کێشەی بێ‌ئاوی لە کوردستان؛ دەوڵەت بۆ قەوزە و قوڕاو داوای پارەمان لێ‌دەکات

کێشەی بێ ئاوی لە کوردستان

هاوڕێ یوسفی

سەرچاوە خۆجێییەکان لە شاری بانەی سەر بە پارێزگای کوردستان بە “ئێران‌وایەر” دەڵێن بە درێژایی ساڵی ڕابردوو کێشەی بێ‌ئاوی، ڕۆیشتنی درێژماوە و لێڵ‌بوونی ئاوی خواردنەوە لەم شارەدا ئەوەندە زیادی کردووە کە تینوێتیی زۆربەی دانیشتوانی بانە بۆتە هۆکاری سەرەکیی بازاڕی گەرمی فرۆشیارانی گەڕۆکی کانیاوەکانی گوندەکانی دەوروپشتی ئەم شارە.

خەڵکی شارەکانی سنە و سەقزیش بە هۆی لێڵ‌بوون و بۆنی خراپی ئاوی شارییەوە، پتر لە ساڵ و نیوێکە لە ڕووی ناچارییەوە زۆربەی شەوەکان بە دەبەی خاڵییەوە لە سەرەی دوورودرێژدا چاوەڕوان دەبن تا ئاوی خواردنەوەکەیان لە کانیییەکانی ئەم دوو شارە دابین بکەن.

“ئێران‌وایەر” لەم بارەوە جگە لە سەرچاوە خۆجێییەکان لە شاری بانە، لەگەڵ یەکێک لە فەرمانبەرەکانی “ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی سنە” لە ناوەندی پارێزگای کوردستان‌دا وتووێژی کردووە و لەمەڕ هۆکارەکانی کێشەی بێ‌ئاوی لە شارەکانی سنە، سەقز و بانه پرسیویەتی.

***

“ئەنجومەنی پاژین” (پارێزەرەانی ژینگەی بانە) بە درێژایی حەوتووی ڕابردوو بە ڕێکخستنی کەمپەینێکی ناڕەزایەتی لە ژێر ناوی “بزاوتی دابین‌کردنی ئاوی خواردنەوەی سەقامگیری شاری بانە” و کۆکردنەوەی واژۆی پتر لە ١٠ هەزار هاوڵاتنیی بانەیی لەسەر پارچەی خامی سپی، داوای حەقاوی خۆیان لە هەر سێ بەنداوی “وەیسک”ی سەردەشت، “شەهید کاظمی”ی بۆکان و “چراغ‌وەیس”ی سەقز دەکات.

سەرچاوەیەکی نزیک لەم ناوەندە مەدەنییە کە نەیویست ناوەکەی لەم ڕاپۆرتەدا بهێنرێت، بە ئاماژەدان بە نەبوونی بەڕێوەبەراییەتیی سەرچاوەکانی ئاو لە پارێزگای کوردستان، بە تایبەت پێشل‌کردنی حەقاوی شاری بەنه لە نێو تۆڕی دابەش‌کردنی سەرچاوەکانی لەم پارێزگایەدا بە ئێران‌وایەری وت: “خەڵکی بانە لە شەو و ڕۆژێک‌دا ٢٣ کاتژمێر لە ئاوی شاری بێ‌بەشکراون و بۆ دابین‌کردنی ئاوی خواردنەوە ناچاران یان لە سووپەرمارکێتەکان ئاو مەعدەنی بکڕن یاخود لە ئاوفرۆشە گڕۆکەکان ٢٠ لیتر ئاوی خواردنەوە بە چوار هەزار تمەن بکڕن.”

لە حاڵێک‌دا کە بە گۆتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، خەڵکی بانە جگە لە بەنداوی شەهید کازمیی بۆکان و چراغ‌وەیسی سەقز، لە سەتا ٣٠ی حەقاوەکەی خۆیان لەسەر بەنداوی وەیسکی سەردەشت بێ‌بەش کراون: “دەوری ٢٤٠ دۆنم لە زەوییەکانی بەشی نمشیری بانە وەک بەشێک لە ژێرخانی بەنداوی وەیسک چۆتە ژێر ئاوی ئەم بەنداوەوە.”

ئەو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئاوفرۆشی بە تەنکەڕ بەبێ ڕەچاوکردنی دەستوورە تەندرووستییەکان، بۆتە دیاردەیەکی بەو لە بانەدا و درێژەکێشانیشی بە “مەترسی‌دار” دەزانێت بۆسەر تەندرووستیی جەستەیی هاوڵاتیان: “لە ئێستادا ژمارەیەک لە هاوڵاتیان و تەنانەت هەندێک لە دانیشتوانی گوندەکانی بانه بەبێ چاودێریی ئابفا تەنکەرێکی ناستانداردیان لەسەر سەیارەکانیان دابەستووە و خەرێکی فرۆشتنی ئاوی کانییەکانن و خەڵکی تنیوویش بەبێ ئاگاداریی لە تەندرووستیی ئاوەکە لەبەر ئەوەی چاریان نییە، لەم ئاوە دەکڕن.”

هەروەها زیادی کرد: “ئەگەرچی ئاوی خواردنەوەی بانە لە دوو بەنداوی سەبەتڵوو و بەنداوی عەباساوا (کێلە) دابین دەکرا؛ بەڵام ئەم دوو بەنداوە بە هۆی کەم‌بوونەوەی باران بارین، وشکەساڵی، بەهەڵم‌بوونی ئاو و هەڵکەندنی زیادەی چای ئاو بۆ کشت‌وکاڵ چیتر توانای دابین‌کردنی ئاوی خواردنەوەی خەڵکی بانەی نییە؛ پێ‌دەچێت بەرپرسانی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی بانەیش جگە چاوەڕوانیی باران‌بارین ڕێگە چارەکیان بۆ دەرچوون لەم قەیرانە نەبێت.”

یەکێک لە دانیشتوانی بانە کە بۆخۆی مشتەریی بەردەوامی ئاوفرۆشە گەڕۆکەکانی ئەم شارەیە، بە ئێران‌وایەر دەڵێت: “لە ئێستادا خەڵکی بانە وەک خەڵکی هەرێمی کوردستان ناچارن لەسەر بانی ماڵەکانیان تەنکەری ئاو داببەستن و بۆ دابین‌کردجنی ئاوی خواردنەوە لە ئاوفرۆشە گەڕۆکەکانی شاری بانە تەنکەرێک ئاو بە نرخی ٨٠ تا ١٥٠ هەرزار تمەن بکڕن.”

ئەم شارۆمەندە بانەییە، جگە لە دەربڕینی ناڕەحەتی لە کەمتەرخەمیی ناوەندە دەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێ‌ئاوی لە بانە، ئاماژەی دایە گوشاری ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ئەم شارە بۆ دانەوەی پسوولەی ئاوی هاوڵاتیان: “بە درێژایی ٢٤ کاتژمێر تەنیا یەک یان دوو کاتژمێر ئاوی شارمان هەیە و کاتێکیش شێری ئاوەکە دەکەینەوە تا نیو کاتژمێرر هەر قوڕاو و قەوزەی لێ‌دەڕوات. سەرباری ئەمە، ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆ دەیەوێت پارەی ئەم قوڕاو و قەوزەیە لە خەڵکەکە بستێنێت. بۆخۆم زیاتر لە پێنج مانگیشە سەرەڕای مەسێجی ئاگادارکردنەوەی بڕینی ئاوە شارییەکەمان لە لایەن ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی بانەوە، پسوولەی ئاوکەم نەداوە؛ بەڕای ئێوە دەکرێت بۆ قوڕاو و قەوزە پارە بە دەوڵەت بدەین؟”

یەکێک لە فەرمانبەرەکانی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ناوەندی پارێزگای کوردستان، کە ناوەکەی لای ئیڕان‌وایەر پارێزراوە، لە پێوەندی‌دا بە چارەسەرکردنی کێشەی بێ‌ئاوی لە شاری بانه وتی: “کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردانی ئەم ساڵ، ئیدارەی ناوەندیی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای کوردستان بە ناردنی بڕیارنامەیەک بۆ سەرۆکایەتیی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی شاری سەقز داوای لێ‌کردن ڕێ‌وشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ جێبەجێ‌کردنی بەرنامەی لوولەدانان و گواستنەوەی ئاوی خواردنەوە لە بەنداوی چراغ‌وەیسی سەقزەوە بۆ بانە. بەڵام وادیارە بە هۆی کەم‌بوونی سەرچاوەی دارایی و تێچووە قورسەکەیەوە، ئەم پڕۆژەیە لە ئێستادا هەڵپەسێردرابێت.”

ئەم سەرچاوە ئاگادارە، دەربارەی بۆنی ناخۆشی ئاوی خواردنەوەی سنە و سەقز و ڕووکردنی زۆربەی هاوڵاتیان بۆ ئاوی کانیاوەکانی دەوروبەری ئەم دوو شارە، پێیوایە کە هاوتەریب لەگەڵ وشکەساڵی، کەم‌بوونەوەی باران بارین، کۆن‌بوونی تۆڕی گەیاندنی ئاو و نوقسانی جیدیی هێڵەکانی گواستنەوەی ئاوی شاری بە هۆکارەکانی بۆنی ناخۆشی ئاوی خواردنەوەی ئەم شارانە دەزانێت.

بە گوتەی ئەو، لانیکەم نیو سەدە بەسەر تەمەنی تۆڕەکانی گەیاندنی ئاوی شاریی زۆربەی گەڕەکە کۆنەکانی سنە و سەقزدا تێدەپەڕێت: “بەم پێیە، زۆر سرووشتییە کە ئاوی خواردنەوەی شاری بۆنی قەوزە و لەجەن بدات؛ چونکە لەمێژە زۆربەی هێڵە سەرەکییەکانی گەیاندنی ئاو و تۆڕەکانی ئاوی شاری لەم شارانەدا کۆالیتی و کارامەیی خۆیان لە دەست داوە.”

ئەم سەرچاوە ئاگادارە بە ئاماژەکردن بە تەقینی بەردەوامی شالوولەکان و تۆڕە سەرەکییەکانی دابەش‌کردنی ئاوی شاری لە زۆربەی گەڕەکە کۆنەکانی شارەکانی ئەم پارێزگایە لەو باوەڕەدایە کە دابەش‌کردنی شارەکان بە ناوچەی جۆراوجۆر بە مەبەستی جیرەبەندیی ئاوی شاری بەپێی گۆڕینی سەرچەشنی بەکارهێنان و ڕێگریکردن لە بەهەدەرچوونی سەرچاوە ئاوییەکان، یەکێکی‌ترە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بۆنی ناخۆشی ئاوی خواردنەوەی سەقز و سنە؛ ئەو دەڵێت: “کاتێک ئاوی خواردنەوەی گەڕەکێکی تایبەت بەردەدرێتەوە، تەوژم و تەکانی ئاوەکە هێندە زۆرە کە جگە لە هەڵکەندنی ڕسووب، لەجەن و قەزەی نێو تۆڕەکانی گەیاندنی ئاوی شاری، زۆربەی تۆڕە سەرەکییەکان لەم گەڕەکە تایبەتەدا زیانیان بەردەکەوێت و دەتەقێن. لە حاڵێک‌دا کە ئاوی خواردنەوەی شاری بەبێ تاقی‌کردنەوەی کۆلیتی، دەبی، لێڵی و سەختی ئاو و هتد لە پاڵاوگەکانی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ناوەندی پارێزگاکە، هیچ کاتێک لە شارەکان‌دا بەر نادرێنەوە. بۆ نموونە، ئاوی خواردنەوەی سەرچاوەکان و پاڵاوگەکانی شارەکانی سەر بە پارێزگای کوردستان، دوو حەوتوو جارێک لە ناوەندی پارێزگاکەدا تاقی‌ دەکرێنەوە و پاش دڵنیابوونەوە لە تەندرووستییەکەی ئیزبی بەردانەوەی دەدرێت.”

ئەم فەرمانبەرەی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی سنە لە وڵامی ئەم پرسیارەدا کە بۆچی سەرباری پاڵاوتنی ئاوی خواردنەوە خەڵکی ئەم شارە ئاوی خواردنەوەکەیان لە کانیاوەکانی ناو و دەرەوەی شاری سنە دابین دەکەن، بە ئێران‌وایەری وت: “بەکار‌هێنانی ئاوی کانیاوەکان بۆ خواردنەوە و چێشتلێنان تازە نییە. لە لایەکی‌ترەوە، خەڵکی سنە پێیان وایە کە ئاوی شاری بە هۆی بۆنە ناخۆشەکەی ئالوودە و پیسە. هەر ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی ژمارەیەک لە هاوڵاتیان بۆ خواردنەوە ئاو مەعدەنی و ئاوی کانیاوەکان بەکار بهێنن یان بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاوی خواردنەوەکەیان بە نرخێکی زۆر دەزگای پاڵاوتنی ئاوی خواردنەوە دەکڕن.”

سەرچاوە ئاگادارەکەی ئێران‌وایەر ئەگەرچی بۆنی ناخۆش‌تری ئاوی سەقز لە چاو سنە پشت‌ڕاست دەکاتەوە، بەڵام بە ڕای ئەو چونکە تۆڕی گەیاندنی ئاوی زۆربەی گەڕەکانی ئەم شارە، لەوانە گەڕەکانی “کەریماوا” (خیابانی موعەلیم)، “چەم‌وەڵی‌خان”، “بلوار”، “بازاڕ” و “خیابانی ساحێلی” کۆن بوون، جگە لە تەقینی بەردەوامی هێڵە سەرەکییەکان، قوڕاو و بۆنی ناخۆشی لەجەن و قەوزەیشی زیاترە. بەڵام هەندێک گەڕەکی وەک “شارەکی ١١ی گوڵان” و “دانشگا” چونکە تۆڕی ئاوی شارییەکەیان تازەیە، کێشەیەکی تایبەتیان نییە.

ئەو لە درێژەی وتووێژەکەدا بە ئاماژەدان بە تێچووی قورسی گۆڕین و تازەکردنەوەی تۆڕی گەیاندنی ئاوی زۆربەی گەڕەکە کۆنەکانی شارەکانی ئەم پارێزگایە، لەوانە سنە، سەقز و بانە وتی: “لە ئێستادا ڕێگەچارەی خێرای بەرپرسانی پێوەندی‌دار بۆ گۆڕینی تۆڕە کۆن و ژەنگاوییەکانی گەیاندنی ئاوی خواردنەوەی شاری لە هەموو پارێزگاکە، پینە و پەڕۆیە نەک تازەکردنەوەیان. چونکە دابین‌کردنی سەرچاوەی دارایی و بڕیاری گۆڕینی هێڵ و تۆڕەکانی ئاوی ئەم سێ شارە لە دەرەوەی دەسەڵاتەکانی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای کوردستانە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *