١٨٢ کەسی دیکە لە ئێران بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

ڕێژەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا لە ئێران بەردەوام بەرەو هەڵکشانە، پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، یەزد و بووشهر پێیان ناوەتە ئەوپەڕی دۆخی سوورەوە و هاوڵاتیان لەو پارێزگایانە لە دژوارترین هەلومەرجدا ژیان بەسەردەبەن.
بەگوێرەی دووایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی، لەماەی ٢٤ کاتژمێری تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی پووشپەڕ ٢٠ هەزار و ٨٢٩ حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی کۆڤید-١٩ لە ئێران تۆمارکراوە.
هەر لەو ماوەیەدا ١٨٢ تووشبووی کۆرۆنا لە ئێران گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی کۆی قوربانیانی کۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتووەتە ٨٦ هەزار و ٤١ کەس.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە ڤاکسیناسیۆن هەر وا بەشێنەیی بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستا تەنیا حەوت ملیۆن و ٥٧ هەزار و ٢٥٧ دۆزی ڤاکسینی کۆرۆنا لە ئێران بەکار هاتووە.
“سیما لاری”، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە، کە ڕێژەی سەردانکەران بۆ نەخۆشخانەکان ٤٠% زیادیکردووە، هاوکات ڕێژەی ئەو تووشبووانەی لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون ١٧% و ڕێژەی گیانلەدەستدان ١٠% بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو هەڵکشاوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، زیاترین ڕێژەی گیانلەدەستدان لە پارێگاکانی سیستان و بەلوچستان، یەزد و بووشهر تۆمارکراوە.
هەروەها دوو پارێزگای یەزد و هۆرمۆزگان کەمترین ڕێژەی پابەندبوون بە ڕێوشوێنە تەندروستییەکانیان تێدا تۆمارکراوە.
ڕۆژی ڕابردوو داواکاری گشتیی پارێزگای سیستان و بەلوچستان ئاشکرایکرد، کە ژمارەی ئەو کەسانەی ڕۆژانە بەهۆی کۆرۆنا لەو پارێزگایە گیان لەدەستدەدەن گەیشتووەتە ٣٠ کەس.
لەگەڵ ئەوەشدا “کەمپەینی چالاکانی بەلوچ” ڕایگەیاندووە، تەنیا لە شاری زاهدانی ڕۆژانە ٥٠ کەس بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن.
لە ئێستادا ١٤٣ شاری ئێران لە دۆخی سوور، ١٨٦ شاری دیکە لە دۆخی هۆشداری و ١١٩ شاریش لە دۆخی زەرد دان.
هەموو ئەوانە لەکاتێکدایە کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ “نادر تەوەکولی” جێگری لێژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای تاران هۆشداری دا، کە ڤایرۆسی دێلتا یان هەمان جۆری ڤاریانتی کۆرۆنای هیندستانی هەموو تارانی داگرتووە و بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەکانیش بەهۆیەوە پڕ بوون لە نەخۆش.