١٦ سال زیندان به‌بێ ڕۆژێک مەرەخەسی؛ “قادر محەمەدزاده” مانی لە خواردن گرت

قادر محەمەدزادە

هاوڕێ یوسفی

قادر محەمەدزاده“، زیندانی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی یەزد، لە ڕۆژی شەمە ٩ی‌ گەلاوێژی ١٤٠٠ لە ناڕەزایەتی‌دا بە ڕەت‌کردنەوەی داخوازیی مەرەخەسی مانی لە خواردن گرتووە و مانگرتنەکەی تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە بەردەوامە.

ئەو شازدە ساڵە بەبێ یەک ڕۆژ مەرەخەسی، لە زیندان‌دا دەژی.

قادر محەمەدزاده، تەمەن ٤٦ ساڵان، خەڵکی شاری بوکانی سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوایە. ئەو دوای دەسبەسەرکرانی لە ساڵی ١٣٨٤دا لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە ئەشکەنجەی جەستەیی دراو و دوای ٢٠ مانگ هەڵپەسێران لە زیندانەکانی بۆکان و مهاباددا، لە لقی دووهەمی دادگای مهاباد به سەرۆکایەتیی دادوەر “عەباس‌زداە”، بە تۆمەتی “موحاربە و قەتعی تەریق”، سەرەتا بە ئێعدام مەحکووم کرا. بەڵام لە دادگای پێداچوونەوەدا سزاکەی بۆ بیست ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی یەزد گۆڕدرا؛ بەڵام بەڕێوەبردنی تەواوەتیی سزاکەی، واتە دوورخستنەوەی بۆ زیندانی یەزد، تا ساڵی ٩٨ جێ‌بەجێ‌ نەکرا.

مانگی پێشوو دادستانی و بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی یەزد، بە مەرجی دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی مەرەخەسییەکەیان قبووڵ کرد. بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە بارمتەکەیان دابین‌کرد و ڕادەستی دادستانیی یەزدیان کردووە، بەڵام دیسان بە مەرەخەسیی ئەم زیندانییە سیاسییە ڕازی نابن.

***

 

یەکێک لە نزیکانی قادر محەمەدزادە لە پێوەندی‌ بە مانگرتن و دۆخی هەنووکەیی ئەم زیندانییە سیاسییەوە لە زیندانی یەزددا بە “ئێران‌وایەر”ی وت: “قادر نۆ ڕۆژی بەردەوامە کە مانی لە خواردن گرتووە. سێ ڕۆژ بەر لەمەیش جێگری دادستان لەگەڵ دادوەری چاودێری زیندان‌دا، چوونەتە زیندان و لەگەڵی قسەیان کردووە. ئەوان بەڵێنیان پێ‌داوە ئەگەر کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت هەوڵ دەدەن دادستانیی مهاباد ڕازی بکەن بۆ چوونە مەرەخەسیەکەی، بەڵام ئەو قبووڵی نەکردووە.”

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە قادر سێ ڕۆژ بەر لەمە لە ڕێگەی تێلێفۆنەوە پێوەندیی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە “مانگرتنەکەی درێژەی دەبێت تا لە کۆتایی تەلیسمی شازدە ساڵ یەخسیربوون دەشکێنێت. تەنانەت ئەگەر ژیانیشی بخاتە مەترسییەوە؛ ئەم جارە دەبێ زیندوو یان مردووەکەم لە زیندان بچێتە دەرەوە.”

سەرچاوەکەی “ئێران‌وایەر”، بە ئاماژەدان بە ڕەت‌کردنەوەی داخوازییە بەردەوامەکانی قادر محەمەدزاده و بنەماڵەکەی بۆ کەڵک‌وەرگرتن لە مافی مەرەخەسی بە درێژایی شازدە ساڵی ڕابردوو وتی دادستانیی یەزد سەرەتا بارمتە یەک میلیارد تمەنییەکەی قبووڵ کرد و دادگای بۆکانیش وەک نوێنەری خۆی بارمتەکەی بەراورد کرد و لە ئێستایش‌دا ئەم بارمتەیە لە دادستانیی یەزدا “دەسبەسەر”ە: “ئێمە دوای دانانی بارمتەکە چاوەرێی ئەوەمان دەکرد قادر ئازاد بکرێت. بەڵام دادستانیی یەزد پاش بەدواداچوون دۆسییەکەی قادر لە دادستانیی مهاباد وەک سەرچاوەی دەرکردنی سزای یەکەم، لەو پەڕی ناباوەڕی‌دا داخوازیی مەرەخەسییەکەی قادریان ڕەت کردەوە.”

بە گوتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەگەرچی دابین‌کردنی بارمتەیەکی قورسی یەک میلیارد تمەنی بە لەبەرچاوگرتنی شازدە ساڵ زیندانی‌کێشانی بەڕێز محەمەزادە زۆر لاسەنگە، “بەڵام سەرباری ئەمەیش دادستانیی مهاباد بە ئەمنییەتی‌ دانانی دۆسییەکەی قادر بۆتە لەمپەری جیدی لەبەردەم بەکارهێنانی مافی مەرەخەسییەکەی‌دا.”

ئەو هۆکاریی پێداگری و درووست‌کردنی لەمپەر لە لایەن دادستانیی مهاباد لە بەرامبەر داخوازییەکەی بەڕێز محەمەدزادە بە پێشنیار و پێداگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان و مهاباد دەزانێت و پێیوایە دادستانیی مهاباد ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕا و بۆچوونی خۆی دەرببڕێت.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە هم بەڕێز محەمەدزادە و هەم بنەماڵەکەی بە درێژایی شازدە ساڵی ڕابردوو بە بەردەوامی هەوڵیان داوە کەڵک لە مافی مەرەخەسی وەربگرن، بەڵام هەموو جارێک بە بیانوی جۆراوجۆرەوە داخوازییەکەیانیان جگە لە دادستانیی مهاباد، لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێیشەوە ڕەت کراوەتەوە: “بە ئانقەست لە زیندانی ورمێوە نەیاندەگواستەوە بۆ یەزد بۆ ئەوەی نەتوانێت کەڵک لە مافی مەرخەسی وەربگرێت. بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە سزاکەی قادر هەر لە سەرەتاوە بە شیوەیەکی سەقەت جێ‌بەجێ‌کرا و لە باتی دوورخستنەوەی بۆ زیندانی یەزد لە زیندانی ورمێ‌دا گلیان دابووەوە، هەر ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە نەتوانێت کەڵک لە مافی مەرەخەسی وەربگرێت چونکە کەڵک‌وەرگرتن لە مافی مەرەخەسی بەندە بە جێ‌بەجێ‌کردنی تەواوەتیی سزاکەوە.”

سەرچاوەکەی نزیک لە بنەماڵەی محەمەدزادە، بە ئاماژەدان بە مانگرتنەکەی ئێستای ئەم زیندانی سیاسییەوە باسی ئەوەی کرد، قادر محەمەدزادە دووهەم جارە بۆ کەڵک‌وەرگرتن لە مافی مەرەخەسی مان لە خواردن دەگرێت: “بەرپەرسانی زیندانی ورمێیش بە گەڕانەوە بۆ ئەم لەمەپەرە یاساییە بۆ ساڵانێکی زۆر بەم بیانوەوە قادریان لە مافی مەرەخەسی بێ‌بەش کرد تا ئەوەی لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەمەی ٩٧ لە ناڕەزایەتی بە بەڕێوەنەچوونی تەواوەتیی سزاکەی ناچار بوو بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ مان لە خۆرادن بگرێت تا بەشکوو دووربخرێتەوە بۆ زیندانی یەزد؛ لە کۆتایی‌دا لە خاکەلێوەی ٩٨دا دووریان خستەوە بۆ زیندانی یەزد.”

ئەو لە پێوەندی‌دا بە چۆنییەتیی دەسبەسەرکرانی ئەم زینداییە سیاسییەوە بە “ئێران‌وایەر”ی وت: “قادر لە پاییزی ١٣٨٤ لە ماڵی باوکی لە شاری بۆکان‌دا دەسبەسەرکرا و نزیک مانگێک لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە لە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی‌دا لێپێچینەوەی لێ‌کرا و دواتر دەرکەوت کە جگە لە ئەشکەنجەی جەستەیی، هەر دوو لاقیشیان شکاندووە.”

سەرچاوەکەی “ئێران‌وایەر” لە زمانی بنەماڵەی محەمەدزادەوە چیرۆکی ئەشکەنجەی ئەم زیندانییە سیاسییەی بەم جۆرە گێڕایەوە: “بنەماڵەی محەمەدزادە دوای سەردان و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان، لە کۆتایی‌دا توانیان بۆ ماوەی ١٠ خولەک چاویان پێی بکەوێت. لە سووچێکی حەوشەکەدا دانیشتبوو و هەر دوو لاقی لە گەچ گیرابوو و لەسەر عەرزەکە ڕای کێشابوون و جگە ئێسک و پرووسک هیچی پێوە نەمابوو. قادر بە بنەماڵەکەی وتبوو “جگە لە ئەشکەنجەی جەستەیی، هەر دوو لاقیشیان شکاندووە و بە هۆی چڵک و ماسی لاقەکانییەوە پاش دە ڕۆژ ئێش و ئازار، چارەسەریان کردووە و گرتوویانەتە گەچ و ئاتێل.”

ئەو دەڵێت: “ئیدارەی ئیتلاعات بۆ پاراستن و خەوشدارنەبوونی سومعەی خۆیشی، تەنانەت بۆ نمایشیش بووبێت بەرامبەر بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە، ئامادە نەبوو قادر لەسەر ویلچێرێک دابنێن.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *