کرێکارانی نانواخانە و فڕنەکانی نان لە کوردستان ناڕازیی دەردەبڕن

کرێکارانی نانەواخانە

کرێکارانی نانواخانە و فڕنەکانی نان لە کوردستان ناڕازین بەرامبەر بەو بڕە موچەیەی وەریدەگرن و دەڵێن موچەی ڕۆژانەیان بەشی کڕینی مریشکێکیش ناکات.

ئەو کرێکارانە بە پێشکەوتنی پیشەسازیی فڕنی نان لەو مەترسییە دان کە کارەکەیان لەدەست بدەن و زیاتر بچنە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

سەرۆکی سەندیکای کرێکارانانی نانواخانەکانی سنە دەڵێت: “زۆربەی فڕنەکان مێکانیزەکراون. واتە کەرەسەیەکی فڕنی نان کاری چەند کرێکار ئەنجام دەدات، ئەوەش وای کردووە کە ژمارەی کرێکارەکان کەم ببێتەوە و رێژەیەکیان کارەکەیان لەدەست بدەن.”

شەهابی لە بەردەوامیدا دەڵێت: “کەس وەڵامدەری بێکاربوونی کرێکارەکان نییە، هەندێک لەو کرێکارانە ٢٠ ساڵ ئەزموونی کارکردنیان هەبووە و لەناکاو بێکاربوون.”

دەشڵێت: “کرێکاری نانواخانە لە بەیانی کەتژمێری پێنجەوە کاردەکات تاوەکو ئێوارە، بەڵام موچەی ڕۆژانەی بەشی کرینی مریشکێکیش ناکات. لەگەڵ ئەوەشدا کەس کێشە و گیر و گرفتەکانی ئەو کرێکارانەی بۆ گرنگ نییە.”

جەمیل شەهابی هەروەها وتوویەتی: “لەسەر فەرمانی دەزگای داد، سەندیکای کرێکارانی نانواخەکانی کوردستان داخراوە و ئێستا لەڕی یاساییەوە چالاکییەکانی قەدەغەکراوە. بەڵام ئێمە بەردەوامین لە بەدوواداچوون بۆ مافی کرێکاران.”

ئاماژەی بەوەش داوە کە بەدوواداچوونی زۆریان کردووە بۆ دووبارەکرانەوەی ئەو سەندیکایە بەڵام هێشتا هەوڵەکانیان نەگەیشتووەتە ئەنجام و هیچ ناوەندێکی حکومیش لەو بارەیەدا خۆی بە بەرپرسیار و وەڵامدەر نازانێت.

لەکۆتاییدا ئاماژەی بە دەستێوەردانی ناوەندە حکومەییەکان لەناو کاروباری سەندیکاکاندا داوە و وتوویەتی کە ئەو ناوەندانە بەبێ هیچ شارەزاییەک تەداخولی کارباری سەندیکاکان دەکەن و ڕێگەنادەن هەڵبژاردنی سەندیکاکان بەڕێوەبچێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *