گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایانی خانەنشینکراو لە کوردستان

مامۆستایانی خانەنشینکراوی کوردستان هاوکات لەگەڵ هەموو مامۆستایانی خانەنشەینکراوی ئێراندا، دوای بانگەواز بۆ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ڕۆژی سێشەمە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٠، لە شارەکانی ئیلام، کرماشان، قوروە و سنە گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان وەڕێخست.
مامۆستایانی خانەنشین لە تاران لە بەرامبەر بینای پەرلەماندا گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی و درووشمەکانیشیان پتر جەختکردنەوە بوو لەسەر وەدینەهاتنی بەڵێنەکانی دەوڵەت و مەجلیس.
مامۆستایانی خانەنشینکراوی شارەکانی کوردستانیش وەک باقیی شارەکانی ئێران لەوانە قەزوین، ئەردەبیل، زەنجان، لاهیجان و شارەکورد بە ئامادەبوونیان لە بەردەم سندووقی خانەنشینکراوان لە شارەکانی خۆیاندا گردبوونەوە.
مامۆستایانی خانەشینکراوی سنە ڕۆژی ڕابردوو لە بەردەم سندووقی خانەنشینکراوانی پارێزگای کوردستاندا گردبوونەوە و بە نووسینی “ئێمە خوازیاریی یەکسانسازیی مووچەی خانەنشینکراوان بەپێی یاسای بەڕیوەبەرایەتیی خزمەتگوزارین” لەسەر پلاکاردەکەیان، کۆمەڵێک دروشمیان بە زمانی فارسی وتەوە: “همسانسازی حقوق حق مسلم ماست” و “بازنشسته میمیرد ذلت نمیپذیرد“.
مامۆستایانی خانەنشینکراوی ئیلام، کرماشان، قوروە و دێولانیش به وتنەوەی درووشمگەلی جۆراوجۆر جگە لە پێداگری لەسەر مافە یاساییەکانی خۆیان داوای ئازادکردنی مامۆستایانی بەندکراویان کرد.
سەرەکیترین خواستی مامۆستایانی خەنەشینکراو، “یەکسانسازیی مووچەی خانەنشینکراوان بەپێی یاسای بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی نیشتمانی”، “پلەبەندیی مامۆستایان و شاغڵان بە لانیکەم لە سەتا ٨٠ی مووچەی دەستەی زانستی زانکۆکان”ە. مامۆستایانی شاغڵ و خانەنشینکراو هەروەها پێداگرییان لەسەر “پەرەوەردەی بەکوالیتی و بێبەرامبەر بۆ هەموو قوتابیان” کردەوە.
لە بڕیارنامەی کۆتایی گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی سێشەمە ٧ی بەرفرانباری ١٤٠٠ی خانەنشینکراواندا، یەکێتیی نێوان شاغڵەکان و خانەنشینکراوەکان وەک خاڵێکی سەرکەوتن هەڵسەنگێندرا و بە جەخت کردنەوە لەسەر پیادەکردنی یەکجاریی یەکسانسازی، زیادکردنی مووچەکان، بەهرەمەندبوون لە بیمەی کارامە، پەرەپێدانی پڕۆژەی یاسای پلەبەندیی مامۆستایانی شاغڵ بۆ مامۆستایانی خانەنشینکراو، هاتووە: “ئەگەر خواست و داواکارییەکانمان لەوانە پەسەندنەکردنی پڕۆژە یاسای یەکسانسازی و پیادەنەکردنی یەکجاریی یاسای بەڕێوەبەرێتیی خزمەتگوزاریی نیشتمانی جێبەجێ نەکرێت ئەوا مافی ناڕەزایەتی دەربڕین بەپێی ئەسڵی ٢٧ی یاسای بنەڕەتی ڕەچاو دەکەین و داوا لە هەموو خانەنشینکراوان دەکەین پەیوەست ببن بە ناڕەزایەتییە ڕاستەقینەکانمانەوە. [هەروەها] ئەو هەل پەرەستانەی بە ناوی وتووێژ و ڕێکەوتنەوە دەستیان بە جووڵە کردووە، بە بەشێک لە خۆمان نازانین.”
ئامادەیی ڕێکخراو و هاودەنگیی خانەنشینکراوان لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا. لە بڕیارنامەی کۆتایی گردبوونەوەی سەراسەریی ٧ی بەرفرانباریدا، خانەنشینکراوان نۆ خواست و داخوازییان ڕاگەیاند:
١- جێبەجێکردنی یەکجاریی یاسای یەکسانسازی لە یەکی مانگی ڕەزبەرتی ١٤٠٠.
٢- پڕۆژە یاسای پلەبەندی مامۆستایانی شاغڵ بەپێ یاسا دەبێت خانەنشینکراوەکانیش بگرێتەوە.
٣- جێبەجێکردنی مادەی ٤٦ی یاسای بەڕێوەبەرێتیی خزمەتگوزاریی نیشتمانی بۆ خانەنشینکراوان.
٤- جێبەجێکردنی مادەی ٣٠ی یاسای بەرنامەی شەشەمی پەرەسەندن لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٠ بۆ زیادکردنی [مووچە] وەک شاغڵەکان.
٥- ئێمە پشتیوانی لە زیادکردنی مووچەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لەوانە کرێکاران و زەحمەتکێشان بە سەرەوەی هێڵی هەژاری دەکەین و ژیانی سەربەرزانە بە مافی هەموو کەسێکی دەزانین و دژی ئەو هەڵە شیکاری و ناکارناسانەین کە زیادکردنی مووچەی خانەنشینکراوان و مامۆستایانی بە هۆکاری هەڵکشانی هەڵئاوسان دەزانن.
٦- دەستلەکارکێشانەوەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندەکانی خانەنەشنینکراوان کە هیچ پشتیوانیەک لە مافە یاساییەکانی خانەنشینکراوان ناکەن بۆ ئەوەی خانەنشینکراوان لە ناو خۆیاندا کەسانی سەربەست و بەڵێندەر هەڵبژێرن.
٧- دابینکردنی بیمەی تەواوەتی و کارامە بۆ خانەنشینکراوان و کورتکردنەوەی دەستی ڕانتخۆرەکان چونکە بیمەی “ئاتییەسازان” بۆتە شوێنێک بۆ ڕانتخۆریی ژمارەیەک ڕانتخۆر.
٨- جێبەجێکردنی بڕگەی ٩ی یاسای بنەڕەتی بۆ لابردنی هەڵاواردن و پێدانی دادپەرەرانەی مووچە، بۆ سەرجەم موچەخۆرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان بە تایبەت خانەنشینکراوان و خۆشگوزەرانی و بەختەوەریی بۆ هەموو ئێرانیەک.
٩- ئازادیی بێقەید و شەرتی مامۆستایانی بەندکراو و چالاکانی پیشەیی کرێکاران.