یادێک لە کلارا زەتکین پێشەنگ و گەورە خەباتکاری مافی ژنان

کلارا زەتکین
بەها رەحمانی. ٧ی مارسی ٢٠٢١

بە بۆنەی هەشتی مارس رۆژی جیهانی ژن

ویستم بە بۆنەی ٨ی مارس شتێک بنووسم. بەڵام دیتم کە زۆر شت لەسەر رۆژی جیهانی ژن نووسراوە بەڵام کەمتر لە سەر ئەو کەسەی کە خاوەن بیرۆکەی رۆژی جیهانی ژنە نووسراوە. بۆیە بە پێویستم زانی زۆر بە کورتی و وەک رۆژمێرێک، لە سەر ژیانی کلارا زەتکین، پێشەنگی خەبات بۆ مافی ژنان بنووسم.

ساڵی ١٩١٠ لە لایەن ئەنترناسیۆنالی دووهەم و بە پێشنیاری کلارا زەتکین، رۆژی ٨ی مارس بە رۆژی جیهانی ژن ناسێندرا.

کلارا یۆسفین زەتکین (ئایزنەر، ناوی کچێنی) لە ٥ی جۆلای ١٨٥٧ لە دێی “ویدەرلاو” لە باشوری شاری “لایپزیش” لە “زاکسن” (بەشێک لە ئەڵمانی ئێستا) لە دایک بوو.کلارا کچی مامۆستای دێکەیان بوو. لە ساڵی ١٨٧٠ بنەماڵەکەیان کۆچیان کردە شاری لایپزیش و کلارا لە زانکۆی لایپزیش لە بەشی پەروەردە و پێداگۆگی خوێندی باڵای تەواو کرد و بوو بە مامۆستا. هەر لە زانکۆدا بۆ بە یەکێک لە خوێندکارە چەپ و رادیکاڵەکان و لە ساڵی ١٨٧٨ بوو بە ئەندامی پارتی سۆشیالیستی کرێکاران (ئێس ئا پێ).

لە هەمان ساڵدا واتە ساڵی ١٨٧٨ و لە کاتی دەسەڵاتی “بیسمارک”،  یاسای دژ بە سوشیالیستەکان هاتە ئاراوەو ئەم یاسایە لە ئەڵمانیا سەپێندرا. بە پێی ئەم یاسایە هەر چەشنە کۆبوونەوەیەکی سوشیالیستەکانی لەو وڵاتە قەدەغە کرا و هەرجۆرە تێکۆشانێکی رێکخراوە کرێکارییەکان بە نایاسایی ناسانێدرا. لە ئەنجامدا دەیان رۆژنامە و گۆڤار لەو وڵاتە داخران. هەر بە پشت بەستن بەم یاسایە هاوژینەکەی زەتکین، واتە ئۆسیپ زەتکین کە سوشیالیستێکی بە بنەچە ئۆکرانیایی بوو، دەسگیرکرا و دواتر لە ئاڵمان دەرکرا.

زەتکین و هاوژینەکەی کۆچیان کرد بۆ فەرانسا و لە پاریس نیشتەجێ بوون. ئەوان لە باریکادەکانی کۆمۆنی پاریس بەشدارییان کرد. ساڵی ١٨٨٩ کلارا زەتکین کە خۆی یەکێک لە رێکخەران و بەشداربووانی ئەنترناسیۆنالی دووهەم لە پاریس بوو، وتەیەکی لەسەر مافی ژنان و رۆلی ئەوان لە بزوتنەوەی سوشیالیستی و لەسەر پێشنیاری “فرێدریش ئێنگێڵس” و “ئاگۆست بێبێل” پێشکەش کرد.

