەڕی سیاسەتی شوێنیستی و مەزنخوازانەیە و، لە کردەوەدا کتێب داپاچ ، دوژمنی زانست ، لەش کوژ و بیر کوژن. بێگومان شیاوی تفبارانن و کارتێکەرییەکی فرە تێکدەرانەیان لە سەر گەشەی زمانی کوردی داناوە. لە ساڵی ١٣٢٤ ی هەتاوی  ( ١٩٤٥ ی زاینی ) ەوە بە فەرمی زمانی کوردی سانسورو، لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەم سێ وڵاتەوە ئەتک و سوکایەتی پێکراوە. لە ماسمێدیایش وەک تاوانی فرە گەورە ، تەبلیغ و پڕۆپاگاندەی بێزەوەر و ژەهراویان بۆ کردووە .

٧- پێڤاژەی شیعری بەرز و ڕۆمان :

هێمن لە شیعردا نرخی بۆ کێش داناوە ،بەڵام لە ڕوانگەی هێمن سەروا (قافیە) لە شیعردا مەرج و زۆر گرینگ نیە. مامۆستا هێمن لە وەسفی خۆیدا دەڵێت : ئەگەر هەڵۆی بەرزە فڕ نەبم ، بازی چاو دووراویش نیم  و ئەرکی نەتەوایەتی خۆمم بە جێ گەیاندووە و لە لای ویجدانی خۆم ڕوو زەرد و شەرمەزار نیم ! و شیعر ئاواپێناسە دەکات : شیعر تەم و مژێکە کە لە ژوور و ژێری کۆلکە زێڕینەیەکی ڕازاوەدا خلۆردەبێتەوە. هێمن شانازی بە کۆپلە شێعری ” شەنگە بێری”  دەکات و دەڵێت : پێش من کەس لەو فورمە شیعرەی نەگوتوە و لەم بەستێنەدا ،پێ وایە مامۆستا گۆران گەڕاوەتەوە بۆ وەزنی هیجایی ، کە وەزنێکی فولکلوڕی کۆن باوی کوردەواریە. مامۆستا هێمن ڕچەیەکی بەرزی لە ئەدەب و شیعر و زمانی کوردی شکاندووە و، قەڵایەکی لە شکست نەهاتوو بووە کە زمانی کوردی پاراستوە و بواری گەشە کردنی ڕخساندووە. قەڵایەک ئەوەندە مەزنە کە تەنیا بەپەیژەی خەیال دەکرێ بۆی بچی. هاولف و هاوتای مامۆستا هێمن لە بەستێنی زمانی کوردی کەمە . هەموو بەرهەمە کانی مامۆستا هێمن ڕوانگەی بەرزی ئۆمانیستیان تێدایە ولە پێڤاژەی مێژوودا تازە و خەیاری گوڵ بەدەمن. هۆنراوەکانی مامۆستا هێمن لە گوڵاڵە سوورەی گوێ ڕووبار و چەم دەچن ووەک دەنکی هەنار جوان و دڵگیرن. پەخشانەکانی مامۆستا هێمن رووح و دڵ دەگەشێنن و، لە نەسیم و سروەیەکی       ” هێمن ” و فێنک دەچن .

   ٨-  شارا گەنم : پێگەی بەرزی کۆمەڵایەتی مامۆستا هێمن، بەمنی سەلماند کە هێمن، هی من نیە.

 بەچاوی رێز و قەدەرزانینەوە و بە باوشێکی پڕ لە خۆشەویستی دەڕوانمە کۆکار و بەرهەمەکانی هێمن ، بەڵام نازانم بۆ ” ناڵەی جودایی” ، ” ئێوارەی پاییز ”  و       ” سووڕی دەوران ” سەر لە ئاسمان دەکوتن وچەند شیرین و ناسک و بە پێزن. هێشتا هەر نازانم و سەرم سوڕماوە و حەیرانم و، کاتێکیش بە بیرخانەی مێشکمدا چوومەوە پەیم بەو ڕاز و نهێنیە نە برد ! چەرخی چەپگەرد لە گەڵ مامۆستا هێمن یار نە بوو و،خەزانی پاییز هات و داخی داخانم پێنووسەکەی لە گۆ کەوت .    تەواو           

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *