وتاری هاوڕێ شه‌هلای حه‌یده‌ری له ڕێوڕه‌سمی پرسه‌ی دایكی (فه‌راسه‌ت خانمی جه‌راحی)

هاورێ شهلا حیدری له مه‌راسمی پرسه‌ی دایکی (فراست خانم جراحی) له لایه‌ن خانهوادهیانهوه وله سه‌ر ژیانی دایکی وتارێکی کورتی پێشکه‌ش کرد؛ ده‌قی وتاره که به م جۆره یه
شهلا حیدری
به‌رێزان! وێڕای سڵاو و رێز بۆ هه‌موتان، له لایه‌ن خۆم‌و هه‌مو خۆشک و براکانمو گشت که‌س و کاره‌کانمانه‌وه، به گه‌رمی به‌خێرهاتنتان ده‌که‌م و سپاس بۆ به‌شداریتان له رێ و ره‌سمی ماڵاوایی و پرسه‌ی دایکی خۆشه‌ویستمان فه‌راسه‌ت خانمی جه‌راحی.
به پێی ره‌سمی باو، به پێویستی ده‌زانم کورته‌یه‌ک له ژیانی دایکمان، هه‌رچه‌ند له نزیکه‌وه ناسراوی زۆرتان بو، باس بکه‌م.
دایکم له ساڵی 1306ی هه‌تاوی له خانه‌واده‌یه‌کی موتهوهستی شاری سنه هاته دنیا و هه‌ر له‌وێش گه‌وره بوو. به داخه‌وه له‌و سه‌رده‌م خوێندن و چونه مه‌دره‌سه بۆ کچان باو نه‌بوو، وه به پێی سونه‌تی جامیعه‌ی پیاو سالاری ئه‌و کات، کاری ئازاد له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ بۆ ژنان تابۆ بوو.
به‌ڵام دایکم له ته‌مه‌نی گه‌نجیدا و له کاتێکدا که منداڵی وردیشی بوو، بۆ دابین کردنی ژیانێکی باشتر بۆ منداله‌کانی، ده‌ستی کرد به کار‌و به یارمه‌تی دانی باوکم، له کاری ددانسازی. هه‌ر له دوکانه‌که‌ی باوکم فێری ددانسازی بوو، وه له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا، له‌م کاره‌دا شاره‌زایی په‌یداکرد.
دایکم به بۆنه‌ی ئه‌م کاره‌وه، ورده ورده له گه‌ڵ خه‌ڵکی شاری سنه و ده‌وروبه‌ری ئیرتباتی په‌یداکرد و خه‌ڵک وه‌ک ژنێکی شوجاع و ڕچه شکێن و خۆش ناو ده‌یان ناسی و متمانه‌یان پێی بۆ و حورمه‌تیان ده‌گرت و به رێزه‌وه له ته‌کیا ره‌فتاریان ده‌کرد.
دایکم زۆری پێ خۆش بو که هه‌مو منداله‌کانی ده‌رس بخوێنن و باسه‌واد بن و دانشگا ته‌واو که‌ن. ئه‌وه‌نده‌ی له تهوانیشی دابوو، بۆ پێگه‌یاندنی ئێمه له‌و بواره‌دا کۆششی کرد و بۆ ته‌هیه‌ی ئیمکاناتی خوێندن و ئاسایشی ئێمه، له ژیان و ئیسراحه‌تی خۆی مایه‌ی دانا و شان به شانی باوکم و زۆر جاریش به ته‌نها دوکانه‌که‌ی به‌رێوه ده‌برد و هه‌مومانی به باشی پێگه‌یاند.
>کاتێک ناره‌زایه‌تی گه‌لانی ئێران، له رژیمی سه‌لته‌نه‌تی، په‌ره‌ی سه‌ند و ده‌ربڕینی ناره‌زایی شه‌قامی شاره‌کانی گرته‌وه، دایکم، وه‌کو زۆرینه‌ی خه‌ڵکی شاری سنه، له ریزی موعتهرزین داب‌و.
دوای هاتنه سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی و به تایبه‌ت به دوای فه‌رمانی سه‌رانی ئه‌و رژیمه بۆ سه‌رکوتی خه‌ڵکی ئازادیخواز و حه‌قخوازی کوردستان له 28ی گه‌لاوێژی ساڵی 1358، دایکم، وه‌کو زوربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵکی شاری سنه، به‌شداری ته‌حه‌سون و ئیعترازاتهکانی خه‌ڵکی شاره‌که‌ی ده‌کرد و ناوی خۆی به کرده‌وه له ریزی ئه‌و که‌سانه‌دا به سه‌بت گه‌یاند که؛ به سه‌ر به‌رزی ژیان و ئه‌وه‌نده‌ی له ده‌ستیان هات به تێکۆشه‌رانی رێگای ئازادی و عه‌داله‌ت کۆمه‌کیان کرد.
هه‌ر وه‌ک به‌رێز کاک هاشم ره‌زایی، له نوسراوه‌یه‌کی کورت و پوخت دا، ئیشاره‌ی پێکردوه:
دایکم، وه‌کو هه‌مو ئه‌و دایکانه‌ی که رۆڵه و جگه‌رگۆشه‌کانیان، بۆ به‌رگری له ئازادی و مافی ره‌وای خه‌ڵکی کوردستان، بونه پێشمه‌رگه (دایکم چوار رۆڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه بوون) و له دژی هێزی داگیرکه‌ر و جینایه‌تکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران خه‌باتیان ده‌کرد، هیچکات خه‌وێکی ئارام و ئاسوده و راحه‌تیان نه‌بو. دایم دڵه خورپه و دڵێکی بێ قه‌رار و نهسرهوتو، میوانی شه‌و و رۆژیان بو. که مه‌بادا لاوانی ئازیز و خۆشه‌ویستیان له شه‌ڕی به‌رگری له ئازادی و مافی ره‌وای کۆمه‌ڵانی سته‌مدیده و مه‌حرومی کوردستان، گیانی شیرینیان له ده‌س بده‌ن.
به‌رده‌وام و له هه‌مو رێگایه‌که‌وه هه‌والی پێشمه‌رگه و منداله‌کانیان ده‌پرسی و گوێ بیستی هه‌مو خه‌به‌ر و باسی رۆڵه‌کانیان ده‌بون. سه‌ره‌رای هه‌ره‌شه و فشاری به‌رده‌وامی به‌کرێگیراوانی سپای جه‌هاله‌ت، شاخ به شاخ و دۆڵ به دؤڵ و ئاوایی به ئاوایی و ناوچه به ناوچه و، دواتریش وڵات به وڵات، به شوێن جگه‌ر گۆشهکانیانهوه بون. هه‌ر له‌م رێگایانه‌دا له لایه‌ن هێزه‌کانی داگیرکه‌ری رژیمه‌وه، لۆمه ده‌کران، بوختانیان پێده‌کردن و توشی بێ حورمه‌تی و سوکایه‌تی ده‌بون. ده‌گیران و له گرتوخانه‌کان و له زیندانیش ئه‌شکه‌نجه و ئازارای روحی و جیسمی ده‌دران. . . . به‌ڵام ئه‌م دایکانه، سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌مو زه‌خت و زۆره، هیچکات کۆڵ‌یان نه‌دا و به بوخچه‌ی پڕ له جل و به‌رگ و خوارده‌مه‌نی و پێداویستی رۆڵه‌کانیان، رویان ده‌کرده حه‌شارگه و شوێنی مانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌کان.
ره‌فتاری دایکم له گه‌ڵ گه‌وره و بچوک، لێواولێو بو له مه‌حبه‌ت و خۆشه‌ویستی و دڵسۆزی و رێز و حورمه‌ت. هه‌میشه هه‌مو دۆستانی منداڵه‌کانی به سهمیمیهتێکی تایبه‌ته‌وه له ئامێز ده‌گرتن و بۆ باری ساغی و سڵامه‌تی دۆستان و ئاشنایانی خۆی و منداڵه‌کانی دایم به په‌رۆش بو.
له لایه‌ک له به‌ر زه‌خت و زۆری پاسداران و هێزه ئه‌منیه‌تیه‌کان و باقی مه‌ئمورانی شهڕوری رژیمی ئێران و له لایه‌ک بۆ دیدار و نزیک بون له رۆڵه‌کانیان، دایکم له ته‌ک باوکم، له ساڵه‌کانی دههی 1990 میلادیه‌وه نیشته جێی سۆئێد بون و هه‌ر لێره‌ش سه‌ریان نایه‌وه.
له‌م ساڵانه‌ی ئه‌خیردا، له لایه‌ن “کۆمۆنی شاری ویسترۆس” نیهادێک به ناوی “مالمابهری هێم شێنس” ئاگایان له دایکم ده‌بو. هه‌میشه به ئیحترامه‌وه ناوی ده‌بردن و خۆشی ده‌ویستن و خزمه‌ت و چاکه‌ی ئه‌وانی له به‌ر چاو بو. ده‌یکوت؛ “رۆڵه خۆ من له‌م وڵاته قه‌ت کارم نه‌کردوه، به پیریش هاتومه ئێره، ئه‌وانه به‌م جۆره له ته‌کما باشن و ئاگایان لێمه، له حاڵێکدا ئه‌گه‌ر له ئێران بوایه‌م، به‌م پیریه‌ش ده‌ستیان له سه‌رم هه‌ڵنه‌ده‌گرت و ده‌یانبردم بۆ بازجویی وئازاری روحیان ده‌دام و هه‌ره‌شه‌یان لێده‌کردم و بێحورمهتیان پێده‌کردم.” به داخه‌وه دایکم ئێواره‌ی 17 ی دسامبری 2018 له بیمارستانی ویسترۆس کۆچی دوایی کرد.
یادت به خێر دایه گیان
21.12.2018