ڕەشبگیریی هاوڵاتیان لە کوردستان بەردەوامە؛ زیاتر لە ٧٠ کەس دەستبەسەرکراون

ڕەشبگیری لە شارەکانی کوردستان بەردەوامە

لە بەردەوامیی شەپۆلی ڕەشبگیریی هاوڵاتیانی کورد دوو هاوڵاتی دیکە لە شارەکانی سەقز و سنە دەستبەسەرکران. لەئێستادا زیاتر لە ٧٠ هاوڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاکانی کوردستان دەستبەسەرکراون.

هەنگاو ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندان هێزە ئەمنییەکان لە شاری سەقز هاوڵاتییەک بە ناوی “بابەک بابایی”یان دەستبەسەرکردووە.

لەو هەواڵەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندان لە شاری سنە هاوڵاتییەک بەناوی “جەمیل ئەحمەدیان” دەستبەسەرکراوە.

ئەو هاوڵاتیانە بەبێ دەرکرانی هیچ بڕیارێک لەلایەن دادوەر یان دەزگای دادەوە دەستبەسەرکراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.

ڕۆژی ڕابردوو “مەحمود ساڵحی” چالاکی کرێکاریی کورد لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا هەواڵی دەستبەسەرکرانی کرێکارێکی سەقزی بەناوی “ئەفشین ئیلاهی”ی بڵاوکردبووەوە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٣٠ بەفرانباریش شەش هاوڵاتی لە شاری پیرانشاردەستبەسەرکرابوون.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ١٩ هاوڵاتی دیکەش لە شاری بۆکان دەستبەسەرکراون.

لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا زیاتر ٧٠ هاوڵاتی و چالاکی کورد لە کوردستان، تاران و کەرەج دەستبەسەرکراون.

دەزگای دادی ئێران تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی ئەو هاوڵاتییانە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *