ڕێگەچارەی ڕوحانی بۆ قەیرانی ئاو: هیوادارین خوا ڕەحمەتمان بەسەردا ببارێنێت

روحاني

“حەسەن ڕوحانی”، سەرۆک‌کۆماری حکومەتی ئێران هیوا دەخوازێت کە “خوا لە سەرەتای پاییزەوە ڕەحمەتی خۆی ببارێنێت” و دەڵێت، لەئێستادا ناکرێت ئەوەندەی پێوسیت ئاوی پشت بەنداوەکان بەربدرێنەوە، چون مومکینە کە خەڵک بۆ کۆتایی هاوین تووشی بێ‌ئاوی بن.

ئەمڕۆ شەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠، حەسەن ڕوحانی کاردانەوەی پیشاندا بەرامبەر بە ناڕەزاییەکانی ئەم ڕۆژانەی خوزستان کە لەئەنجامیدا لانیکەم هەشت هاوڵاتی بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان کوژران و وتی: “ئەو کارانەی دەوڵەتی ١١ەم و ١٢ەم بۆ خوزستانی ئەنجامی‌داوە زۆریش باش بوون.”

بەقسەی سەرۆک‌کۆماری حکومەتی ئێران، ئەگەر وڵاتەکەی تووشی ئەم وشکەساڵییە نەبووایە کە لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە، خەڵکیش تووشی ئەم کێشانە نەدەبوون.

وتیشی: “ئەو چەند کەسە وەلادەنێین، خەڵکی دیکە ناڕەزایی بەهەقیان دەربڕیوە و داواکار بوون کێشەی کشتوکاڵ، دارخورماکان و ئاژەڵەکانیان چارەسەربکرێت.”

ناڕەزاییەکانی خوزستان بەرامبەر بێ‌ئاوی پێی ناوەتە ١٠یەمین ڕۆژییەوە و بەپێی ئاماری ڕاگەیەندراو لەلایەن ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لەمیانەی گردبوونەوەکاندا لانیەکم هەشت هاوڵاتی بە گولـلەی هێزە ئەمنیەکان کوژراون.

ئاژانسی هەواڵی “هرانا” ئەمڕۆ شەممە ٢ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە لەمیانەی ئەو ناڕەزاییانەدا سەدان کەس دەستبەسەرکراون، هەروەها ناسنامەی ١٠٢ لەو هاوڵاتیانەی ئاشکراکرد.

بەپێی هەواڵی ئەو ئاژانسە منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵیش لەناو ئەو کەسانەدایە کە لەماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *