پێوەندی نەوت و دولاری ئەمریکی

موعتەسەم تاتایی

٢٨ سیپتەمبەری ٢٠٢١

موعتەسەم تاتای

ئەم بابەتە لە سەر چوونە سەرەوەی نرخی نەوت لەم ڕۆژانەدا نوسراوە

بۆ دەستپێکی بابەتەکە پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی گرنگی ئابووری بکرێت. لە ئابووری جیهانیدا، نرخی دوو شت لە نرخی شت و مەکی دیکە  گرنگتر و ئەساسی ترن. ئەم دوو شتە یەکەمیان نرخی پوڵە و دووهەمیان نرخی نەوتە وەک سەرچاوەی وزە.

لەوانەیە کەسێک پرسیار بکات نرخی پوڵ چیە؟ نرخی پوڵ بەهرەی بانکیە. دیارە بەهرەی بانکی جۆر بە جۆری هەیە. لێرەدا مەبەست بەهرەی بانکیەکە کە بۆ سەرمایەگوزاری دریژماوە بە کار دەهێنرێت. بۆ هەڵسەنگاندنی ئابووری لە ئاستێکی جیهانیدا چاو کردن لەم دوو نرخە زۆر زۆر پێویستە. سەرچاوەی چوونە سەر وخواری بەهرەی بانکی درێژ ماوە دو شتە.

یەکەمیان: سەرمایەگوزاریە  و دووهەمیان پەسەنداز کردنە لە ئاستی جیهانیدا. ئەگەر خەڵک کەمتر خەرج بکەن و زۆرتر پەسەنداز بکەن، یان بە واتایەکی تر، زۆرتر پەسەنداز بکرێت و کەمتر سەرمایەگوزاری بکرێت، پارەیەکی زیاتر لە بانکەکاندا دەمێنێتەوە. بەم بۆنەوە بەهرەی بانکی لە ئاستی جیهانیدا دەچێتە خوارەوە. ئەمە بەم شێوە ئەچێتە پێش تاکو ڕێژەی سەرمایەگوزاری گەشە دەکات و دەچێتە سەرەوەی ڕێژەی پارەیەک وا پەسەنداز کراوە. ئەم جار پارە (پوڵ) لە بانکەکاندا کەم دەکات و بەهرەی بانکی بۆ سەرمایەگوزاری درێژماوە دەچێتە سەر. ئەمە لە بابەت چۆنیەتی هاتوچۆی بەهرەی بانکیەوە.

دوهەمیان: لە بابەت نرخی نەوتەوە دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە جیهان بە گشتی پێویستی بە سەد تاکو سەد و دە ملیۆن بەرمیل (بۆشکە) نەوت لە ڕۆژێکدا هەیە. نەوت سەرچاوەی ئەسڵی وزە بە حەساب دێت و بە بێ نەوت بەرهم هێنان تووشی کێشەی گەورە دەبێت.

ئەگەر لە ئابووری جیهانیدا چاوەڕوان بکرێت کە بەرەو باشی دەڕوات یان چاوەڕوان بکرێت کە بەرهەم هێنانی نەوت بە هۆی شەڕ یان کێشە لە نێوان وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتدا بەرەو کەمی دەڕوات، نرخی نەوت دەچێتە سەروە. ئەمە ئاشکرایە کە ئەگەر ئەمانە بە پێچەوانە بن، نرخی نەوت دەچێتە خوارەوە. نرخی نەوت جیا لەم خاڵە  گرنگە، لە گەڵ چوونە سەرەوەی بەهای دولاری ئەمریکی پێوەندیەکی چڕ و پڕی هەیە، بەم جۆرە کە؛ ئەگەر دولاری ئەمریکی بچێتە سەر نرخی نەوت دادەبەزێت. ئەگەر دولاری ئەمریکی بچێتە خوار نرخی نەوت دەچێتە سەر.

لەوانەیە کەسێک پرسیار بکات بۆچی وایە؟ ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی دولاری ئەمریکی لە ئابوری جیهاندا. کاتێک ئابوری جیهانی بەرەو خراپی دەڕوات خەڵک دەگەڕێن بۆ جێگای ئەمن پارەکەیان لەوێدا دابنێن. ئەم خەڵکە یان تەڵا (زێڕ) دەکڕن یان ئەوراقی قەرزەی بەهاداری دەوڵەتی ئەمریکی دەکڕن. سەندنی ئەوراقی قەرزەی بەهاداری دەوڵەتی ئەمریکا، دولاری ئەمریکی پێویستە. ئەگەر ئەم داخوازە بۆ دولاری ئەمریکی ڕو بدات، قیمەتی دولاری ئەمریکی دەچێتە سەر. چونەسەری نرخی دولاری ئەمریکی بەم تەفسیرە مانای ئەوەیە کە ئاوبووری جیهان بەرەو خراپی دەڕوات. ئابووری جیهانی بەرەو خراپی بڕوات پێویستی کەمترە بە نەوت و نرخی نەوت دەچێتە خوارەوە. لێرە بە ڕۆشنی دەر دەکەوێت کە نرخی نەوت و نرخی دولاری ئەمریکی لە دوو جەهەتی موخالیفی یەک دەچنە پێش. لە بیرمان بمێنێتەوە هەر کاتێت:

١- نرخی دولاری ئەمریکی دەچێتە سەر، نیشانەی ئەوەیە کە ئابوری جیهانی بەرەو خراپی دەڕوات. خەڵک دەیانەوەێت ئەوراقی قەرزەی دوڵەتی ئەمریکا بکڕن

٢- چونە سەری نرخی دولاری ئەمریکی یانێ بە خراپە چوونی ئابووری جیهانی و پێویستی کەمتر بە نەوت.

٣- کاتێک پێویستی کەمتر بە نەوت بێت نرخی نەوت دەچێتە خوارەوە.

ئەگەر هەمو ئەم خاڵانەی باسمان کرد لە بەر چاو بگرین، لە ئابوری جیهانیدا، نرخی نەوت و نرخی پوڵ گرنگترین نرخەکانن. هەر دوو نرخ لە گەڵ یەکتردا دەبێت بەم خاڵانەی خوارەوە ئاماژەی بکرێت.

١- ئەگەر نرخی نەوت و نرخی پوڵ هەردوکیان لە خوارەوە بن، ئەمە پیشان دەدات کە ئابوری جیهانی لە گەشەدا نیە و لە دابەزینی ئابوریدایە.

٢- ئەگەر نرخی نەوت و نرخی پوڵ هەردوکیان لە سەروە بن، ئابوری جیهانی لە قەیرانێکدایە کە پێی دەکوترێت قەیرانی استاگفلیشن. (Stagflation) ئەم قەیرانە زۆر ماڵ وێران کەرە. کەرتی ئابوری جیهان لە حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا تووشی ئەم قەیرانە هات کە دواتر بو بە هۆی هاتنە سەر کاری نئولیبرالیسمی خانمی تاچێڕ و ئاغای ڕیگان.

٣- ئەگەر نرخی دانەیەک لەم دووانە لە سەرەوە بێت و دانەکەی دیکەیان لە خوارەوە بێت، ئابووری جیهانی مایە باش دێتەوە و کێشەی زۆر دروست نابێت.

ئێستا ئەگەر بمانهەوێت بە لە بەرچاو گرتنی خاڵەکانی سەرەوە ئابووری ئەوڕۆی جیهان هەڵبسەنگێنین، ئەمە ڕۆشنە کە بواری ئابووری جیهانی هەرچەن بە گیروگرفتی زۆرەوە بەرەو دونیای دوای کرۆنا دەچێتە پێش. دونیای دوای کرۆنا، ئەگەر نەوعی تازەی پەیدا نەبێت، مانای گەڕانەوە بۆ ئابووریەکی ئاساییە کە لە وێدا ئابووری خەوتوو بە بۆنەی کرۆناوە گەشە ئەکات و پێویستی بە نەوتی زۆرتر هەیە. ئەمە خاڵی گرنگە بەڵام چەن ئەگەری تێدایە.

خاڵێکی دیکە جیا لەم خاڵەی سەرەوە، ئەمەیە کە ئێمە بەرەو زستان دەڕۆین. ئەمەیش لە سەر داخوازی زیاتر بۆ نەوت لە داهاتوی نزیکدا کاریگەری هەیە.

دوایین خاڵ ئەمەیە کە لە زۆر شوێن کەمبوونی گاز پەیدا بوە. ئەگەر ئەمە ڕێگە چارەیەکی بۆ نەدۆزرێتەوە مەجبور لە جێگرەکەی کە نەوتە، کەڵک وەر بگیرێت کە ئەمە نرخی نەوت دەباتە سەرەوە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *