هەڕەشەی دەرکردن لەبەر داخوازیی پیشەیی؛ لە ڕاهداریی پارێزگای کوردستان‌دا چ باسە؟

مانگرتنی شۆفێرە گرێبەستییەکانی ئیدارەی ڕاهداری

هاوڕێ یوسفی

پێرسێنێلی گرێبەستی (شۆفێر کامیۆن و شۆفڵەکان)ی “ئیدارەی راهداریی و گواستنەوەی جادەیی پاریزگای کوردستان” لە ناڕەزایەتی‌دا بە دابەزینی مووچەکانیان، جیاوازیی بڕە پارەی مافی بیمەکەیان لەگەڵ مووچەی مانگانەکەیان و گۆڕینی پلی پیشەییەکان لە گرێبەستییەوە بۆ دەوڵەتی، لە سەری مانگەوە تا شەشی خەزەڵوەری ١٤٠٠ لە بەرامبەر ئۆفیسی ناوەندیی ئیدارەی ڕاهداریی پارێزگای کوردستان و شارەکانی سەر بەو پارێزگایەدا مانیان گرت.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە “ئێران‌وایەر”یان وتووە کە حیراسەتی ڕاهداریی پارێزگای کوردستان هەڕەشەی دەرکرکرنیان لە لانیکەم ١٨ شۆفێر کامیۆن و شۆفڵی گرێبەستیی ڕاهداریی سنە، سەقز، کامیاران، مەریوان و سەوڵاوا کردووە.

***

 مانگرتنی شۆفێرە گرێبەستییەکانی ئیدارەی ڕاهداری سەرەتا لە سنە، مەریوان و سەوڵاواوە دەستی پێ‌کرد و ڕۆژی دواتریش پێرسێنێلی گرێبەستیی ئیدارەکانی ڕهداریی شارەکانی سەقز، قوروە، دێولان، دیواندەرە و کامیارانی پێ‌پەیوست بوو.

ئیدارەی ڕاهداریی پارێزگای کوردستان جگە لە فەرمانبەرە فەرمییەکانی خۆی لە ئاستی پارێزگاکەدا، خاوەن ٣٣٠ پێرسێنێلی گرێبەست یان شۆفیری کامیۆن و شۆفڵە لە شارەکانی پاریزگای کوردستان‌دا.

یەکێک لە شۆفێرە گرێبەستییەکانی ئیدارەی ڕاهداریی سنە لە پێوەندی‌دا بە هۆکارەکانی مانگرتن و خواست و داواکاریی شۆفێر کامیۆن و شۆفڵەکان لە مانگرتنە شەش ڕۆژەکەی ڕابردوودا بە “ئێران‌وایەر”ی وت: “مانگی ڕابردوو (مانگی ڕەزبەری ئەم ساڵ) بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی ڕاهداریی پاریزگای کوردستان بەبێ پاساو و ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بووجەکەی بڕی ٤٠٠ هەزار تمەنیان لە مووچەی پێرسێنێلە گرێبەستییەکانیان کەم کردۆتەوە.”

بە وتەی ئەو، هەمیشە ناوەندەکانی سەر بە دەولەت چ بۆ پێدانی مووچەی کارمەندەکان و پێرسێنێل و چ بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بووجەکەیان پشت بە خەزێنەی دەوڵەت دەبەستن. بەڵام پێ‌دەچێت ئەم ڕێسا گشتی و گشتگیرە پێرسێنێلی گرێبەستیی ئیدارەی ڕاهداریی پاریزگای کوردستان نەگرتبێتەوە: “بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی ڕاهداریی پارێزگاکە سەرەتا ڕایگەیاند که هۆکاری کەم‌کردنەوەی مووچەی شۆفێرە گڕیبەسدتییەکانی قەرەبووکردنەوەی بوودجەیە بەڵام پاش بینینی کاردانەوەی تووند و مانگرتنی شۆفێرەکان، ئەم بڕیارەی بە بڕیارێکی هەڵە ناودێر کرد.”

ئەم شارۆمەندەی خەڵکی سنە بە ئاماژەدان بە قسە بێ‌پاساو و گوماناوییەکانی بەرێوەبەرایەتیی ئیدارەی ڕاهداریی پاریزگای کوردستان، سەبارەت بە داخوازیی چارەسەرکردنی جیاوازیی بڕە پارەی مافی بیمە لەگەڵ مووچەی مانگانەی شۆفێرە گرێبەستییەکانی ڕاهداری ڕوونی کردەوە: “بەڕێوەبەرایەتیی ڕاهداریی کودرستان مانگی ڕەزبەری ئەم ساڵ بە پێچەوانەی مانگەکانی‌تر، بە شیوەیەکی نایاسایی بڕە پارەی مافی بیمەی پێرسێنێل یان شۆفیرە گرێبەستییەکانی بە ناوی کرێکاری سادەوە بەڕێکردووە بۆ ڕێکخراوی تەئمین ئیجتماعی. لە حاڵێک‌دا کە ئیمتیازی پێرسێنێلی گرێبەستیی ئیدارەی ڕاهداری بە هۆی شۆفیریی سەیارەی گەورەوە، لەوانە کامیۆن و شۆفڵ و بۆلدوزەر، لە بەراورد بە کرێکارێکی سادە تۆزێک زیاترە.”
بە گوتەی ئەو، مافی بیمەی پێرسۆنێلی گرێبەستیی ئیدارەی ڕاهداری لە ڕێکخراوی تەئمین ئیجتماعی‌دا چوار میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن دیاری کراوە کە دوای خانەشینی، ئەم بڕە وەک مووچەی خانەنشینی پێیان دەدرێت: “مانگی ڕەزبەر زانیمان کە ئیدارەی ڕاهداری لە باتی پێدانی تەواوەتیی بڕە پارەی مافی بیمەی پێرسێنێلە گرێبەستییەکان بۆ ڕیکخراوی تەئمینی ئیجتماعی، ٢٠ هەزار تمەنی گلداوەتەوە و بۆ گۆڕینی بیمەی هەموو پێرسێنێلە گڕیبەستییەکان، ناوی هەمومانی وەک کرێکاری سادە بەڕێ کردووە بۆ ڕێکخراوی تەئمینی ئیجتماعی.”

ئەم شۆفێر کامیۆنە سنەییە پێیوایە کە ئەگەر مانگرتنی پێرسێنێلی گرێبەتسی ڕووی نەدابا، ئەم هەوڵەی ئیدارەی ڕاهداریی پارێزگای کوردستان مووچەی شۆفێرەکانی بۆ هەمیشە لە چوار میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەنەوە بۆ سێ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن کەم دەکردەوە.

دوو کەس لە پێرسێنێلە گرێبەستییەکانی ئیدارەی ڕاهداریی سەوڵا و کامیاران کە پێوەندییەکی چڕوپڕ و بەردەوامیان لەگەڵ هاوپیشەکانیان خۆی لە شارەکانی پارێزگای کوردستان‌دا هەیە، بە “ئێران‌وایەر”یان وت حەراسەتی ئیدارەی ڕاهداریی پارێزگای کوردستان پێنج‌شەمەی ڕابردوو هەڕەشەی دەرکردنی لە ژمارەیەک شۆفێرە گرێبەستی مانگرتوو کردووە لە شارەکانی کامیاران، سنە، سەوڵاوا و سەقز لە ژێر ناوی “ڕێکخستن” و “هاندان”ی شۆفێرە گرێبەستەکانی‌تر بۆ بەشداری‌کردن و درێژەدانی مانگرتن تا وەدی‌هاتنی خواستەکانیان.

بە گوتەی سەرچاوەکانی “ئێران‌وایەر”، لانیکەم ١٨ کەس لە شۆفێرە گڕیبەستییەکانی ڕاهداریی سنە، سەقز، کامیاران، مەریوان و سەوڵاوا لە لایەن حەراسەتی ئیدارەی ڕاهداریی پارێزگاوە هەڕەشەی دەرکردنیان لێ‌کراوە لەسەر کارەکانیان.

حەراسەتی پارێگای سنه هەروەها هۆشداریی پێداون که ئەگەر بگەڕێێنەوە بۆ شوێنی کارەکانیان ڕادەستی “پۆلیسی ١١٠” و هێزە ئەمنییەتییەکانیان دەکەن.

ئەم دوو شارۆمەندە کامیارانی و سەوڵاواییە کە لە کاتی مانگرتنەکەی حەوتووی ڕابردوودا بۆ ئۆفیسی حەراسەتی ڕاهداریی شارەکانی خۆیان بانگهێشت کرابوون، هەڕەشەکردن لە هاوپیشەکانیان بە دەرکردن لەسەر کار، دۆسییەسازیی ساختەی ئەمنییەتی و دانەپاڵی تۆمەتگەلێکی سواوی وەک “درووست‌کردنی بشێویی و ئاشوب لە شوێنی کار” بە تێکشکاندنی هاوپشتی و یەکێتیی شۆفێرە گرێبەستییەکانی ڕاهداری و ترساندن و تۆقاندنی باقیی شۆفێرەکان دەزانێت.

سەرچاوەکانی “ئێران‌وایەر” وتیان “ڕاشد مودەڕس‌گورجی”، بەرێوەبەدری گشتیی ئیدارەی ڕاهداریی پارێزگای کوردستان پێنج‌شەمەی ڕابردوو (شەشی خەزڵوەری ١٤٠٠) لە ڕێگەی بەڕێوەبەرەکانی ئیدارەی ڕاهدارییەکانی شارەکانی سەر بەم پارێزگایەوە لەگەڵ نوێنەرانی مانگرتوان گفت‌وگۆیان کردووە و ڕێکەوتوون.

ئەوان زیادیان کرد کە بەڕێوەبەری ئیدارەی ڕاهداری بەڵێنی بە پێرسەنێلەکان داوە کە لە زووترین کات‌دا جیاوازیی پێدانی مافی بیمە چارەسەر بکات و بڕی مووچەکانیش بگەڕێنەوە بۆ دۆخی پێشوو.

ئەو هەروەها ئاماژەی بەوەیش داوە کە گۆڕانی پلەی شۆفێرەکان لە پێرسێنێلی گرێبەستییەوە بۆ فەرمانبەری دەوڵتی لە توانای ئەوان‌دا نییە. 

ئەم دوو سەرچاوەیە لە پێوەندی‌دا بە هەنگاوی دواتری پێرسێنێلی گرێبەستی لە ئەگەری جێبەجێ‌نەکردنی بەڵێنی بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی ڕاهداریی پارێزگای کوردستان‌دا بە “ئێران‌وایەر”یان وت: “ئێمە و باقیی هاوپیشەکانمان بە هەماهەنگی و بە شێوەیەکی شەفاف و ڕاشکاوانە بە بەڕێوەبەری ئیدارەی ڕاهداریی پارێزگاکەمان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر بەڵێنەکان تا کۆتایی مانگی خەزەڵوەری ئەم ساڵ جێبەجێ نەکرێن، بە تین‌وتەوژمێکی زیاترەوە ڕیزەکانمان ڕێکدەخەین و مانگرتن دەست پێدەکەینەوە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *