ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە مەریوان

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠، ژمارەیەک لە ژنانی مەریوان بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە پارکی “میلەت”ی مەریواندا گردبوونەوە.
یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەم گردبوونەوە لە مەریوان بە “ئێرانوایەر”ی وت: “بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٢٥ی نۆڤامبر، جگە لە ڕێزگرتن لە ژنانی گیانبەختکردوو و قوربانیانی شێوە جۆراوجۆرەکانی توندوتیژی لە کۆمەڵگا، تازە کردنەوەی بەڵێنێکە بۆ درێژەدان بە خەباتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز تا گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسان بەبێ توندوتیژی دژی ژنان.”
ژنان لەو گردبوونەوەیەدا چەندینن پانکاردی هەڵگری دروشم و داواکارییەکانیان بەدەستەوە گرت، “ئازادی ژن ئازادی کۆمەڵگایە” و “نا بۆ هاوسەرگیریی زۆرەملی” دووان لەو پانکاردانە بوون.
ئەم گردبوونەوە بە بڵاوکردنەوەی شیرینی لەناو ئامادەبوان و ڕێبواران لەناو پارکی میلەتی مەریواندا کۆتایی پێهات.