کلارا زەتکین دواتر و بە دوای هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی “بیسمارک”، گەڕایەوە ئەڵمان و لە شاری شتوتگارد نیشتەجێ بوو.
لەو ماوەیەدا هەوڵێکی زۆری دا کە پرسی ژنان بکاتە پرسێکی سەرەکی هەموو پارتە چەپ و سوشیالیستەکانی ئۆروپا. هەوڵەکانی  ئەو بونە هۆی ئەوەی کە پارتی سۆشیال دێمۆکراتی ئەڵمان (“ئێس پێ دێ) وەک یەکەم پارتی ئەڵمانی لە ساڵی ١٨٩١ خواستی “مافی دەنگدانی ژنان” بخاتە ناو پرۆگرامی خۆیەوە. ئەو لە ساڵی ١٩٠٧ خوازیاری ئەوە بوو کە هەموو پارتە کرێکارییەکانی ئەو سەردەمە، تێکۆشان بۆ مافی دەنگدانی ژنان بکەنە یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی خۆیان.

دواتر کلارا زەتکین لەگەڵ چەند کۆمۆنیستی دیکە لەوانە “رۆزا لۆگزامبۆرگ”، بەرەی چەپی پارتی سۆشیال دێمۆکراتیان پێک هێنا و دواتر “پارتی سەربەخۆی سۆشیال دێمۆکراتی ئەڵمان” یان دروست کرد و رێبەری راست و ریفۆرمخواز (بەتایبەت ئێدوارد بەرنشتاین) دایە بەر رەخنەی توند. ئەم رەخنانە و دووبەریکییە هەتا ئەهات قوڵتر ئەبووەوە بەتایبەت لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانی لە ساڵی ١٩١٤. لەم شەڕەدا رێبەری پارتی سۆشیال دێمۆکراتی ئەڵمان پاڵپشتی دەوڵەتی ئەوکاتەی ئەڵمانی کرد، بەڵام زەتکین و هاوڕێیەکانی دژ بەم شەڕە بوون و بە شەڕی کرێکار و چینی نەداری ئەڵمانیان نەئەزانی.
کلارا زەتکین دواتر پەیوەندی کرد بە گروپی “سپارتاکیستەکان” کە لەلایەن “رۆزا لۆگزامبۆرگ و “کارل لیبکنێخت” ەوە دامەزرا بوو.

بەدوای کۆتاییهاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی لە ساڵی ١٩١٨، ئەڵمان بە دەورێکی زۆر ناسەقامگیردا تێپەڕبوو. زۆر رووداوی گەورە لە ئەڵمان روویان دا. “ویلهێلم ی دووهەم” کورسی دەسەڵاتی جێهێشت و کۆماری “وایمار” بونیاد نرا. دواتریش شۆڕشی سپارتاکیستەکان لە بەرلین لە سەرتای ژانویەی ١٩١٩ بە رێبەری “کارڵ لیبکنێخت” و “رۆزا لۆگزامبۆرگ” شکستی هێنا و ئەم دوو رێبەرە مەزنە لە لایەن سەربازانی ژێر فەرمانی سۆشیال دێمۆکراتەکان تیرباران کران.

زەتکین و هاوڕێ سپارتاکیستەکانی ئەو، پارتی کۆمۆنیستی ئەڵمانیان لە ژانویەی ١٩١٩ دامەزراند. زەتکین لە ساڵی ١٩٢٠ تا وەرگرتنی دەسەڵات لە لایەن هیتلێر لە ساڵی ١٩٣٣، نوێنەرایەتی پارتەکەی خۆی لە پەرلمانی ئەڵمان ئەکرد.
زەتکین لە ساڵی ١٩٢١ بوو بە ئەندامی دەستەی بەرێوەبەرایەتی کۆمینتەرن واتە ئەنترناسیۆنالی سێهەم و هەتا دواساتەکانی ژیانی لەم پۆستە مایەوە. بەدوای گرتنی دەسەڵات لەلایەن نازیەکانەوە لە ئەڵمان لە ساڵی ١٩٣٣، زەتکین ناچار بوو ئەڵمان بەجێ بهێڵێت و کۆچ بکاتە سۆڤیەت و هەرلەو ساڵەشدا لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا لە موسکۆ کۆچی دوایی کرد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *