چەپکێک ڕوانگە و ڕەخنە-کۆمەڵە وتار لەبارەی پرسی کورد

چەپکێک ڕوانگە و ڕەخنە

کامران ئەمینئاوە

پێشەکی

ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکانی سێ دەیەی ڕابردوو لە ناوچەی ڕۆژهەڵتی ناوەڕاست بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، ژیانی زۆربەی نەتەوەکانی ئەم ناوچەیەی تووشی ئاڵوگۆڕێکی چاوەڕواننەکراو و جیددی کردوە. لەو نێوەدا پرسی کورد وەک یەکێک لە سەرەکیترین کێشە چارەسەرنەکراوەکانی چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان لە جێ خۆی ماوەتەوە و نەتەوەی کوردیش بۆ گەیشتن بە

کەیان و سەروەریی نەتەوەیی خۆی بێپسانەوە و بەردەوام خەبات دەکات. کۆتایی سەدەی ٢٠ و دەسپێکی سەدەی ٢١، سەردەمی ڕەنگدانەوەی کێشە و خەباتی کورد لە ئاستی جیهانداو، بە وتەیەکی دیکە بە جیهانیبوونی کێشەی نەتەوەیی کورد بووە. دامەزرانی هەرێمی باشوری کوردستان لە کۆتایی سەدەی پێشوو، بەرەنگاربوونەوەی گەلی کورد و بە تایبەتی حەماسەی کۆبانی لە بەرامبەر هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی داعش وەک دڕەندەترین و بێڕەحمترین هێزی دواکەوتووی ناوچەی ڕۆژهەڵتی ناوەڕاست بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی حکوومەتی ئوردوغان، هەروەها گشتپرسیی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان و دەنگدانی زۆرینەی خەڵکی ئەم هەرێمە بە سەربەخۆیی و پشتیوانی بەکۆمەڵی خەڵکی ڕۆژهەڵت و بەشەکانی دیکەی کوردستان لەم ڕێفراندۆمە لەم ساڵنەی دواییدا، وەک هەستێکی بە هێزی نەتەوەیی بۆ یار و نەیاری کورد گەلێک سرنجراکێش بووە و پیشاندەری ئەم ڕاستییەیە، تاکی کورد لە تەواوی بەشە لێکدابڕاوەکانی کوردستان، تەنانەت لە ژێر حوکمی چەک و سەرنیزەی دوژمنیشدا، یار، هاوپەیمان، هاوخەم و هاودەردی هاونەتەوەکەیەتی و، بە سەرکەوتنی هەر بەشێک، هەست بە بەختەوەریی خۆی دەکات و لە کاتی سەرکوت و نەهامەتیاندا خۆی بە پشتیوانی هاو ڕەگەز وهاونەتەوەکانی خۆی دەزانێ. جا با نەیاران و دوژمنانی کورد و ئەوانەی پێیان وایە کورد نەتەوە نیە یاخود کاتی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی تێپەر بووە، هوشیار ببنەوە و بە چاوی خۆیان ئەم هەستە بە توانا و مەزنەی خەڵکێک ببینن کە بە درێژایی چەندین سەدە بۆ گەیشتن بە کەیان و سەروەری خۆیان کۆڵنەدەرانە خەبات دەکات و لە هیچ فیداکاریی و لە خۆبووردنێک درێغی نەکردوە.

بۆ خوێندەوە و داگرتنی ئەم کتێبە، ئێرە کلیک بکە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *