ڕێپێوانی ناڕەزایی کۆڵبەرێکی مەریوانی بە دوو لاقی دەسکرد و عەرەبانەوە

ڕێپێوانی کۆڵبەر

هاوڕێ یوسفی

“کامران دووپلورەیی”، چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوانی سەر بە پارێزگای کوردستان، چوارشەمەی ڕابردوو ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٠، بە دژی تەقەکردن لە کۆڵبەران، بارودۆخی نالەباری کەمەندامان و لەناوبردنی دارستانەکانی “زاگرۆس”، بە دوو لاقی دەسکرد و عارەبانەکەیەوە ڕێپێوانە ناڕەزاییەکەی لە شاری مەریوانەوە تا بەردەم مەجلیسی شوورای ئیسلامی لە تاران دەست پێکرد.

ڕێپێوانە ناڕەزایەتییەکەی ئەم چالاکوانە مەدەنییە کە هەر دوو لاقی لە کاتی کۆڵبەری‌کردن لە سنوورەکانی ئێران‌دا لە دەست داوە، دەنگدانەوەیەکی بەرینی هەبووە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکوانانی مەدەنی و ژێنگەپارێزدا.

ئەو لە وتووێژ لەگەڵ “ئێران‌وایەر”دا، تەقەکردن لە کۆڵبەران، پێشێل‌کردنی مافەکانی کەمەندامان و لەناوبردنی سەرچاوە سرووشتییەکان بە سێ هۆکاری گەورەی ڕێپێوانەکەی خۆی ناو دەبات.

کامران دووپلورەیی دوای تێپەڕکردنی مەودای ٥٠ کیلۆمەتر لە جادەی مەریوان بەرەو سنە بە درێژایی سێ شەو و ڕۆژ، بە نێوەنجگیری هەندێک لە چالاکوانانی مەدەنیی و ژینگەپارێزی مەریوان، کامیاران، جوانڕۆ و سنە و هەروەها بە هۆی ئەو مەترسیانەی لەوانەبوو بارودۆخە جەستەیی و تەندرووستییەکەی تێک‌بدات، کۆتایی بە ڕێپێوانەکەی هێنا بەڵام وەک پێش‌تر پێداگرە لەسەر هەڵویستەکانی.

وتووێژی “ئێران‌وایەر” لەگەڵ کامران دووپلورەیی دەخوێننەوە:

***

کامران دووپلورەیی، ٣١ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی ئاوایی “دووپلورە”ی مەریوانە.

ئەویش وەک زۆربەی کۆڵبەرانی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژاوای ئێران، بە هۆی هەژاری و پەراوێزخرانی ئابوورییەوە ناچار بووە کۆڵبەری بکات بەڵام وەک خۆی دەڵێت، کۆڵبەری ژیانە ئاساییەکەیشی لێ زەوت کرد.

کامران لە ئێستادا دانیشتووی شاری مەریوانە و لە ڕووی ئابووریشەوە جگە لە وەرگرتنی یارانەی دەوڵەتی، داهاتێکی‌تری نییە. بەڵام بە هۆی چالاکییە مەدەنی و ژینگەییەکانییەوە، لەناو خەڵکی ناوچەکەدا کەسێکی خۆشەویست و ناسراوە.

کامران شەوی ١٠ی ڕەزبەری١٣٩٦، ڕێک لە ساڵڕۆژی لە دایک‌بوونی‌دا، لە کاتی کۆڵبەری‌ و گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران، لە ناوچەی سنووریی “سەرشیو”ی مەریوان، بە هەڵە کەوتەبەر تەقەی یەکێک لە باخەوانەکانی ناوچەکە و بە هۆی بەرکەوتنی ٩ فیشەک، هەر دوو لاقی لە دەست‌دا.

ئەو لە پێوەندی‌دا بە بارودۆخی جەستەیی و پرۆسەی پزیشکیی بۆ گەڕانەوەی تەندرووستییە ڕێژەییەکەی بە “ئێران‌وایەر”ی وت تا ئێستا ٢١ جار نەشتەرگەریی بۆ کراوە بەڵام سەرباری ئەمە هێشتا بارودۆخە جێگیرە تەندرووستییەکەی نەگەڕاوەتە سەر ڕەوتی ئاسایی.

ئەو دەڵێت: “ئەگەرچی بۆ ماوەیەک لە لایەن ڕێکخراوی بێهزیستی و کۆمیتەی ئیمدادی مەریوانەوە پشتیوانی کرام بەڵام چوونکە یارمەتییەکانیان لە بەرامبەر تێچوو و نرخی دەرمانەکانم زۆر کەم بوو و ڕێکخراوی بێهزیستیش بۆ کڕینی عارەبانە و لاقی دەسکرد هیچیان نەکرد، لە کۆتایی‌دا سەردانی ئۆفیسی “جەمعییەتی خەیرینی ئیمام عەلی”م کرد لە تاران و ئەم ناوەندە خەڵکییەیش کۆی تێچوەکانی کڕینی عارەبانە و هەر دوو لاقە دەسکردەکەی منیان گرتە ئەستۆی خۆیان کە دەوری ٢٠٠ میلیۆن تمەن بوو. یارمەتییەکانی ئەم ناوەندە خەڵکییە و پشتیوانی دارایی خێرخوازانی ئەم ناوەندە جێگای ڕێز و پێزانینێکی تایبەتە.”

ئەم چالاکوانە ژینگەپارێزە، دۆخی نالەبار و پێشێل‌کردنی مافی کەمەندامان، تەقەکردن لە کۆڵبەران و لەناوبردنی سەرچاوە سرووشتییەکان و ئاگرتێبەردانە بازنەییەکانی دارستانەکانی زاگرۆس بە سێ هۆکاری سەرەکیی ڕێپێوانە ناڕەزایتییەکەی خۆی دەزانێت.

دەڵێت: “کەمتەرخەمی و گوێنەدانی بەرپرسانی هەر دوو ئیدارەی ژینگە و سەرچاوە سرووشتییەکانی مەریوان و درێژەدانی ئەم ڕەوتە باڵادەستە سەبارەت بە ژینگەی هاوبەشی تاک بە تاکی کۆمەڵگا، بڕیارم دا لانیکەم بەم ناڕەزایەتییە، دەنگی ئەو ئێکۆسیستمە بێ‌دیفاعە بم کە لەوپەڕی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی دەوڵەتی‌دا خەریکە لەناو دەچێت.”

هەروەها باسی ئەوەی کرد: “ئامانجی سەرەکیی من، جگە لە فەرهەنگ‌سازی و چاندنی هەستی بەرپرسیارێتیی لای خەڵک لەرامبەر پاراستنی ژینگەدا، هۆشداریدان بوو بە بەرپرسانی پێوەندی‌دار تا وشیار و بەئاگابن و ڕێگە نەدەن کۆمەڵێک کەسی چاوچنۆک دەسدرێژی بکەنە سەر سرووشت و دارستانەکان بکەنە سەرچاوەی داهات بۆ خۆیان؛ ئەو کەسانەی کە لە تاریکی‌دا گەورە بوون و هیچ ڕێزێک لە سرووشت و هێزە ژیانبەخشەکەی ناگرن.”

کامران دووپلورەیی ئەگەرچی تا پێنجی سەرەتایی خوێندوە بەڵام وەک خۆی دەڵێت، ڕوانگەیەکی تایبەتی بۆ سرووشت و ژینگە هەیە. ئەو بڕوای وایە پاراستنی ژینگە بە تەنیا ئەرکی هەندێک ئۆرگانی دەوڵەتی و تەنانەت ناوەندە مەدەنی و خەڵکییەکان نییە بەڵکوو کۆمەڵایەتی‌بوونەوەی بەرگری و پاراستنی ژینگە، ئامانجی چالاکییەکانییەتی لەم بوارەدا: “چونکە مرۆڤەکان زادەی سرووشتێکن کە تێی‌دا دەژین، کەواتە لەناوچوونی ژینگە وەک لەناوچوون و کەوتنی مرۆڤە. بەردەوام‌بوون و ڕاوکردنی ئاژەڵاکان و باڵاندە کوێستانییەکان لە دارستانەکان‌ لە لایەن ڕاوچییەکانەوە، دێپۆکردنی زبلە شارییەکان لە ناوچە جەنگەڵییەکان یاخود ئاگرکەوتنەوە بازنەییەکانی دارستانەکان، کە زۆربەی جار خەڵکەکە خۆیان دەیکەن، ڕاستەوخۆ شوێنی ژیان و ژینی ئێمەیان نەک لە کوردستان بەڵکوو لە هەموو ئێران لەناو بردووە. کەواتە پێوسیتە هەموومان وشیار و ئاگادار بین.”

ئەم چالاکە مەدەنییە لە درێژەی گفت‌وگۆکەدا، ئاماژەی دایە تەقەکردن لە کۆڵبەران لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو ئەگەرچی کۆڵبەری بە پیشە نازانێت بەڵام پێیوایە بێ‌بەشکاری و نەبوونی ژێرخانە ئابوورییەکان، لەوانە نەبوونی کارخانە و کارگەکان، ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و قەرز بۆ ئەنجام‌دانی کشت‌وکوڵ، نەبوونی ڕێکخستنی پێویست بۆ ڕەخساندنی هەلی کار لە سنوورەکان و دابین‌نەکردنی بوودجەی پێویست بە وەدیهێنانی ئەم ئامانجە ئابوورییانە، بنەڕەتی ڕووکردنی خەڵکی سنوورەکانە بۆ کۆڵبەری: “زۆربەی خەڵکی سەرسنوور بە هۆی بێ‌کاری، هەژاری و بۆ دابین‌کردنی بژێویی بنەماڵەکانیان بە ناچاری ڕوو دەکەنە کۆڵبەری. وەک خۆم دەیان کەس دەناسم کە لە کاتی کۆڵبەری‌کردن‌دا کوژراون، لە بەرزایی شاخەکان کەوتوونەتە خوارەوە یان فەلەج و بریندار بوون. تەنانەت لەم چەند سالەی دوایی‌دا زۆربەی نوخبە وەرزشییەکان یان کەسانێک کە خاوەنی بڕوانامەی بەرزی زانکۆن، ڕوویان کردۆتە کۆڵبەری.”

ئەو کە خۆی بە دژبەری سەرسەختی کۆڵبەری دەزانێت، ڕەخنە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە ئینتزامی و مەرزبانییەکان بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێت کە بە ناچاری کۆڵبەری دەکەن. ئەو دەڵێت: “بۆ دەبێت دیاردەی کۆڵبەری هەبێت یاخود کۆڵبەران بکوژرێن؟ ئەوان نە دژبەری دەوڵەتن و نە تاوانێکیان ئەنجام داوە. بێ‌کاری و سکی برسیی بنەماڵەکانیان ئەوانی پەلکێش کردووە بۆ سەرسنوورەکان. ئایا لە کاتی جەنگی داسەپاودا (جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران)، هەر ئەم کۆڵبەرانە و منداڵەکانیان نەبوون سینگی خۆیان کردە قەڵغانی لە هەمەبەر دوژمن و لەگەڵیان جەنگین؟ ئەی بۆ دەبێ بە هۆی نانەوە لە سنوورەکانی خۆیان‌دا بکوژرێن، فەلەج و بریندار بکرێن؟”

کامران دووپلورەیی لە بەشێکی‌تری ئەم وتووێژەدا، ئاماژە بە دۆخی کەمەندامان دەکات. ئەو لە پێوەندی‌دا بەم توێژەوە وەک خۆی دەڵێت لە کۆمەڵگای هەنووکەیی ئێران‌دا فەرامۆش کراون، بە زمانی ڕەخنەییەوە وتی ئەم توێژە کەمەندامیان هەڵنەبژرادووە و ئارەزوویانە جەستەیەکی ساق و تەندرووستیان هەبێت و وەک باقیی خەڵکی کۆمەڵگا تا کۆتایی تەمەنیان کار بکەن و بژین.

بە گوتەی ئەو، توێژی کەمەندام بەپێی ستانداردە دیاری‌کراوەکان لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی‌دا پێویستە پشتیوانیان لێ‌بکرێت و لە ڕووی شارۆمەندییەوە، سوود لە هەموو مافەکانیان و پشتیوانییە پێویستەکان وەربگرن: “ئەمە لە حاڵێک‌دایە کە زۆربەی کەمەندامان، لەوانە خۆم، بە هۆی نەبوونی پشتیوانیی دەوڵەتی، جگە لە ئێش و ئازاری جەستەیی، دەبێت کەڵکەڵە و زەجری دابین‌کردنی بژێویی ژیانیش بکێشم؛ ئەگەرچی وەک کەمەندامێک مەبستم نییە وێنەیەکی ڕەش لە دۆخی کەمەندامان نیشانی خەڵک بدەم بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت بەشێکی بەرچاوی کەمەندامان یان پشتیوانیان لێ‌ناکرێت یاخود ئاستی پشتیوانییە دارایی، پەروەردەیی و دەرمانییەکان زۆر کەمە. لە حاڵێک‌دا زۆربەی خزمەتگوزارییە بانکی، پەروەدەیی و دەرمانییەکان و تەنانەت مافی کڕینی خانوو، دەرمانی خۆڕایی و کڕینی سەیارە بۆ کەمەندامان لە سیستمی یاسایی ئێران‌دا دیاری کراون بەڵام بە کرداری لە سەتا پێنجی مافەکانیشیان مسۆگەر نابێت.”

ئەم چالاکوانە مەدەنییە، لە پێوەندی‌دا بە دەنگدانەوەی ناڕەزایەتییە هێماینەکەی لە ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان‌دا بە “ئێران‌وایەر” دەڵێت: “ئەگەرچی من هەموو ڕێگاکەم نەپێوا بەڵام دەنگدانەوەی بەرینی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو پەیامە هیوابەخش و یەکگرتوانەی کە لە لایەن خەڵکەوە بۆم هاتووە، جێگای دڵخۆشی و خۆشحاڵێیە. لە لایەکی‌ترەوە، پێ‌دەچێت دەنگی ناڕەزایەتییەکەی ئێمە گەیشتبێتە گوێی بەرپرسانی پێوەندیداریش؛ هەرچەند ناڕەزایەتییەکانی ئێمە بە شێوەگەلی‌تر بەردەوام دەبێت.”

ئەگەرچی کامران دووپلورەیی قەت وێنای ئەوەی نەدەکرد ڕۆژێک لەسەر عارەبانە دابنیشێت و بە دوو لاقی دەسکردەوە بژی بەڵام وەک خۆی دەڵێت، کەمەندامی نەیتوانی ڕێگر بێت لەبەردەم ئیرادەی پۆڵایینی بۆ درێژەدان بە ژیانێکی سەربزێو و چالاکییەکانی: “دوای لەدەسدانی لاقەکانم فێری مەلەوانی بووم؛ بە جۆرێک کە بە مەلە ئەمبەروئەوبەری زرێبار دەکەم کە مەوداکەی نزیک چوار کیلۆمەەترە. وەرزشی ئاسن دەکەم و لە ١٠٠ بۆ ١٧٠ کیلۆگرام پرێس سینە لێ‌دەدەم. ئامانجی کۆتایی من  ئەمەیە کە بە درێژەدانی ئەم وەرزشە، بچمە نێو کێبڕکێ ئێرانی و جیهانییەکانەوە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *