کرێکارانی ئێران پێویستیان بە ڕێکخراوێکی سەربەخۆی کرێکاری هەیە؛ وتووێژ لەگەڵ مەحموود ساڵحی (بەشی ٢)

محمود صالح

هاوڕێ یوسفی

“مەحموود ساڵحی”، چالاکوانی کرێکاریی کورد، لە بەشی دووهەمی گفت‌وگۆ لەگەڵ ئێران‌وایەر، کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە، جگە لەوەی ئاماژە بە گوشار و سەرکوتی سیستماتیکی ناوەندەکان و چالاکوانانی سەربەخۆی کرێکاریی ئێران دەکات، پەرژاوەتەسەر چۆنییەتیی لێکهەڵپێکران و گرێ‌خواردنی ڕێکخراوە کرێکارییەکانی کوردستان بە هاوتاکانی خۆیەوە لە ئاستی سەراسەری و هەروەها باس لە “پێویستیی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سەراسەری بۆ هەموو کرێکاران ئێران” لە سەردەمی ئێستادا دەکات.  بەشی یەکەمی ئەو وتووێژە ڕۆژی ڕابردوو بڵاوکراوەتەوە.

***

  • بەڕێز ساڵحی، ساڵانی سەرەتایی دەیەی هەشتای هەتاوی بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران قۆناغێکی نوێی ڕێکخستنی کرێکاران و هەروەها هاوگرۆیی و لێک‌نزیک‌بوونەوەی نێوان چالاکوانانی سەربەخۆی کرێکاریی لە ئێران‌دا ئەزموون کرد. ئایا پێکهێنانی “کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان” دەرەنجامی ئەم نزیک‌بوونەوە بوو؟

چالاکیی کرێکاری لە ئاستی سەراسەری‌دا هەر لە تافی گەنجێتییەوە بەشێک بووە لە ستراتێژیی من دوای شۆڕشی٥٧. ئەگەرچی ئێمە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان‌دا ئەنجومەنی پیشەیی بەتایبەت پیشەی نانەواییمان لە شارەکانی بانه، مەهاباد، بۆکان، دیواندەرە و مەریوان‌دا دامەزراند بەڵام کۆی ئەم هەوڵانە دەبوو لە ئاستی سەراسەری‌دا پەرەبستێنن. بە تایبەت دوای سەرەتاکانی دەیەی هەشتای هەتاوی کە ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و بزووتنەوەی کرێکاری لە ئاستی سەراسەری‌دا لە حالی سەرهەڵدان و شەکڵ‌گرتن و خۆش‌کردنی بواردا بوو بۆ ئەوەی بێتە مەیدان. بە گوتەیەکی‌تر، خولێکی نوێی گەڕانەوەی چینی کرێکار بۆ چەقی خەبات و وەستانەوە بەرامبەر بە چەوسانەوە و پیشێل‌کردنی مافەکانی کرێکاران دەستی پێ‌کرد. لەم قۆناغەدا، هاتنە خیابان و ناڕەزایەتیی کرێکارانی بێهشەهر و نارەزایەتییان بەرامبەر خانەی کرێکار لەسەر ئەوەی ئەم ناوندە چیتر ناتوانێت ببێتە لەمپەر لە بەرامبەر وەدیهاتنی داخوازییەکانمان، وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە وشایەریی چینایەتیی کرێکارانی ئێران چونکە ئەمە تەعبیر بوو لە تێپەڕاندن و بەزاندنی “خانەی کرێکاری کۆماری ئیسلامی” وەک ناوەندێکی سەرتاپا دەوڵەتی لە لایەن چینی کرێکارەوە.

لە لایەکی‌ترەوە، بەڕێوەچوونی ڕێ‌وڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە ١٢ی‌گوڵانی٨٣ لە شاری سەقز و دەنگدانەوە جیهانییەکەی لە میدیاکان‌دا خولێکی نوێیە لە خەباتی چینی کرێکاری و هەوڵدان بۆ بەرین‌کردنەوەی ڕووبەری بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران‌دا.

ئەگەرچی ئەنجومەنی پیشەیی و چالاکییەکانی ئێمە بە خەستی و زۆر قورس کەوتبوە بەر پەلاماری سەرکوتە بەردەوامەکانی ناوەندە دەوڵەتی، ئەمنییەتی و ئینتزامییەکانەوە بەڵام لە بەرامبەردا بڕیارمان‌دا ئەم توانست و هێزە لە ئاستێکی بەرین‌تری خەباتی چینی کرێکاری ئێران‌دا چڕ بکەینەوە تاکوو سنووری جوگرافیایی نەبێتە لەمپەر لە بەردەم بەهێزبوونەوەی چینی کرێکار، پارچەپارچەبوون و لاوازبوونی. درێژەی لۆژیکیی ئەم ئاسۆ ستراتێژیکە پاڵنەری ئێمە بوو بۆ دامەزراندنی پێوەندیی لەگەڵ کرێکارانی دەرەوەی کوردستان و چالاکوانانی سەربەخۆی کرێکاری لە ئاستی سەراسەری‌دا.

بەو پێیەی کە چالاکوانانی کرێکاری لە ئاستی سەراسەری‌دا ڕێکخراو نەبوون و ڕێکخراوێکیشیان نەبوو و زۆرجاران بە شێوەی فەردی چالاک بوون بەڵام هەماهەنگی و پێوەندیی بەردەوامی نێوان چالاکوانانی سەربەخۆی کرێکاریی کوردستان و دەرەوەی کوردستان بووە هۆی ئەوەی دوای بەرێوەچوونی چەند کۆبوونەوە، کۆمیتەیەک بۆ زەمینەسازی بە مەبەستی دامەزراندنی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان لە ئاستی سەراسەری‌دا پێک‌بهێنین.

لە لایەکی‌ترەوە، “کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان” لە ٨ی‌گوڵانی٨٤ بە ئامادەبوونی “مەحموود ساڵحی”، “بەهرام دزکی”، “بێهرووز خەباز” و “مۆحسێن حەکیمی” دامەزرا و لەە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنێکەوە دامەزرانی فەرمیی خۆی ڕاگەیاند و بە چوار هەزار واژۆوە کار و چالاکییەکانی دەس‌پێ‌کرد و لە ئاستی ئێران‌دا ئەندام‌گیریی دەکرد.

  • یەکەم کۆبوونەوەی گشتیی کۆمیەتی هەماهەنگی لە کوێ بەرێوەچوو و پێڕەوە ناوخۆکەی بە چ شێوەیەک ئامادەکرا؟

پاش ڕاگەیاندنی دامەزرانی کۆمیتەی هەماهەنگی دەستمان کرد بە ئامادەکردنی پێڕەوی ناوخۆ. پێڕەوی ناوخۆ لە یەکەمین کۆبوونەوەی گشتی لە شاری سنەدا پەسەند کرا و لە کۆتایی‌دا من، “بێهزاد سۆهرابی”، “مۆحسێن حەکیمی”، “وەفا قادری” و “سەعید موقەدەم” بۆ دەستەی کارگێڕیی کۆمیتەی هەماهەنگی هەڵبژێردراین.

شیانی باسە کە چونکە زۆرینەی ئەندامان لە کوردستان بوون، کۆبوونەوە گشتییەکانیش پتر لە کوردستان‌ بەڕێوە دەچوون و چونکە ناوچەکانی‌تر نەیاندەتوانی کۆبوونەوەی گشتی ڕێکبخەن، بەرپرسیارێتیی ڕێکخستنی ئەندامان لە ئەستۆی ئێمە بوو. جگە لە بەرێوەبردنی سێ کۆبوونەوەی گشتی لە ڕۆژاوای ئێران، لانیکەم شەش کۆبوونەوەی گشتیی-سەراسەری تا ساڵی ١٣٩٠ بەڕێوەچوو بەڵام لە ساڵی ٩٠ بەولاوە کە لە شاری کەرەج دەسبەسەر کراین شتێک نەما ناوی کۆبوونەوەی گشتی بێت و لەو کاتە بەولاوە لە کار و چالاکییەکانی کۆمیتەی هەماهەنگی بێ‌خەبەرم.

  • واتە کۆمیتەی هەماهەنگی لەبەریەک‌هەڵوەشایەوە؟

تاکوو ئێستا هەڵوەشانەوەی خۆیان ڕانەگەیاندووە بەڵام بەپێی ئەو پێڕەوە ناوخۆیەی کە پەسەندمان کرد، کۆمیەتی هەماهەنگی نەک ڕێکخراوێکی کرێکاری بەڵکوو بۆ یارمەتی‌دان و زەمینەسازییە بە مەبەستی دامەزراندنی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان دامەزراوە تاکوو بەپێی بڕگەی چوارەمی پێرەوی ناوخۆ بتوانین هەماهەنگی بکەین لە نێوان ڕێکخراوە کرێکارییەکان‌دا. لە بنەڕەت‌دا، ئەمە ستراتێژیی کۆمیتەی هەماهەنگی بوو.

بڕوانن، هۆی پێکهێنانی کۆمیتەی هەماهەنگی پەرەدانی ڕووبەری چالاکییەکان و خەباتی چینی کرێکار بوو لە دەرەوەی خەباتی پیشەیی لە ئاستی ئێران‌دا. تا پێش پێکهێنانی کۆمیتەی هەماهەنگی کۆی چالاکییەکانی ئێمە پیشەیی بوون. بەڵام، پێکهێنانی کۆمیتەی هەماهەنگی یەکەم ئەزموونی دامەزراندنی ناوەندێکی کرێکاریی سەربەخۆ بوو لە ئاستی سەراسەری‌دا.

ئەگەر سەرنج بدەن لە ئێران دوای شۆڕشی٥٧ دامەزراندنی سێ جۆر ڕێکخراو ڕێگەپێدراوە؛ “ئەنجومەنە ئیسلامییەکان”، “شوورا ئیسلامییەکان” و “مەجمەعی نوێنەرانی کرێکاران” و جگە ئەم سێ ڕێکخراوە، کرێکاران مافی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی‌تریان جگە ئەم سێ ڕێکخراوە ڕێگەپێدراوە نییە چونکە نایاساییە. ئەم سێ ڕێکخراوەیش پێڕەوێکی ناوخۆی هەیە لەژێر ناوی “ئەساسنامەی تیپ”دا کە پێش‌تر لە لایەن وەزارەتی کارەوە داڕێژراوە و ناکرێت تێبپەڕێنرێت و مەرجی دامەزراندنی هەموو ڕێکخراوێکیش وەفاداری و ملکەچ‌بوونە بە بڕگەکانی ئەم پێڕەوە ناوخۆیە؛ بە کورتی مارێک کە دانی ژەهرەکەی کێشراوە.

بە داخەوە، کۆمیتەی هەماهەنگی، لەبەر زۆر هۆکار، لەوانە گوشاری دەزگا ئەمنییتەییەکان نەیتوانی ئەم ئامانج و پێویستییە وەدی‌بهێنێت. بۆ نموونە، کۆمیتەی هەماهەنگی ٢٦ی‌جۆزەردانی٩١ کەوتەبەر هێرش و پەلاماری هێزە ئەمنییەتییەکان کە لانیکەم ٧٠ کەس و لە کۆبوونەوەیەکی گشتی لە شاری سنە‌دا ٩٣ کەس دەسبەسەر کران کە لە ڕاستی‌دا کاریگەرییەکی هەرە خراپی لەسەر کاروچالاکییەکانی دواتر دانا.

  • بەڕای ئێوە، ئەو باسانەی کە سەبارەت بە دامەزراندنی ڕێکخراوی کرێکاری لە لایەن چالاکوانانی کرێکاری یان ئەگەری پێکهێنانی ناوەندێکی سەراسەری بە دەستی کرێکاران خۆیان هاتنە ئاراوە، تا چ ڕادەیەک ناکۆکییەکان و دابڕانەکانی لەناو چالاکوانانی کرێکاری و چینی کرێکاردا قووڵ‌تر کردەوە؟

بڕوانن، ئەگەر گریمانەکە ئەوە بێت کە ڕێکخراوی سەراسەری لە لایەن چالاکوانانی کرێکارییەوە دابمەزرێت کەواتە پێویستە ئێمە ڕاگەیاندێک ڕوو لە چالاکوانانی کرێکاری بڵاوبکەینەوە و پاکیان لەم ڕێکخراوەدا ڕیک‌بخەین. بەڵام ئەگەر ئەم ڕێکخراوە لەناو کرێکاران و بە دەستی خۆیان دابمەزرێت کەواتە کاری ئێوە چالاکییە لە قووڵایی کۆمەڵگا و لەناو چینی کرێکار خۆی‌دا؛ بە جۆرێک کە کرێکاران بێنە نێو ڕیزی ڕاستەقینەی خۆیانەوە. من بۆخۆم سەر بە ڕوانگەی دووهەمم نەک بەتەنیا پشت‌بەستن بە چالاکوانانی کرێکاری و هەندێک‌جاریش ڕۆشنبیران.

بەم پێیە، لە ساڵی ١٣٨٩وە وەک خۆم بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سەراسەری لە ئاستی ئێران‌دا تەبلیغم کردووە. کۆمەڵێک کۆبوونەوەی سەرەتایی فراوانمان لە هەندێک لە شارەکانی ئێران، لەوانە سەقز، سنە و تەبرێز بەرێوە بردووە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئێمە جگە لە دامەرزاندنی ڕێکخراو لەناو پیشەکان‌دا، هەم ڕاوێژی فەنی-حقووقیمان بە رێکخراوە کرێکارییەکان دەدا و هەم بۆ چارەسەری کێشەکان و لەمپەرەکانیان ڕێنوێنمان دەکردن. بەڵام جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەم کە هێشتا لەم ناوەدا بۆشایەک لە ئارادایە؛ ئەم ڕێكخراوانە هیچیان سەراسەری نین، ئەمە چەقی سەرەکیی کێشەکان و لاوازیی بنەڕەتیی بزووتنەوەی کرێکارییە لە ئێران‌دا. لە وڵاتێک‌دا کە پێکهێنانی ڕێکخراوێکی سەربەخۆ ئازاد نەبێت ئەم بۆشاییە چۆن پڕ دەکرێتەوە؟ ئایا دەبێت کرێکاران دروشمی سەرکەوتنی خوێن بەسەر شمشێر بەرز بکەنەوە؟

زۆربەی چالاکوانانی کرێکاری پێکهێنانی ڕێکخراوێکی سەراسەری لە ئێران گرێ دەدەن بە نائامادەیی چینی کرێکارەوە و دەستەیەکی‌تریش مەرجی دامەزراندنەکەی بە ئامادەبوونی چالاکوانانی ناسراوی کرێکاری دەزانن.

بە ڕای ئێوە ئەگەر لە رێکخراوێکی کرێکاریی سەراسەری‌دا کەسێک، بۆ نموونە مەحموود ساڵحی، ئەندامی نەبێت نابێ دابمەزرێت؟ لە ڕاستی‌دا قسەکە لەسەر پێویستیی پێکهێنانی ڕێکخراوێکی سەراسەریی سەربەخۆیە؛ تەنانەت بەبێ بەشداریی چالاکوانانی ناسراوی کرێکاری لە ئاستی ئێران‌دا، چونکە پێویستیی حاشاگەڵنەگری ئەڕۆی کرێکارانە. ئەگەر لە مانگی بەفرانباری٩٦ و خەزەڵوەری٩٨دا ڕێکخراوێکی سەراسەریی سەربەخۆی کرێکارانی ئێران هەبوایە، بێ‌گومان توانست و وزە شاراوەکانی ئەم بزووتنەوە بەرحەقە کۆمەڵایەتییە هەبا نەدەبوو. باشە بزانن، کە هەر ئەوکات هەوڵێکی زۆرمان‌دا کە ئەم ڕێکخراوە، ئەم توانستە نوێیە، ئەم زەرفە مێژووییە یەک‌گرتووە سەراسەرییە پێکبهێنین بۆ ئەوەی لە کاتی سەرهەدانەوەی دووبارەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان‌دا دەوری شایستە و مێژوویی خۆی بگێڕێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *