وتووێژ لەگەڵ مەحموود ساڵحی دەربارەی پێکهاتنی ڕێکخراوه کرێکارییەکان لە کوردستان (بەشی ١)

مەحموود ساڵحی

هاوڕێ یوسفی

“مەحموود ساڵحی”، چالاکوانی کرێکاریی کورد، یەکێک لە ڕابەرانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران و هەروەها لە چالاکانی ناسراوی ئەم بوارەیە لە ئاستی جیهان‌دا. چالاکییە کرێکارییەکانی ئەو دوای شۆڕشی٥٧ی ئێران دەستی پێکرد و پاش دامرکانەوەی کەف‌وکوڵی ساڵانی سەرەتایی دوای شۆڕش دیسانەوە تینی گرتەوە و تا کوو ئێستایش بەردەوامە.

ئەم چاڵاکە کرێکارییە، ١٩ جار و بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەسبەرکراوە وەک خۆی دەڵێت هەشت ساڵی تەمەنی لە زیندان‌دا بەسەر بردووە کە سێ ساڵ لە هەشت‌ ساڵە نایاسایی بووە و لەسەر ئەم سێ ساڵە سکالای یاسایی لەسەر ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز تۆمار کردووە و لە کۆتایی‌دا مەحکوومی کردوون.

ئەم چالاکە کرێکارییە، لە خولی دەسبەسەرکرانە نایاساییەکەی لە ساڵی١٣٧٧ لە سلوولە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز یەکێک لە قامکەکانی لاقی سەرما بردی و لە ناڕەزایەتی بە دەسبەسەرکردنە نایاساییەکەیشی‌دا مانی لە خواردن گرت و هەر بەم بۆنەوەی هەر دوو گورچیلەکەی زیانی قورسیان پێ‌گەیشت و ماوەیەک دواتر گورچیلەکانی تووشی خوێن‌بەربوون بوون و ناچار بوو دیالیزی داروویی بکات. بەڵام دوای دەسبەسەرکردنی دووبارەی لە ٨ی‌گوڵانی١٣٩٤دا، سەرەڕای هۆشداریدان بە بازجووەکان و بەرپرسی دۆسییەکەی سەبارەت بە دۆخی نالەباری گورچیلەکانی، درەمانەکانیان بڕی و هەمان شەو هەر دوو گورچیلەکەی لەدەست‌دا. لەو کاتەوە تاکوو ئێستا، دوو ڕۆژی حەوتوو و هەر جارە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە نەخۆشخانە هێمۆدیالیز دەکرێت.

“ئێران‌وایەر” لەگەڵ ئەم چالاکوانه کرێکارییە گفت‌وگۆی کردووە. بەشی یەکەمی ئەم گفت‌وگۆیە، کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە، کۆمەڵێک پرسیاری هێناوەتە ئاراوە سەبارەت بە مێژووی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە کوردستانی پێش و پاش شۆڕشی٥٧، گەشەی وشیاریی چینایەتیی کرێکاران و هەوڵدان بۆ گەشەپێدانی ناوەندە کرێکارییە سەربەخۆکان لە کوردستان.

***

  • بەڕێز ساڵحی، پێکهاتنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ چ کاتێک؟ بە تەعبیرێکی‌تر، پێش و پاش شۆڕشی٥٧ کام ڕێکخراوی کرێکاری لە کوردستان‌دا چالاک بوون یان پێک‌هاتن؟

سەرەتا پێوسیتە ئاماژە بەوە بکەم تێگەیشتنی ئێستای من لە پێکهێنانی یەکێتی یان چالاکیی کرێکاری، لە ڕووی ئەزموون و وشیارییەوە، تەواو جیاوازە لە سەردەم و ساڵانی سەرەتایی شۆڕش٥٧. ئەگەرچی پێش شۆڕش دەوری پازدە ساڵێک تەمەنم بوو بەڵام ئەزموونی پێک‌هێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، جگە سنە، زۆروکەم نوێ و تا ڕادەیەک تازه بوو. ئەگەریش بانگەشەیەک سەبارەت بە هەبوونی ڕێکخراوە کرێکاررییەکان پێش شۆڕش لەناو هەندێک لە چالاکوانانی کرێکاری‌دا دەکرێت، بنەماکەی پتر بەندە بە گێڕانەوەی زارەکی و گەڕانەوە بۆ پاشخانی خەباتکارانە و چالاکوانانی کڕیکاریی کۆن، نەک گەڕانەوە بۆ بەڵگەنامە یان ڕێکخراوێکی فەرمی و ناسراو. بەڵام لە سەروبەندی شۆڕش‌ و بەرین‌بوونەوەی لە ئاستی ئێران‌دا‌، لەوانە کوردستان، یەکەم یەکێتیی کرێکاری لە شاری سەقز پێکهات، واتە لە ناوەڕاستەکانی مانگی ڕێبەندان کە ئیدارەی ساواک لە لایەن شۆڕشگێڕانەوە دەستی بەسەردا گیرا، لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی ئەم بینایەدا “سەندیکای کرێکارانی نانەوا” پێکهات.

لە لایەکی‌ترەوە، “سەندیکای کرێکارانی خەبازی سنە” لە ساڵی ١٣٤٢دا بە فەرمی چالکییەکانی خۆی دەست‌پێ‌کردبوو و تا ساڵی٩٩ چالاک بوو، بەڵام بە داخەوە، لەبەر هەندێک هۆکار، داخرا. ئەم سەندیکایە تەنانەت لە سەردەمی شۆڕشیش‌دا زۆرجاران ژمارەی ئەندامەکانی دەگەیشتە دەوری سێ هەزار کەس. لە کەرتەکان و پیشەکانی‌تریش‌دا یەکێتیی کرێکاری و سەندیکا هەر لەم شارەدا هەبوو و ئێستایش هەیە بەڵام ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە باقیی شارەکانی کوردستان پاکیان دوای شۆرشی ئێران دامەزران.

  • بەڕێز ساڵحی، وەک بۆخۆیشتان دەزانن کە لە ساڵەکانی ١٣٥٨ و ١٣٥٩دا کۆمەڵێک ڕێکخراوی وەک “خانەی کرێکاری سنە”، “شوورا کرێکارییەکانی کارخانەکان و ناوەندە کرێکارییەکانی شاری سنە”، کە “سەندیکای کرێکارانی وەرزی-پڕۆژەیی”یش بەشێکی بوو، “سەندیکای کرێکارانی خەباز”، “سەندیکای کرێکارانی بێ‌کاری بانە”، “سەندیکای کرێکارانی خەبازی سەقز”، “یەکێتیی کرێکارانی بۆکان”، “یەکێتیی کرێکارانی نەغەدە”، “ناوەندی کرێکارانی بێ‌کاری سەردەشت”، “خانەی کرێکاری پیران‌شار”، “خانەی کرێکاری شنۆ”، “یەکێتیی کرێکارانی نەڵۆس” (گوندی نەڵۆسی سەربە شاری شنۆ)، “کۆمیتەی کرێکاریی کۆمەڵە لە شنۆ”، پێکهاتن. بۆچوونی ئێوە چییە سەبارەت بە پێکهاتنی ئەم ناوەندە کرێکاریانە دوای شۆڕشی ئێران؟

جگە لە ڕێکخراوە کرێکارییەکانی سنە، باقیی ناوەندەکانی‌تر پشت‌ڕاست ناکەمەوە. ئێمە دوای شۆڕش و هەروەها دوای پێکهێنانی سەندیکای کرێکارانی نانەوای سەقز بە مەبەستی بەرین‌کردنەوەی ڕووبەری چالاکییەکانمان کە لە ژێر کاریگەریی چالاکیی حیزبی‌دا بوو، چووینە شاری مەهاباد بەڵام لەم شارە و دەوروبەری یەک ڕێکخراوی کرێکاریی تێدا نەبوو. لە مەهاباد، سەرەڕای هەوڵی زۆری ئێمەمانان تەنانەت نەمانتوانی تاقه ڕێکخراوێکی کرێکاری دابمەزرێنین.

کەواتە، ئەزموونەکانی دوای شۆڕش بوارێکی بۆ چالاکوانانی کرێکاری خۆش کرد کە ڕێگا و هێڵی چالاکییەکانیان لە حیزبەکان جیا بکەنەوە و وەک چینێک، ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیان پێک‌بهێنن، داخوازییەکانیان بهێننە ئاراوە و چالاکییەکانیان بە شێوەیەکی ئاشکرا و یاسایی دەست‌پێ‌بکەنەوە.

من وەک خۆم دوای ئازادبوون لە زیندان لە ٢٢ی‌ڕێبەندانی٦٧، هەوڵم دا جگە لە دۆزینەوەی کار و پیشە، سەرەتاکانی پێکهێنانی ڕێکخراوێکی کرێکاری فەراهم بکەم. پێشینەی سیاسیی من و زیندانی‌بوونم لە ساڵانی کۆتایی دەیەی شەستی هەتاوی، لەمپەرێکی گەورە بوو بۆ بەشداریی ڕاستەوخۆی خۆم چونکە زۆربەی کرێکارەکان زۆریان پێ‌خۆش نەبوو کە هاوکاریی زیندانییەکی سیاسیی پێشوو بکەن. بەڵام دوای چەند ساڵ قسە و مشت‌ومڕی زۆر لەگەڵ هەندێک لە دۆستان و هاوڕێیان و ڕازی‌کردنیان، کاتێک لە ساڵی ١٣٧٣ یەکەم کۆبوونەوەی گشتی بۆ پێکهێنانی “ئەنجومەنی پیشەیی کرێکارانی خەبازییەکانی سەقز و دەوروبەری” لە “مزگەوتی حەزرەتی عومەر” بەڕێوە چوو، هانم‌دان لەم ناوەندە کرێکارییەدا ببنە ئەندام. بۆخۆیشم بزوێنەری ئەم کۆبوونەوە گشتییە نەبووم و تەنیا وەک کرێکارێکی نانەوا بەشداریم تێ‌دا کرد. بەڵام ڕێکخەرەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بریتی بوون لە “محەمەد عەبدی‌پوور”، “عەتا سەلیمی”، “سەیدجەلال حوسێنی” و “محەمەدتاڵ فەتاڵیزادە”. ئەم چەند کەسە وەک دەستەی دامەزرێنەر داوایان لە ئیدارەی “کار و کاروباری کۆمەڵایەتی” کردبوو کە ئەنجومەنی پیشەیی کرێکارانی خەباز دابمەزرێنن.

بەڵام دوای بەرگری‌کردنی من لە کرێکاران لەهەمبەر هەڵوێستە ئاشتی‌خوازانەکانی سەرۆکی ئیدارەی کار، کۆبوونەوەکە شڵەژا و زۆرینەی کرێکارا پشتیان گرتم و هەر ئەم یەک‌دەنگی و یەکێتییەی کرێکاران و هەڕەشەی بەجێهێشتنی کۆبوونەوەکە، ڕاستەوخۆ منیان وەک نوێنەری خۆیان بەسەر دەستەی دامەزرێنەردا داسەپاند؛ بەبێ پێکهێنانی دۆسیەی تایبەت و وەرگرتنی ڕەزامەندی دەوڵتی و بە زیاترین دەنگیشەوە.

شایانی باسه کە لە ساڵی ٧٤ تا ٧٦ ئەنجومەنی پیشەیی کرێکارانی خەبازییەکانی بانه، مەریوان، بۆکان و مەهابادیش پێک‌هاتن و جگە هاوکاری‌کردن لەگەڵ ڕابەران و چالاکوانەکانی، دەوری یەکلایی‌کەرەوەیشمان هەبوو لە پێکهاتنیان‌دا.

  • بەڕێز ساڵحی، ئەنجومەنی پیشەیی بە کوێ گەیشت و چی بەسەرهات؟

دەوڵەت و دەزگای ئەمنییەتی کە چاودێریی چالاکییەکانی ئەنجومەنی پیشەییان دەکرد و چالاکوانه شوێندانەرەکانی ئەم ڕێکخراوە کرێکارییەیان دەناسی، لە ساڵی٨٠دا بە شێوەیەکی سیستماتیک پڕۆژەی لاوازکردن، دابڕاندن و لەبەریەک‌هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی پیشەییان دەست‌پێ‌کرد و تا ١١ی‌گوڵانی٩٩ کە ئەنجومەنی پیشەیی بۆ هەمیشە چالاکییەکانی ڕاوەستا، بەوپەڕی هێزەوە درێژەی هەبوو. شایانی باسە کە گوشارەکان زۆر بواری دەگرتەوە هەر لە زیندانی‌کردن و دەسبەسەرکردنی بەردەوامی چالاکوانانی سەرەکی، تۆقاندن و دروست‌کردنی ترس و وەحشەت لەناو کرێکارانەوە‌ بگرە تا قوت‌کردنەوەی “خانەی کرێکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران”، هێرشی پرۆپاگاندایی، بڵاوکردنەوەی دەنگۆی ناڕەوا و تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئسیلامی.

بەرپرسانی دەوڵەتی بۆ تێکشکاندن و شەق‌کردنی ئەنجومەنی پیشەیی، لە ساڵی٨١دا خانەی کرێکاریان قوت کردەوە. خانەی کرێکار کە تەنیا لە سنە لقی هەبوو، وەک پڕۆژەیەکی دەوڵەتی و ناوەندێکی هاوتەریب لەگەڵ ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان، بڕیاری دا کە لقێکیش لە سەقز بکاتەوە و کاری شەق‌کردن و ئامانجی دوولەت‌کردنیشی بە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەییەوە دەست‌پێ‌کرد.

پێش هەموو کەسێک بۆ هاوکاری و نزیک‌بوونەوە هاتنە لای من و دوای گفت‌وگۆیەکی دوورودرێژ، جگە لە ئاماژەدان بە دامەزراندنی لقی خانەی کرێکار لە سەقز، پێشنیاری سەرۆکایەتیی خانەی کرێکاری ڕۆژاوای ئێرانیان پێ‌دام. پێشنیارەکەیانم بەم تێبینییە ڕەت کردەوە کە من ناتوانم لە ناوەندێک‌دا خەبات بکەم کە دەوڵەتی و ملکەچە. بژاردەکەی‌تریان سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجومەنی پیشەیی، عەتا سەلیمی، بوو. بەرێز سەلیمی پێشنیارەکەیانی قبوڵ کرد و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیشی لەگەڵ خۆی برد و بەمە ئەنجومەنی پیشەییان دوو لەت کرد.

بەڵام زۆری نەخایاند کە گەندەڵیی دارایی زۆربەی ئەندامانی خانەی کرێکار، کرۆکی ڕاستەقینەی ئەم ناوەندە دەوڵەتییەی بۆ خەڵکەکە ئاشکرا کرد و زۆربەی ئەندامەکانیشی کارتی ئەندامەتییەکانیان دڕی.

  • بەڕێز ساڵحی، پێوەندیی چالاکوانانی کرێکاریی کورد لەگەڵ چالاکوانانی دەرەوەی کوردستان لە کەیەوە دەستی پێ‌کرد و تا چ ڕادەیەک ڕێکخراو بوو؟

تا پێش ساڵی٨٣ پێوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ کرێکاران و چالاکوانانی کرێکاریی سەراسەری شەخسی بوون نەک ڕێکخراو. بەڵام ئەم پێوەندییانە دوای ئەم ساڵە، شێوەیەکی ڕێکخراوتری گرتە خۆی. بۆ نموونە، لە کۆبوونەوەیەکی دوو ڕۆژە هەر لەم ساڵەدا که لە یەکێک لە کێوەکانی دەوروبەری تاران‌دا بەرێوە چوو، من وەک نوێنەری کرێکارانی نانەوای سەقز ئامادە بووم و دەرەنجامی کۆبوونەوەکەیش دەرکردنی بڕیارنامەیەکی ٢٣ خاڵی بوو کە ناوی کۆی واژۆکەرانیشی تێ‌دا هاتبوو.

پێویستە ئاماژە بەوەیش بکەم کە هاوکات لەگەڵ ئەم کۆبوونەوەدا ئاگادار کراینەوە کە خاتوو “ئانا بیۆندی”، نوێنەری “یەکێتیی ئازادی کرێکارانی جیهان”، بۆ لێکۆڵینەوەی لە کوشت‌وبڕی کرێکارانی خاتووناباد هاتۆتە ئێران و دەیەوێت من ببینێت. بۆ دیدار لەگەڵ ئەو پێویستمان وەرگێڕ هەبوو کە بۆخۆم بەرێز “مۆحسێن حەکیمی”، چالاکوانی کرێکاری و ئەندامی “کانوونی نووسەرانی ئێران”م پێشنیار کرد و ئەوەیش قبووڵی کرد. کاتی دیدارەکەمان لەگەڵ خاتوو بیۆندی ڕۆژی ١٠ی‌گوڵان بوو لە هۆتێل لالەی تاران کە هێزە ئەمنییەتییەکان و ژمارەیەک لە ئەندامانی خانەی کرێکاریش لەوێ ئامادە بوون. خاتوو بیۆندی داوای لە نوێنەرانی خانەی کرێکار و ئەوانی‌تر کرد کە لە ژوورەکە بچنە دەرەوە چونکە دەیویست بە تەنیا لەگەڵ من قسە بکات. دیدارەکەی ئێمە چەند کاتژمێری خایاند و لەو ماوەیەدا دەربارەی بزووتنەوەی کرێکاری، لەمپەرەکانی بەردەم ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان، ئاستی پشتیوانییەکانی دەوڵەت و گوشاری دەزگا ئەمنییەتییەکان قسەوباس کرا. هەر لەو کۆبوونەوەدا بە خاتوو بیۆندیم وت که من دوای گەڕانەوەم بۆ سەقز و بە هۆی بەرێوەبردنی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، واتە ڕۆژی ١٢ی‌گوڵان، چونکە ساڵی کەبیسە بوو، دەگیرێم. تەنانەت بانگهێشت و دەعوەتم کرد لە ڕێ‌وڕەسمەکەدا ئامادە بێت بۆ ئەوەی لە نزیکەوە شایەتی هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بێت بۆسەر ئامادەبوان و چالاکانی کرێکاری لەو ڕێ‌وڕەسمەدا. بەڵام ئەو سەڕای ئەوەی داوای لێبوردنی کرد کە ناتوانێت بەشداری لە ڕێ‌ورەسمەکەی ئێمەدا بکات وتی کە پیش‌تر بەڵێنی بە خانەی کرێکار داوە کە لە ڕێ‌وڕەسمەکەی ئەوان‌دا بەشداری بکات. منیش زۆر ڕاشکاوانە پێم‌وت ئێوە چونکە زانیارییەکی وردتان لەسەر خانەی کرێکار نییە نازانن ئەم ناوەندە دەوڵەتییە و هیچ پێوەندییەکی بە بزووتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکانەوە نییە. جەختیشم لەسەر ئەوە کردەوە کە خانەی کرێکار حیزبە، حیزبی کارگوزارانی کۆماری ئیسلامی؛ تەنانەت ئاماژەیشم بەوەدا کە خانەی کرێکار نەک لە وەزارەتی کار بەڵکوو لە کۆمسیۆنی مادەی دەیەمی ئەحزاب‌دا تۆمار کراوە.

دوای کۆبوونەوەکە، مۆحسێن حەکیمی و هاوڕێکانیم دەعوەت و بانگهێشت کرد بۆ سەقز تاکوو لەگەڵ چالاکوانانی کرێکاری و هاوڕێیانی ئەنجومەنی پیشەییش ئاشنا ببەن. وتی سەردانی سەقز دەکات بەڵام نەیوت ڕێک ڕۆژی جیهانیی کرێکار.

ئەمە لە حاڵێک‌دایە کە ئێمە پێش‌تر بۆ بەرێوەچوونی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە سەقز جگە لە پێک‌هێنانی “شوورای ڕێ‌وڕەسمی ئەوەڵی مانگی مەی” که دوای کۆتایی‌هاتنی ڕێ‌وڕەسمەکە هەڵدەوەشایەوە، شوێنی ڕێ‌وڕەسمەکە و کۆمەڵێک خاڵمان پەسەند کردبوو لەوانە ئەمەی کە “مەحموود ساڵحی”، “بورهان دیوارگەر” و “سەیدجەلال حوسێنی” لە دادگا بەرپرسیارێتیی ڕێ‌وڕەسمەکە وەئەستۆ بگرن و ئەگەر گیرایشن دەسبەجێ مان لە خواردن بگرن. باقیی ئەندامانی شوورایش ئەرکی سەرشانیان بوو لەپاڵ ڕووماڵ‌کردنی هەواڵی ڕێ‌وڕەسمەکە و مانگرتنی گیراوان، بنەماڵەکانیان ڕێکبخەن بۆ ئەوەی لە بەرامبەر فەرمانداری و ئیدارەی ئیتلاعات‌دا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە ببەن.

کە گەیشتمە سەقز ئاگادار کرامەوە کەشێکی قورسی ئەمنییەتی بەسەر شارەکەدا زاڵ کراوە. بەم حاڵەوە، کاتژمێر شەشی دەمەوبەیانیی ١٢ی‌گوڵان، تێلێفۆنی ماڵەوە زەنگی خوارد، هەرکە گووشیەکەم هەڵگرت مۆحسێن حەکیمی و بەهرام دزکی بوون. وتیان لە سەقزین و تکایە وەرن بە دوامان‌دا. وەک ئەوەی لە شاخێک بەریان دابێتمەوە؛ شۆک بووم. قەت چاوەڕێی ئەوانم نەدەکرد ئەوەیش لە بارودۆخێکی تووندی ئەمنییەتی‌دا که لەوانە بوو چرکەیەکی‌تر هەموومان بگیرێین.

ڕێ‌وڕەسمەکە لە پارکی کوودەک، یەکێک لە شوێنە ناوەندییەکانی شار، بەڕێوە دەچوو. وابڕیار بوو کە ڕێک سەعات پێنجی پاش‌نیوەڕۆ لە بەرامبەر مزگەوتی مەلازاهید، کۆببینەوە، دەست لە دەستی‌یەک‌تر بئاڵێنین و بەناو دڵی هێزە ئەمنییەتییەکان‌دا بڕۆین و خۆمان بکەین بە نێو پارکی کوودەک‌دا.

بەداخەوە ژمارەیەک لە کەسەکان لەو سەعاتەدا نەهاتن و دوای چەند خولەک هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کرده سەرمان و یەکەم کەس منیان دەسبەسەر کرد. خۆڕاگرییەکی زۆرم کرد و هەوڵم‌دا گرتنەکەم دوا بخەم و بە هاسانی خۆم نەدا بەدەستەوە و لەگەڵیان دەرگیر بووم  بۆ ئەوەی کاتەکە بکوژم تاکوو هاوڕێیان بگەن. تا سوار ماشینەکەیان کردم پازدە خولەکی خایاند. ئەمنییەتییەکان بە خەڵکە ناڕازییەکەی دەورەیان دابوون، دەیان‌وت، ئەمانە موعتادن. کە ئەمەم بیست جامی سەیارەکەم شکاند و هاتمە دەرەوە. پێکدادانی نێوان خەڵک و ئەمنییەتییەکان تووندەوە بوو و لەم ماوەیەدا دەوری شەش خولەک بە دەنگی بەرز و ڕوو لە خەڵکەکە قسەم کرد. هەر ئەم ڕۆژە لانیکەم ٣٥ کەس لە هاوڕێیانی ئێمە گیران و ڕاگوێزران بۆ زیندانی سەقز؛ لە دوو میوانەکەیشمان مۆحسێن حەکیمی گیرا. هەڵبەت پێویستە ئەوەیشی لێ‌زیاد بکەم کە ئێمە ڕێ‌وڕەسمی ڕۆی جیهانیی کرێکارمان لەناو زینداییەکان‌دا بەڕێوە برد.

دانگدانەوەی جیهانیی گیران و مانگرتنەکەی ئێمە، بازجووەکانی ئێمەی هەراسان کردبوو. لە لایەکەوە، نوێنەری یەکێتیی ئازادی کرێکارانی جیهان لە ئەگەری گیرانی ئێمە ئاگادار کرابوەوە و لە لایەکی‌تریشەوە دەنگدانەوەی بەربڵاوی گیران و مانگرتنەکەی ئێمە گوشارێکی هەرە زۆری خستبوە سەر ئیدارەی ئیتلاعات.

لە کۆتایی‌دا، پاش دوازدە ڕۆژ گیران، مانگرتن و دانانی بارمتەی قورس لە زیندان ئازاد کراین و لە پڕۆسەیەکی تاقەت‌پڕووکێنی یاسایی‌دا، جگە لە من کە بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و سێ‌ ساڵ حوکمی تەعلیقی سزا درام، “بورهان دیوارگەر”، “مۆحسێن حەکیمی” و “سەیدجەلال حوسێنی” بە سێ ساڵ حوکمی تەعلیقی مەحکووم کران.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *